قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بەقالە مەڕە هونەرمەندی شمشاڵ ژەن، ساڵی 1925 لە گوندی کولیجە لەنێوان #بۆکان# و #مەهاباد# لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. چەپ گەردی گردوون وای لێکردووەکەباوکی نەبینێ و دایکیشی لە تەمەنی 6 ساڵانیدا کۆچی دوایی بکا. هەر وەک خۆی دەڵێت تەواوی ژیانی بەناڕەحەتی و برسێتی و چارەڕشی تێپەڕ کردووە. ساڵی 1945-1946 پەیوەندی بەکۆمارەوە گرتووە و دۆستایەتییەکی نزیکیشی لەگەڵ نەمران هەژار و هێمن دا هەبووە. لە دوای لە سێدارە درانی قازی محەمەدی سەرۆک کۆمار، قاچاغ دەبێت و هانا دەباتە ئەشکەوتی گوڵاڵە، یان پەنای دەباتەماڵی عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە. ساڵانی 1967-1968 بووەتە هاوڕێی مەلا ئاوارە و مەلا مەحمودی زەنگنە و سلێمانی موعینی. هەر لەو سەروبەندەدا ماڵیان دەچێتە دەڤەری بۆکان. تا ساڵی 1985 هەر بەسەڵتی ژیاوە و خێزانی پێکنەهێناوە. هونەرمەند قالە مەڕە هەمیشە لە خەباتی کورددا بەشداری کردووە و هاوڕێ و هاوشانی تێکۆشەران بووە. تا سەردەمای شۆڕشی گەلانی ئێران واتەساڵی 1978 بەنهێنی لەگەڵ جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە.
قالە مەڕە لە کاتژمێر 20/11 خولەکی شەوی پێنجشەممە 31ی گوڵانی 1388 ڕێکەوتی 21ی مای 2009 لە ماڵی خۆی لە شەقامی مامۆستا هێمن لە کۆڵانی لاچین 15 لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد. تەرمی ئەم هونەرمەندە میللیە بە پێی وەسییەتی خۆی و بە بڕیاری بنەماڵەکەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەچاو لە هۆگرانی موزیک و گۆرانی کوردی، ئێوارەێ هەینی #21-05-2009# ڕێکەوتی 1ی جۆزەردانی 1388 لە تەنیشت گۆری حەسەن زیرەک لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.[1]