دیدی ئایندە:
دەربازکردنی پڕۆسەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە قەیرانەکان بە ویست و ئیرادەی گەل دەبێت، ویست و ئیرادەی گەلیش لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەرجەستە دبێت کە بە هۆیەوە ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان دێتەدی.
پەیام:
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پێناو ئێوە دا بڕیاری بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان دەدات.
ئامانجەکان
یەکەم:
حوکمی رەشیدو دیموکراتیانە مسۆگەرکردنی پاراستنی مافەکان و ئازادییە بنەڕەتیەکانی سەرجەم هاوڵاتیان.
دووەم:
پاراستنی ماف و دەسکەوتە دەستوریەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا.
سێیەم: مسۆگەرکردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتی و کۆمەڵگە و و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی ووڵات.
چوارەم: بنیادنانی ئابووری وڵات بە ئابووریەکی فرە دەرامەت و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و هاوڵاتی بەرهەمێنەر و شەفافکردنی بەرهەمێنان و داهاتی نەوت و گاز.
پێنجەم: بەشدارکردنی کارای ئافرەت و لاوان لە ژیانی سیاسی و گشتی دا.
هەنگاوەکانی گەیشتن بە ئامانجەکان
هۆکارو رێگاکانی بەرجەستەکردنی ئەم ئامانجانە لە رێگای پەرۆشی خوشک و برا دەنگدەرەکانەوە بە مەبەستی جێگیرکردنی بنەماکانی دیموکراسی و حوکمی رەشید لە لایەک و کاراکردنی ڕەوتی گەشەپێدان لە لایەکی ترەوە. بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ئامانجانە بێگومان پاڵێوراوانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کار دەکەن لە سەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەیان لە ڕێگای ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:
یەکەم: حوکمی رەشیدو دیموکراسی دروست و بەهێزو مسۆگەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکان بۆ گشت هاوڵاتیان:
1- کاراکردنی رۆڵی بێلایەنانەی دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن، چەسپاندنی سەروەری یاساو پاراستنی سەرجەم مافە یاساییەکانی هاووڵاتیان بە دادپەروەری و یەکسانی.
2- چەسپاندنی نەهجی دیموکراسی کە لەسەر فرەیی سیاسی وەستاوە، هەروەها جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و کێبڕکێ لەسەر چاککردنی گوزەران و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.
3- رێزگرتن و پشتگیری مەبدەئی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە هەموو لایەنەکانی کاری حکومەتی و تایبەت.
4- کاراکردنی یاسای بنەبڕکردنی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانیەوە، پشتگیری سەربەخۆیی دامودەزگا کانی چاودێری و نەزاهەت، بۆ ئەوەی ئاستێک بۆ بە هەدەردانی دەرامەتی دەوڵەت دابنرێت، پاشان دابەشکردنی ئەو دەرامەتە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا.
5- پشتگیری سەربەخۆیی دادگاکان لە ڕێگای جەختکردنەوە لە سەر مەبدەئی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
6- کاراکردنی رۆڵی دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاو یەکێتییە پیشەییەکان.
7- پشتگیری و هاوکاری و سەربەخۆیی ماددی و مەعنەوی ڕاگەیاندنی ئازاد.
دووەم: پاراستنی ماف و دەسکەوتە دەستوریەکانی گەلی کوردستان:-
1- رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی اتحادی لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق دا.
2- دیاریکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ دابەشکردنی سامان و دەسەڵاتە ئیتیحادیەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەنێوان هەرێم و ناوەند دا.
3- جێبەجێکردنی ماددەی 140 و بەرێوەبردنی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی هاوبەشی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەدا.
سێیەم/ مسوگەرکردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتی و کۆمەڵگە و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی وڵات:
1-کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتەوایی نیشتیمانی و کۆتایی هێنان بە تیرۆر و توندوتیژی و گەرانەوەی ئارامی بۆ سەرتاسەری عێراق.
2- سرینەوەی ئاسەواری کلتۆری دیکتاتۆریەت و بڵاوکردنوەی هزری میانڕەوی و پێکەوە ژیان و رەتکردنەوەی باڵادەستی نەتەوەیی یان مەزهەبی و تایفی و هەموو شێوازەکانی تاکرەویی لە دەسەڵات.
3- کارکردنی جددی بۆ گەرانەوەی ئاوارە و درکراوەکان و ئاوەدانکردنەوەی وێرانکاریەکانی شەری داعش...
4- خاوێن راگرتنی ژینگەی سرۆشتی وڵات و پاکردنەوەی لە ئاسەوارەکانی چەکە زیان بەخشەکان و هۆکارەکانی تری پیسبوونی ژینگە
چوارەم: بنیادنانی ئابووری ولات بە ئابووریەکی فرە دەرامەت و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و هاوڵاتیەکی بەرهەمهێن هەست بە خۆشگوزەرانی و ژیانێکی سەربەرزانە دەکرێت:
1- هەمەجۆری چالاکییە ئابوریەکان لە پێناو کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت و رەخساندنی خۆشگوزەرانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گونجاو بۆ هاوڵاتیان.
2- بەهێزکردن و کاراکردنی سیستەم و دەزگاکانی کارکردن لە بواری سەروەری یاساو لێپرسینەوەو شەفافیەت لە پێناو گرەنتی کاری باش و چۆنیەتی بەرهەم و خزمەتی پێشکەشکراو بە هاوڵاتیان هەروەها روبەروبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانیەوە.
3- فراوانکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت لە ئابوری نیشتمانی و بەرەو پێشبردنی کاری ئەو دەزگایانەی نوێنەرایەتی دەکەن، لەگەڵ پارێزگاری رۆڵی پلانرێژی و چاودێری و هەڵسەنگاندنی حکومەت لە بەرێوەبردنی ئابووریەکدا کە پلە بە پلە کار بۆکۆمەڵگەیەکی ئارام و دیموکراسی دەکات.
4- پەیڕەوکردنی سیاسەتی لامەرکەزی لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و دەسەڵاتدا، هەروەها کاراکردنی رۆڵی دەسەڵاتی پلاندانان و جێبەجێَکردن و چاودێری و هەلسەنگاندن لە نێوان ناوەندو هەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا، بە شێوەیەک دوور بێت لە دژایەتی جۆراو جۆرو رێگر لە بەردەم رەوتی خێرای گەشەپێدان و بەرەوپێشچووندا.
5- چاکسازی سیستمی بانکی و داڕشتنەوەی پەیکەرەکەی و پەرەپێدانی توانای ئەو کارمەندانەی لە بانکە گشتی و تایبەتیەکاندا کار دەکەن.
6- بەستنەوەی بڕی تەرخانکراو بۆ گشەپێدانی پارێزگاکان لەگەڵ ڕێژەی دانیشتوان و رادەی بێبەش بوون و زەرەرمەندبون پێداویستیە سەرەتاییەکان لە پارێزگاکاندا بۆ دابەشکردنێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانەی داهاتی دەوڵەت.
7- ئاسانکردنی دەرفەت لە بەردەم وەبەرهێنانی بیانی و ناخۆییدا.
8- کاراکردنی سیسەتم و یاساکانی پاراستنی بەکاربەر و کێبرکرێ، بە شێوەیەک مافی بەکاربەر لە یاری پێکردن و گزیکاری بازرگانی پارێزراو بێت.
9- باشترکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و شەفافکردنی داهاتەکانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی ئابوری وڵات و باشترکردنی گۆزەرانی هاوڵاتیان.
10- دامەزراندنی تۆڕی بۆری گاز بۆ شارەکان، بۆ بەکارهێنانی لە کاروباری ناو ماڵدالەسەرتاسەری عێراقدا.
پێنجەم: کاراکردنی رۆڵی ئافرەتان و لاوان لە ژیانی گشتی و سیاسی دا:
1- هۆشیارکردنەوە و پشتگیریکردنی ئافرتان و لاوان بۆ بەشداریکردنی کارا لە کاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دا و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆیان.
2- کارکردن بۆ نەهێشتنی دابو نەریتە کومەڵایەتیە نەخوازراوەکان کە دژی ماف و ئازادیەکانی ئافرەت دەوەستن.
3-کارکردن بۆ قەدەغەکردنی هەمو شێوازەکانی تۆندوتیژی و جیاکاری دژ بە ئافرەت.
4-بایەخدان بە پەروەردە و رۆشنبیری لاوان و پاراستنیان لە لادان و و مادە هۆشبەرەکان.
5- پشتگیرکردن و بەهێزکردنی رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوان و قوتابیان.
میکانیزم و ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکان
1. خەباتی سیاسی و پەرلەمانی و دبلوماسی.
2. جێبەجێکردنی دەستور.
3. فشاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
4. بەکارهێنانی کارای میدیا.
5. هەرهەنگاوێکی تری مەدەنی و دیمۆکراتیانە (مانگرتن، خۆپیشاندان,گردبۆنەوە...هتد).
سەرچاوە: ماڵپەڕی کوردیو- 15-04-2018
|
📷 فایلی وێنە |
1.0.1 | 165 KB |
| |
Apr 20 2018 2:33PM | سەریاس ئەحمەد |