$چیرۆکی شەهیدبوونی هاوڕێ جوتیار دەربەندی (#تاریق دارا عەبدولقادر# ) لە 19-06-1987$
بابەت: گێڕانەوە
لە دواى تەواوبوونى شەڕ و لە تاریکی نیوە شەوی 19-06-1987 هاوڕێ جوتیار ( تاريق دارا عەبدولقاد ڕ) ديارنەمابوو کە پێشتر لە تەنيشت منەوە ڕاى کردە پێشەوە! بۆيە هاوارم کردو هەموو يانم ئاگادارکردەوە کە تاريق ديارنەماوە!
لەبەر تاريکى نەمان دۆزيەوە تا شقارتەمان داگيرسان و بينيمان لە بەردەم ژورێکى جاشەکاندا ڕووە و دەرگای ژورەکە لەسەر ئەژنۆ کەوتووە و ناوچەوانی لەسەر ئەرزەکەبوو، وەک ئەوەى کەسێ نوێژبکات و لە سوژدەبردن دابێت ، هێشتا دەستى لەسەر تفەنگەکەى بوو کە لە تەنيشت خۆيەوە داى نابوو!
لەو چالاکیەدا من کرابوومە دکتۆرى مەفرەزەکەمان و خێرا لە جانتا توبیەکەی ملمدا دەرزى خوێنبەربوونەکەم بۆ کرد.
لەتاريکيدا سەرەدەرزيەکم لێکەوت! تا شقارتەيان داگيرسان و دۆزيمانەوە و بەسەر شەڕواڵەخوێناويەکەيەوە فەرماندەکەمان: ( شەهيد #مەجيد دوکانى# ) لە سمتى چەقاندوو، بەپەلە هەڵمانگرت و لە ناو مەعمەلی تەسفیەی ئاوەکەی نزیک بە جادەی #سلێمانی# - عەربەت لە ياڵەکە بردمانە خوارەوە ڕووەو چەمەکەى #تانجەرۆ# ڕۆيشتين.
کاتێ لە ياڵە بەرزەکە هاتينەخوارەوە هەموو زۆر بەپەلە و شڵەژاوى لە دواى من و برادەرەکەمەوەبوون ( هاوڕێ: ئازاد - دلێری مەلا ئەحمەد) کە قووربانيەکەى بەسەرپشتەوەبوو ( تاريق دەربەندى ) هەر قرخە قرخى خوێن هەڵێنجانى بوو کە خۆمان کرد بەناو چەمەکەدا قرخەيەکى گەورەى کرد بە هاوڕێکەمم وت: تازە تەواو گيانى دەرچوو!
لەسەر ئەرز و وشکانیەکی قەراخ چەممەکە لاشەى خەڵتان خوێنى (جوانەمەرگ تاريق) ى داگرت و هەموو لێى کۆبووينەوە، گوولەکە ڕاستەوخۆ دابووى لەژێر چاوى و لە پشتى سەريەوە دەلاقەيەکی تێکردبووە ( (خۆى ئەيوويست کە شەهيدبێ!) )
تاریقی جوانەمەرگ ئێوارەکەى لەکاتى خۆئامادەکردنمان لە ناوچەمەکە و پێش تاريک داهاتن خواحافيزى لە هەمووان کرد و تەوقەى لەگەڵ هەموويان کرد! تەنیا من ڕازى نەبووم! تەوقەى لەگەڵ بکەم بۆيە تکاى لێکردم و پێى وتم: (هاوڕێ گۆران: من ئەڕۆم تکايە دەستت بێنە!) ، پێم وت: (تکايە وازبێنە لەم قسانە ! دەستيم گوشى و زەرەدەخەنەيکى بۆکردم و ڕۆى ! من و شەهید تاریق یەک تەمەن بوین هەژدەساڵ! (ئەم ويست ئەو بيرۆکەيە لە مێشکى دەرکەم کە بە زۆر خۆى نەياتە بەر گوللەى دوژمن ! کەچى هەر کردى! تەنانەت کاتێ لە سەنگەرەکەماندا پێکەوەبووين لە بەردەم ڕەبايەى جاشەکان لە ساترە کۆنکرێتییەکانی ناو مەعمەلى کيمياوى پاڵاوگەى ئاوەکەى نێوان سلێمانى و عەربەت لەکاتى گەرمەى شەڕەکەدا هاوارم لێکرد و بەسەرى پەنجە شەڕواڵەکەيم گرت ئەو خۆى ڕاپسکان و وتى: ( ئەڕۆم ، ئەوەش دواهەمين قسەى بوو !)
خۆی بەزۆر ئەی ویست وەک تۆڵەی شەهید سۆران بەو بگاتەوە کە سێ هەفتە لەوەبەر و لە: 02-06-1987 لە چالاکیەکدا لە ناو شاری دەربەندیخان بە دەسیسەی ئەمنی دەربەندیخان خرایە بۆسەوە و شەهیدی کرابوو!
کاتژمێر تێپەڕی و بوو بە: 20-06-1987 لەو هاوینە گەرمەدا مێشولە چاوى دەردەکردين، ناوچەمەکە زۆر تاريکبوو کەس بەرپێى خۆى نەدەبينى بە هۆى دەنگەوە هەستمان بەيەک دەکرد! و بەسەرە تاريقى جوانەمارگمان لەسەر پشت ئەيا بەسەر پشتى سەرماندا و سەرى بەلاى ملمانا شۆڕ دەبۆوە و خوێنى لێ ئەچۆڕا و يەکێکى ترمان لەدواوە پێيەکانى هەڵەگرت، لە سەرەى منا هێندە خوێنى لێ ڕۆیى هەموو ملم و پشتم بە خوێنەکەى گەرم داهات کە قوڵپى دەدا ! ئێمە سيانزە پێشمەرگەبووين ماينەوە دوانزە و جاشێکى ديليشمان پێبوو لەگەڵ چەند تفەنگى دەست بەسەرا گيراو، هەرچەندە، چەند هاوڕێيەکمان ئەيان ويست ديلەکە بکوژن لە چەمەکەدا بەڵام نەمان هێشت چوونەکە بۆمان نەبوو ديل بکوژين و ئەبوايە پاش مەحکەمەکردنى مەکتەبى سياسى بڕيارى بايە و خۆشى ديلەکە تەقەى نەکردبوو ( بۆنی تفەنگەکەی کرابوو) ئەگرياو ئەى وت: (براکەم بەزۆر هێناومى خۆم تەلەبەى زانکۆى موسڵم و هاتووم ئەم هاوينە شتێ پارە کۆکەمەوە بۆ خوێندنى ساڵى داهاتووم و کوڕى خەڵکى فەقير و هەژارين ) ) منيش پێم وت: ( (ئەى بۆ ئێمە کوڕی ملوێنەرين؟!) )
بە ناو قوڕ و ليتاو و ئاوى ناو چەمەکەدا زۆر بە خێرايى ڕێمان دەکرد خۆمان دەکێشا بەيەکتریدا و بە دار و بەردى ئەو ناو چەمەدا من چەند جارێ کەوتم و بەزۆر هەڵدەستامەوە چونکە کەنەفتى هيلاکى سێ شەو و ڕۆژى بپێشوو بووين ، ڕۆژ و شەوی پێشوتر هاتبووینە سەریان بەڵام هیچمانەکرد چونکە لەسەر جادەی عەربەت سلێمانی چالاکی تر کرابوو ئەوانیش جاشەکان بەئاگابوون ، هەروەها يەک ژمەم کولێرەمان خواردبوو کە هاوڕێ حەمە پچکۆل لە دەواجنێکى ئەوناوە بۆى پەياکردين و بۆى هێنابووين ، بەڵام هەموو تەنیا خەمى ڕزگارکردنى هاوڕێ تاريقمان بوو کە بۆ بەيانى نەکەوینە دەست دوژمن لە چەمەکەى تانجەرۆى نزيک سلێمانى
پاش ڕێڕۆشتنێکى زۆر هيلاک و تاقەت پڕۆکێن بە سەر و قژى خوێناوى ئاڵۆسکاو بە جلوبەرگى قووڕاوى و خوێناويەوە لە بەرەبەياندا خێرا لە چەمەکە دوورکەوتينەوە و لە کەندڕێکدا خۆمان و شەهيدەکە و ديلەکە پاڵ کەوتين و فەرماندەکەمان ( شەهيد مەجيد دوکانى ) گياى دا بەسەر هەمووماندا و شاردينيەوە و خۆشى شاردەوە تا دەمەو عەسر بەبەردەوامى کۆپتەر بەدوامانا ئەگەڕا بەڵام ئەوان زياتر ناو چەمەکە دەگەڕان و نەيان دەزانى ئێمە لە چەمەکە دەرچوين، تا کۆپتەڕەکان ڕۆيشتن هەموو خەوتين بە کەروێشکە خەو ، بۆ عەسرەکەى ئيتر ترسمان نەما خێرا هەستاينەوە و ديسانەوە بەڕێکەوتين ، خەڵکى لە سەيارە و پاسەکانەوە لەسەر شەقامەکەى ئەوبەر چەمەکەى تانجەرۆ سەيريان دەکردين هەندێ سەيارەش بۆمان وەستان و هاتبوونە دەرەوە و بە حەپەساوى سەيريان ئەکردين کە بەسەرە تاريقى قووربانيمان دەدا بەشانا و ڕامان دەکرد بەرەو بنارى شاخەکە، من و دیلە جاشەکە لە دوای دواوە بووین گوێم لە ژنێک بوو لەو دوورەوە هاواری دەکرد:
$هەی ڕۆڵە دایکتان بمرێ ، هەی ڕۆڵە دایکتان بمرێ$ لە ترسا ئەوەنەی تر بەخێرایی ڕامکرد و جاشەکەم پێش دا!
لە نزيک گوندێکى ئەوناوە من و هاوڕێيەکى تر چوونە نزيک گوندەکە بۆ پەیداکردنى تراکتۆرێ يان گوێدرێژێ تا شەهيدەکەى پێ دەرکەين من لە قۆڵى خوارەوە نزيک بوومەوە، کابرايەکم بينى و پێم وت : ( (تا هاوکاريمان بکات وتى: قوربان وامەڕۆ ناو دێوە !؟ وتم: بۆ جاشى لێيە ؟! وتى نا ! با ژن و منداڵان نەترسن!؟، وتم: بۆ؟! وتى: براکەم هەموو ئازاى بەينت خەڵتانى خوێن و قووڕە؟!) ) ، ئەوسا شەرمم لە خۆم کرد! کە چەندە ناشرين و ترسناکم! بەسەر و قژى درێژ و ئاڵۆسکاوى خوێناوى! و جلوبەرگى ڕەقەوەبووى خوێناو قووڕ و لێتاوەوە! من گەڕامەوە! و هاوڕێکانم تراکتۆرێکيان هێنا تا نزيک گوندێکى ناوچە ئازاد کراوەکان ڕۆيشتين، لەوێش تراکتۆرێکى ترمان گرت و ئەوەى تر گەڕايەوە ، پێشمەرگەکان و ديلەکە سەرکەوتین تەنانەت تراکتۆرێکیان داوای پارەی کرد! و ( دوو دینار) مان بۆ کۆکرایەوە کابرا بەدڵی نەبوو! وەک ئەوەی بڵێ: ئەتانەوێ حکومەتێک بڕوخێنن و دوودیناریشتان پێنییە!
لە دواوەى تراکتۆرەکە ، هاوڕێ ( تاریقی قوربانی) لەسەر گازەرەى پشت پاڵ درابووە و لەگەڵ جووڵەى تراکتۆرەکەدا لاشە خوێناويەکەى هەڵبەز و دابەزى ئەکرد ، ديلەکەش لە سوجێکا سەرى خستبوە ناو کۆشيەوە و ئێمەش بەپێوە دەستمان گرتبوو بە شيشەکانى قەراخ ترکتۆرەکەوە و سەيرى تاريقى جوانەمەرگ و قوربانيمان ئەکرد بە خەمبارى و ماتی يەوە ، هەريەکەو لەمێشکيا بيرى لە شتێک دەکردەوە...
من بيرم چووبووە سەر ئەو ساتانەى لە حەوشەى قووتابخانەى #شێخ سەلام# و #زێوەر# لە #سەرکارێز# لە پشتى ئامادەییى کچانى سلێمانى کە لە نيوەڕوانى ڕۆژانى پێنج شەممان کۆيان دەکردينەوە و سروودمان ئەوتەوە بێلە دەنگى چريکەى چۆلەکەى گوێسەبانەکان و کيڕە کيڕى کەوچکى ناو مەنجەڵى قاورمە فرۆشەکە و دەنگى هاواری ئێمە هيچى تر نە ئەبيسترا کە هەموو منداڵان پێکەوە: دەستەکانما توند تووند نوقانبوو بە ڕانمانەوە و سەرمان بۆ پێشەوە و ئارەق بە لاجانماندا دەهاتەخوارێ و بەدەنگی بەرز سرودمان ئەوتەوە و منيش بەشەڕواڵە کوورتەکەمەوە لەناو جووتێ پێڵاوى گەورەدا لەگەڵ منداڵاندا هاوارمان دەکرد: $خوايە واتەن ئاواکەى چەند....$
[1]