بابەت: وەرزشی
لە هۆڵی فێرگەی جومناستیکی #سلێمانی#، پاڵەوانییەتیی کچانی یانەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو جۆر ئاست تێیدا بەشداربوون، ئاستێکیان لە تەمەنی 10 ساڵ بەرەو خوار و ئاستی دووەمیش لە تەمەنی 10 ساڵ تا 15 ساڵی.
عوسمان ئەبوبەکر، سەرۆکی فیدراسیۆنی کوردستان بە 964ی وت، بەهۆی نەبوونی ژێرخانی وەرزشی و کادری لێهاتووەوە کردنەوەی پاڵەوانییەتی جومناستیک بۆ ماوەیەک دواکەوتووە.
لە پاڵەوانییەتییەکەدا نۆ یانە بەشداریان کردبوو، یانە بەشداربووەکانیش بریتی بوون لە یانەکانی #یانەی وەرزشی سلێمانی#، #یانەی وەرزشی بابان#، #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی#، #یانەی وەرزشی نەورۆز# و #یانەی وەرزشی ئەفرۆدێت# لە شاری سلێمانی و #یانەی وەرزشی کەرکووک#، (سەورە و فەتات) لە شاری کەرکووک و #یانەی وەرزشی کۆیە# لە شاری #هەولێر#.
دوای بەڕێوەچوونی ڕکابەرییەکان، لەسەر ئاستی تەمەن 10 ساڵ بەرەوخوار یانەی فەتات بە کۆکردنەوەی 81 خاڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، یانەکانی ئافرۆدێت و نەورۆز پلەکانی دووەم و سێیەمیان مسۆگەرکرد، لەسەر ئاستی تەمەن 10 بۆ 15 ساڵ، یانەی سلێمانی بەکۆکردنەوەی 102 خاڵ پلەی یەکەمی دەستەبەرکرد و یانەکانی کەرکووک و پێشمەرگە پلەکانی دووەم و سێیەمیان بەدەست هێنا. [1]