بابەت: یاداشت
نووسین: #غەفور ڕەشید داراغا#
لە دوای کودەتای (#08-02-1963#) بەسەر (عەبدولکەریم قاسم)دا #حیزبی بەعس# دەسەلاتی گرتە دەست وە (عەبدولسەلام محەمەد عارف) بوو بە سەرۆک کۆماری عیراق و (ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر) بوو بە سەرۆک وەزیران.
باری سیاسی عێراق بەرەو خراپی ڕۆیشت وە لە ناو (حیزبی بەعس)دا ترازان ڕوویدا و بوون بە چەند بەشێکەوە , لە (#18-02-1963#) عەبدولسەلام محەمەد عارف فرمانی دەرکردنی بۆ (ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر) دەرکرد و دووری خستەوە لە پۆستی سەرۆک وەزیران وە هەموو دەسەڵاتەکانی خستە ژێر دەستی خۆیەوە , باری نائاسای (قەدەغەی هاتوچۆی) لە سەرجەم پاریزگاکانی عێراق ڕاگەیاند و دەسەڵاتی دابە (لەشکری سەربازی) تا بتوانن نەیارەکانی ناو حیزبی بەعس و خەڵکانی دژ بە حکومەتەکەی لە ناوبەرن.
بە هەمان شێوە لە شاری #سلێمانی#ش وەک شارەکانی تری عێراق حکومەتی عێراقی هەستا بە (قەدەغەی هاتوچۆ) و گرتنی هەموو ئەو کەسا و لایەنانەی کە دژی حکومەتی کودەتای تازەی عێراق بوون.
لە ناو ئەو کەسانەدا کە بە تایبەتی هاتبوون بۆ گرتنی نووسەر (غفور ڕشید داراغا) بوو.
ئەم ڕووداوە لە میژووی شارەکەدا زۆر ترسناک و گەورە بوو, کە لە یەک ڕۆژدا بە هەزاران پیاو و گەنجی شارەکەیان ڕەشبگیرکران و برانە (حامیەی سلێمانی) وە هەر لەوێ بە دەیان کەس گولە باران کران و لەی بە ژێر خاکەوە کران.
ئەوەی بۆ من جێی سەرنجە لەم یادەوریانەی نووسەر (غفور ڕشید داراغا) ئەو وردەکاریانەی کە لەو ڕۆژەدا ڕوویداو و پێنج جار لە دەفتەری یادگاریەکانیدا تۆماری کردوە, ئەو وردەکاریانی ئەو ڕۆژە ئەگێرێتوەوە کە چۆن گیراون , لە چ شوێنێک گیراون , چەند کەس بوون , بارو گوزەرانی ڕۆژانەی گیراوەکان چۆن بووە , مامەڵەی سەربازەکان لەگەل گرتوەکاندا چۆن بووە , باری دەروونی خەڵکی شارەکە لە ژێر چ فشاری سەربازەکاندا وە بە تایبەت نووسەر خۆی چ هەستێکی دەروونی هەبووە لەو کاتەدا وەک گیراوێک.
دەقی یادەوەریەکانی گرتووخانەی حامیە ناو (تەویلەخانە)کە
لە نووسینی : غەفور ڕەشید داراغا
لە زاری خۆیەوە:
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی #09-06-1967#
لە سەعات (3) بەیانیەوە (#09-06-1963#) تەقە دەستی پێکرد , شار کڵپەی کرد , ئاگر باران بوو , مەرگ دەرگای بە هەموو کەسێک گرتبوو.
تاوان , گوناء , دەست درێژی , خراپە کردن , باڵی ڕەشی بە سەر خەڵک دا کێشا بوو. 09-06-1963 ڕۆژی ڕەش , ڕۆژی ترس و ڕۆژی قەلاچۆکردن.
ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی #09-06-1968#
ئەمڕۆ ڕۆژی یادی پێنج هەمین ساڵەی کوشتارەکەی سلێمانیە کە جانەوەرە دڕندە لە ڕێ دەرچووەکان پێی هەڵات , ئەم کاتەی کەئەم چەند دێڕەی تیا دەنووسم , لەو شەوەدا نۆ لەسەر دەی مانگی شەشی ساڵی هەزار و نۆسەد و شەست و سێ (09 - 10- 06-1963) لە تەویلەی نمرە یەک دابووم.
وەک مەڕوماڵاتی تاڵانی تێک خزێنرابووین , بێ خواردن و خواردنەوە , بێ پێخەف لەسەر یەک و تەرسەکەی ئێسترەکان گۆشت لەسەر گۆشت تێ خزابووین , لە هەموو لایەکەوە گرمە و زرمەی شەستتیر و تۆپ و تفەنگ و کلاشینکۆف و سیمینۆف ئەهات , کەس خەو لە چاوی نەئەکەوت , ترس و تۆقین باڵی بەسەر هەموو کەسێکدا کێشابوو جگە لە تاق و ڵۆقێکی سەرسەخت ,
لە مانە یەکێکیان من بووم کە بە هیچ جۆرێک لە هیچ نەئەترسام , مردن بەلامەوە وەک ئاو خواردنەوە ئاسانتر و ڕەوانتر بوو.
ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی #09-06-1970#
یادی ڕۆژی 09-06-1970 بوو کە لەو ڕۆژەدا , دوژمنی سەرسەخت ئەیویست کورد نەهێلێت، خاکی کوردستان بە گوولەو بۆمبا بسوتێنێ.
بەڵام بێ گومان نەک دوژمنی (1963) بەڵکو هەموو دوژمنەکانی کوردستان خەیاڵیان خاوە , سەریان دا لە بەرد نەتەوەی کورد هەر ئەمێنێ و کوردستان هەر جێنشینی کورد ئەبێ , هەر ئەگاتە ئاوات...
لەم کاتەدا کە ئەمە ئەنووسم , سات (9.5) پاش نیوەڕۆ حەوت ساڵ پێش بەند بووم لە تەویلەی ژمارە یەک (1) دا.
بە هۆی (9) حزیرانەوە تەنیا , بڕێک دروشم هەڵواسرابوو وە بەیانی ئافرەتان چوونە گردی شەهیدان , ئیوارەش پیاوان.
لە سەعات (1,15) سەربازەکان منیان خزاندە تەویلەکەوە , کە چوومە ژورەوە , دیم ئەو تەویلەیە , کەهی ئێسترەکانی سوپا بوو , عەردەکەی بستێک پەین کۆن و تازەی تیا بوو , ئەو تەویلەیە ڕووبەرەکەی نزیکەی (350) متر چوارگۆشە بوو , لەم بەر و ئەو بەری نزیکەی (30) ئاخووڕی تیا بوو، یانی ئەو شوێنە جێگەی (30) وڵاخ بوو.
بەڵام ژمارەمان لە ئێوارەیەکی درەنگ دا و گەیشتی (780) کەس، کە لاشە لەسەر لاشە بوو، لە هەموو لایەکەوە قرمەی شەستتیر و گرمەی تۆپ و دەنگی کلاشینکۆف و سمیتۆف و دۆشکە ئەهات وات ئەزانی کە ئاگر ئەبارێ بە سەر شاردا.
بەڵێ ئەو شەوە , کەس خەوی لێ نەکەوت لە ترسا , بە تایبەتی کە ئە بیسترا , خەڵکیان ئەبردە دؤڵی مەرگەوە (وادی الموت) وە لەوێ سەر نگوون ئەکرا.
بەڵام من بە ئاگاداری و شایەتی زۆر کەس , کە مردن و ژیانم بەلاوە یەک بوو , و سلم لە هیچ شتێک نەئەکردەوە.
بەڵێ لەو شوێنەدا سێ ڕۆژ لە سەر یەک بێ خواردن ماینەوە , نرخی سەموون کە ئەسکەرەکان ئەیان فرۆشت بە خەڵک گەیشتە (750) فلس وە نرخی پاکەتی جگەرە بوو بوو بە (250) فلس...
بە ڕاستی خواردن و ئاو و نان بە لامەوە هیچ بوو , جگە لە جگەرە , کە شەیدای بووم.
بەڵام کاتێک لە ماڵەوە دەریان هێنام , دایکی میدیا سێ چوار پاکەت جگەرەی (جگەرەی غازی) خستە گیرفان مەوە لەگەڵ (4,250) دینار.
بەڵی سێ ڕؤژی ڕەبەق لەسەر یەک بێ نان و ئاو ماینەوە , لە پاش سێ ڕۆژەکە , برنجێکی خوساووە لەگەڵ چلکاوێک کە پێیان ئەوت شلە ئەیان دانێ , لەلایەن قۆنترات چی (قەیرەوان) ەوە.
بەڵێ تا ڕۆژی (#01-07-1963#) لە تەویلەکە مامەوە , لە پاشان بردمیانە قاوشی (3) شوێنێکی زۆر خۆش بوو لە چاو تەویلەکەدا.
لە ڕۆژی (#03-07-1963#) چۆن بە کەرەکی گرتیانین هەروەهاش بەرەڵا کرراین نزیکەی (130) کەس... یەکێک لەوانە من بووم.
کە هاتمە ماڵەوە (کە خۆم کرد بە ماڵا) مناڵەکان میدیا و تەنیا و چیا و زەرادەشت لە ترسا ڕایان کرد , چونکە لە شێت ئەچووم , پیاوێکی ڕیش ماش و برنج , توکی سەر هاتوو , چڵکن و پیس , کە منداڵەکان نەیان ئەناسیمەوە...
ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی #09-06-1971#
ئەمڕۆ یادی ڕۆژی خوێناوی و تەماوی (9) حوزەیرانی ساڵی (1963) بوو کە (8) ساڵی بڕی بەسەرا ڕۆیشت، ئا لەم ڕۆژەدا لە سەرانسەری کوردستان دا هاتووچۆ قەدەغە کرا وە دەستکرا بە گرتن و کوشتن و بڕینی خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، کە ئەمە ئەنووسم وە سەعات (10) پاش نیوەڕۆیە، هەشت ساڵ پێش لە تەویلەکەی سەربازگە تووندکرابووم لەگەڵ (712) کەس، بێ نان و ئاو و جگەرە و بێ پێخە، لەسەر پەینەکە لە سەر یەک کەڵەکە کرابووین.
ئای لەم ڕۆژە کە هەموو شەقامەکانی سلێمانی ناڵەی شەستتیر و کلاشینکۆف و تۆپ ئەهات... شەقامەکان بۆنی خوێنیان لێ ئەهات , دادگەی دۆڵەکە لە کارابوو... پاش کوشتن ئەکران بە ژیر خۆڵەوە... ڕۆژێکی وەهابوو مناڵ لە بێشکەدا زیڕەی ئەهات.
بەڵام من بە گیانێکی بەرز و پۆلایی یەوە بەرەو ڕووی ئەو کارەساتە هاتم , باکم نەبوو , خەڵک ئامۆژگاری ئەکرد.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی #09-06-1972#
ئەمڕۆ نۆ ساڵی ڕەبەق تێ پەری بە سەر ڕۆژە ڕەشەکەی ناوچەکانی کوردستان دا کە لەم ڕۆژە لە بەرەبەیانەوە گرمە و ناڵەی تۆپ و دەنگی شەستیر و قرمەی کلاشینکۆف گوێی کەر ئەکرد , هەموو شارەکانی کوردستان مەرگ باڵی ڕەشی بەسەرا کێشابوو، مناڵ لە بێشکەدا خۆی نەئەگرت.
بەڵێ ڕۆژ بووەوە , شەقام و کۆلانەکان پەپووت تیا بخوێنایە , تەنها جل زەرد و شەستیر بە دەست نەبێ... لە سەعات (1,15) پاش نیوەۆ لە تەویلەکەیا تووندیان کردم.
لە هەموو ژیانما ڕۆژی وەهام نەدی بوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی #09-06-1973#
یادی دەیەمین ساڵەی (9) حوزەیران بوو , گەڵێک دروشمی جوان هەڵواسرابوو, هەروەها ڕێ ڕەوێکی ڕێکوپێک کرا بەرەو گردی شەهیدان.
شایەت حاڵەکە (هاوژینی) غفور ڕشید دراغا بوو , دوای چەند ساڵێک لە کۆچی دوای بەندکراوەکەی تەویلەکەی (حامیە) بەم شێوەیە ساتی دەستگیرکردنەکەی بۆ گێرامەوە.
هەر لە بەیانی زووەوە شار شلۆقا و دەنگی تفەنگ لە هەموو لایەک ئەبیسترا حکومەت لە بلندکۆکانیەوە ڕایگەیاند کە (مەنع تەجەولە) و کەس لەماڵەکانیان دەرنەچن و بمێننەوە، پێش نیوەڕۆ بوو لە دەرگای ماڵەکەمانیاندا هەر زوو زانیم هاتوون (غفور) بگرن، ئەوکاتە خاوەنی سێ کچ و یەک کوربووین ئەو کات ماڵمان لە بەردەرکی سەرابوو لە پشت بینای (نوری عەلی و گەراجی سەنە کریم تەنیشت نەقڵیاتی گۆیژە) کە دەرگاکەم کردوە بینیم موختاری گەرەک لەگەڵ چەند سەربازێک هاتوون بە ناو بۆ گرتنی هاوژینەکەم، واتە لیستی ناویان تایبەتیان پێ بوو بۆ گرتنی ئەو کەسانەی مەبەستیان بووە، ئەو کات زانیم ئیتر جارێکی تر نایبینمەوە، موختاری گەرەک پێی ووتم دوا خواحافیزی لە هاوژینەکەت بکە، تەنها فریای ئەوە کەوتم کە هەندێ پارە و چەند پاکەتیکی جگەرە بدەمێ.
هەر لەوێوە وە سەربازەکان ئەیبەن بەرەو (#ئەسحابە سپی#) چونکە زیلەکان لەوی کۆبوونەوە وە لەوێوە خەلکەکانیان ئەبرد بۆ (حامیە) لەبەر ئەوەی هاوژینەکەم بەلیستی تایبەت گیرابوو، خرابووە ناو زیلیکی سەربازی تایبەتەوە تا وەکو ئەوانەیتر یەک سەر بدرینە بەر گولە و بیان خەنە ژیر خاکەوە لە هەمان شوین لە ناو (حامیە)دا.
بەلام قەدەر بەلایەکی تردا بردی، ئەو کاتەی هاوژینەکەم بە تەنها لە ناو زیلەکەدا دانیشتبوو (زابتیکی) سەرباز بەوێدا ئەروات و ئەمر ئەکات کە ئەو کەسەی بۆ بە تەنهایە لە ناو ئەو زیلەدایە !! بیخەنە ناو زیلەکانی ترەوە کە پرە لە خەلک و بیانبەن بۆ (حامیە) لەو کاتەدا هاوژینەکەم تێکەڵی خەلکە ئاسایەکانی تر ئەبیت و دەینێرنە ناو تەویلەکەوە لەگەل ئەوانەی تر وون ئەبێ کەس نایناسیتەوە و لە مەرگ ڕزگاری ئەبێت.
نووسەر غفور ڕشید داراغا لە شاری سلێمانی لەدایک بووە (1923-1976)
سەبێحە ئەحمەد ساڵح کچی (ئەحمەدی عەتارە) هاوژینی نووسەر غفور ڕشید داراغا بوو.
حامیە لە ئێستادا #پارکی ئازادی#ە لە دوای داگیرکردنی ئینگلیزەکان سەربازگە و فرۆکەخانە بوو , بەڵام ئەم سەربازگەیە مایەوە و هەموو حکومەتەکانی دوای ئینگلیزەکان بەکاریان هێناوە بۆ سەرکوت کردنی هەموو ناڕەزایەک و شۆرشێک. لە دوای ڕاپەرینەوە ئەم سەربازگەیە کرا بە پارکی ئازادی وەک یادەوەریەک بۆ ئەو هەموو کاراساتانەی کە ڕوویداوە لەو شێونەدا.
[1]