فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی شەقامی کوردستان بەگشتی و #سلێمانی# بە تایبەتی، لە شاری بەغدا کۆبوەوە و ئەم چەند خاڵەی خوارەوەی ڕاگەیاند:
یەک: پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین و خۆپيشاندانی مەدەنی بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی توڕە و بەشخوراوی کوردستان دەزانین بەرامبەر بەو هەمو ناحەقی و غەدر و زوڵمەی دەسەڵات لە هەرێمدا دژی خەڵک و موچەخۆران دەیکات.
دوو: وەک فراکسێۆنی گۆڕان هەمو ڕێگا یاسایی و توانا پەرلەمانیەکانمان بۆ پشتیوانیی فەرمانبەرانی هەرێم دەخەینە گەڕ و کار دەکەین بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەی 2021 دا موچەی فەرمانبەران بێلایەن بکەین لەو کێشانەی لە نێوان هەردو دەسەڵاتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە. بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە دژی ناشەفافیەتی دەسەڵاتی هەرێم و خەمساردیی حکومەتی فیدراڵ دەوەستینەوە سەبارەت بە دابیننەکردنی موچەی فەرمانبەران.
سێ: هۆشداریی پێشوەختەی ئێمە بە بریاربەدەستانی گۆڕان بۆ کشانەوەیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکاری هەرێم بێ سود بو، بە پێچەوانەوە دەبینین ئێستا تۆختر ڕو لە پۆست و دەسەڵاتن، لە جیاتیی ڕوکردنە شەقام دڵخۆشن بە هاوڕیزییان لەگەڵ دو حزبە تەقلیدیەکەی دەسەڵات. بەمەش هێندەیتر لە پرەنسیپەکانی گۆڕان و سەرەتا فکرییەکانیی دور دەکەونەوە، چونکە شوینی ڕاستەقینەی گۆڕان ناو خەڵکە نەک پاشکۆیەتیی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو.
چوار: پەنابردن بۆ چارەسەری ئەمنی و پۆلیسی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و لاساییکردنەوەی پارتی لە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی مامۆستا و ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی مەدەنی و داخستنی دەزگای میدیایی، نەک چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو توڕەیی خەڵک زیاتر دەکات.
پێنج: بە دیدی ئێمە ڕەوایەتیی تەواو لای شەقامە و شەرعیەت و مەشروعیەت لای دەنگی خەڵکە، ئەوەی ناوی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمە بەهەمو پێوەرێک شکستی خواردوە، چارەسەر ئەوەیە ئەم کابینەیە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەنجامبدرێت.
بەغدا