$باکووری کوردستان$
- سوپای تورک بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دەوروبەری #نسێبین#ی سەربە #مێردین#ی باکوری کوردستان، لە چوار گوند قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند.[1]
$باشووری کوردستان$
- #قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی #دەستەی دەستپاکی# کرد و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە دزە گەورەکان بگرین، هەندێ بەرپرس لە بەرەکانی شەڕ ڕادەکەن، چەک و تەقەمەنییەکانیان لە بازاڕ دەفرۆشنەوە، هێزی چەکدار کۆدەکەنەوە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن، ڕۆژنامەنووس دەکوژن، قاچاخچێتی دەکەن، کەچی بە کامل بۆیاخەوە کۆڕ و کۆبوونەوە دەکەن و دێنە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان باسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکەن.[2]
- سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند، 460 کەس بە پلەی وەزیر و بەریوەبەری گشتی خانەنیشین کراون، لەکاتێکدا ئەو پلەیەشیان نەبینیوەو لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن.[3]
- مەڵبەندی #کەرکووک#ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئۆرگانەکانی ئه و حزبە له و شارە، نامەیەکی هۆشداری لەبارەی دۆخی کەرکووک ئاڕاستەی سەرکردایەتی و مەکتەبی ڕێکخستنی حزبەکەیان دەکەن و تیایدا هۆشداریدەن لەبارەی دۆخی کورد له و شارە.[3]
- گوتەبێژی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، #سەعدی ئەحمەد پیرە#، لەبارەی نادیدەگرتنی ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن عەبادییەوە ڕایدەگەیێنێ: بەری ڕۆژ بە بێژینگ ناگیرێت، بە ناونەهێنانی پێشمەرگە عەبادی نە بەرز دەبێت و نە بەهێزیش دەبێت، بەڵکو خۆی لاوازدەکات و میسداقییەتی خۆی لەدەستدەدات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەگەر بەغدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، دەبێت لەگەڵ ئەو حکومەتەی هەمانە مامەڵە بکات.[2]
- بە هەماهەنگی ڕێکخراوی ڕیچ و ئەمەریکەن کۆرنەر و سەنتەری جێندەر، لەناو #زانکۆی سلێمانی# ماراسۆنێک بەڕێوەچوو بە مەبەستی پاڵپشتیی بۆ شازدەیەمین ڕۆژی بەرەنگاربونەوە توندوتیژی دژی ژنان، ماراسۆنەکە بۆ پەنابەران و ئه و ئاوارانەی کە دەچنە ناو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکخرابوو.[1]
- تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە بۆنەی ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی شەڕی #داعش# لە عێراق، قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکانی بەرزنرخاند.[4]
- سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ترۆپکی تێکدانی کۆی ژیانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەرێم، بە ڕادەیەک کە ئێستا مافیاکانی گەندەڵی حوکمی هەرێم دەکەن، دەشڵێت:ئەم حکومەتەی ئێستا بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت دژی گەندەڵی بووەستێتەوه.[2]
- لە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، ڕاگرایەتی زانستە مرۆڤایەتییەکانی #زانکۆی هەڵەبجە# کۆڕێکی بە ناونیشانی سیمپۆزیۆمی #گەندەڵی# و کاریگەرییەکانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ بۆ سێ مامۆستای زانکۆ ئەنجامدا.[1]
- لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا خەڵاتی نیلی زاکس بە #بەختیار عەلی# نووسەر و ڕۆماننوسی بەنێوبانگی کورد بەخشرا.[2]
$رۆژئاوای کوردستان$
- لە ئەنجامی دیدارێکی فەرماندەیی قەسەدە و سوپای عێراق، بڕیار دەرکرا، کە بە مەبەستی بەرگری لە سنوورەکانی نێوان باکوری سوریا و عێراق، ناوەندێکی فەرماندەیی هاوبەش دامەزرێنن.[1]
$دەرەوەی کوردستان$
- بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕەخنەی توندی لە ئەردۆغان و قسەکانی بۆ بە تیرۆریست زانینی ئیسرائیل گرت و، وتی: ناتوانین وانەی ئەخلاق لە کەسێکەوە وەربگرین کە گوندە کوردنشینەکان بۆردوومان دەکات.[5]