$باکووری کوردستان$
- پۆلیسی تورک ڕێگەیان نەدا تەرمی موسا یڵماز کە لە #دەرسیم# شەهید بوو، لە مزگەوت بشووردرێت. لەگەڵ ڕێگریکردنی پۆلیسیش لە شاری #ئامەد# موسا یڵماز لە لایەن سەدان کەسەوە بەخاکسپێردرا.[4]
- لە ناوچەی کەمالیەی سەر بە شاری ئەرزینجان بە گوڕی 4.0 پلەی ڕیختەر بومەلەرزەیەک ڕوویدا. بومەلەرزەکە لە خارپێتیش هەستی پێکراوە.[4]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- لە دوو هەفتەی ڕابردوو، 23 هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون. زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان بە شێوەی گرووپ و بەکۆمەڵ بووە، بەتایبەتی هاووڵاتییانی #بانە#یی و #پیرانشار#ی.[6]
- لە #سەقز# هێزەکانی سەدی مەعبەر لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان، لە پێش گاراژی سەقز هێرشیان کردە سەر دەستفرۆشەکان و لە نێوان دەستفرۆشەکان و هێزە نیزامییەکان شەڕ و دەمەقاڵێ هاتووەتەوە ئاراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە دەستفرۆشی کردووه و هێزەکانی حکوومەت بە بیانووی ئەوەی کە دەتسفرۆشەکان ڕێگەی خەڵکیان گرتووه، بەردەوام هێرش دەکەنە سەریان و کەرەستەی دەستفرۆشەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن.[6]
- بە پێی هەواڵێکی تۆڕی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سنووری پارێزگای #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ لەنێوان هێزێکی کوردی و فەرماندەیی حەمزە سەید شەهیدی سوپای پاسدارانی ئێران ڕوویداوە و سوپای پاسداران هاتووچۆی لە ناوچەکە داخستووە.[4]
$باشووری کوردستان$
- بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی #سلێمانی# ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە دەگوترێ گەشتەکان ئاسایی کراونەتەوە و لەو بارەیەشەوە هیچ ڕێنماییەکمان پێنەگەیشتووە.[1]
- گروپی ئاشتیی لە بارەی دۆخی زینی ئەستێرۆکان زینی #وەرتێ#-وە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، د.فایەق گوڵپی ئەندامی گروپەکە دەڵێت، وەزیری پێشمەرگە دڵنیایی داونەتێ، کە جێگیرکردنی ئەو هێزە کاتییە و نابێتە هۆی دروستبوونی شەڕ، ناشبێتە گۆچانێک بەدەست دوژمنان و داگیرکەرانەوە.[5]
- سەرۆکی ئەنجوومەنی خانەسۆر ڕایدەگەیێنێت، هەر خێزانێکی ئاوارەبووی #شنگال# و دەوروبەری بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بڕی 1000 دۆلار وەردەگرێت.[3]
- کاسبکارانی بازاڕی ئیسکان لە شاری #هەولێر# گردبوونەوە و داوای کردنەوەی دووکانەکانیان کرد و ڕایانگەیاند، چی دیکە ناتوانن لە ماڵەوە بمێنەوە و کرێی دووکانیش بدەن.[5]
- یونادم یوسف کەنا، سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشوری – کلدانی ڕایدەگەیەنێت: لەکۆی 5 پەرلەمانتاری کلدانەکانی پەرلەمانی کوردستان 4 پەرلەمانتاریان نوێنەری پارتین و تەنیا یەک دانەیان بە دەنگی خۆمانە و وتیشی: دەبێت کورسی کۆتاکان لەلایەن دەنگدەری پێکهاتەکانی هەرێمەوە بۆ کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێن، نەک بەدەنگی ئاسایش و پۆلیس بچێتە پەرلەمان، بۆیە کاتێک بەدەنگی ئاشایش و پۆلیس کاندیدەکە دەچێتە پەرلەمان، ئەوکاتە بەقسەی ئه و حزبە دەکات کە گەیاندویەتیە ئه و شوێنە.[1]
- هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: بەربەستەکانی ناو سەنتەری شاری هەولێر هەڵدەگیرێن.[3]
$دەرەوەی کوردستان$
- گوتەبێژی گومرگی ئێران ڕایگەیاند، لە 10 مانگی ڕابردوودا کۆی هەناردەی کاڵای وڵاتەکەی گەیشتووەتە 8.1 ملیۆن تۆن بە قەبارەی 3 ملیار و 768 ملیۆن دۆلار. ئەو گوتەبێژە ڕایگەیاندووە، 31% کۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان بووە، لە تێکڕای عێراق، کە دەکاتە 42% کۆی بەهاکە لە 10 مانگی ڕابردوودا.[2]
- بە پێی ئەو ئامارانەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بڵاویان کردووەتەوە، لە ماوەی 25 کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و 546 کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسی #کۆرۆنا# بوون و هاوکات 50 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەو پێیە بێت بە گشتی لە تورکیا 137 هەزار 115 حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمار کراون و 3 هەزار و 739 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.[4]
- وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، کە لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و 979 پشکنین ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا 76 توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون 41 کەسیش چاکبوونەتەوە و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.[5]