ژیاننامە
تۆفیق مەحموود هەمزە ناسراو بە (پیرەمێرد) و (حاجی تۆفیق بەگ) (1867-1950ز.) شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە
سلێمانیسلێمانی لەدایک بووە و لە لاویدا زانستی ئایینی دەخوێنێت. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە 1898ز. دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی عوسمانیدا لە چەند پۆستی ئیداری و سیاسیدا دادەمەزرێ. لە دوای شۆڕشی
شێخ سەعیدی پیرانشێخ سەعیدی پیران لە 1925ز. و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی هەر لەوێ خەریکی کاری ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرهەمی ئەدەبیی زۆری هەیە.
ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی هەمزاغای مەسرەف. لە ساڵی 1867ز. لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیدا، لە سلێمانیدا نێرراوەتە حوجرە و مزگەوت و پاش ماوەیەک دەبێت بە فەقێ لە مزگەوتی هەمزاغای باپیری و لای مەلا مەحمود ناوێک دەست دەکات بە خوێندن و فێربوونی عەرەبی و وانەی ئایینی. لە خوێندنی عەرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست دەکات بە خوێندنی سیوتی. پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی گەڕاوە ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (1). کە لە بانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لە 1882ز. دا لە تەمەنی 15 ساڵیدا، کراوە بە نووسەری بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە لە سلێمانی. لە 1883ز. دا کراوە بە نووسەری ئەملاکی هومایۆنی لە
هەڵەبجەهەڵەبجە. لە 1886ز. دا کراوە بە سەرنووسەری دادگای شارباژێڕ، ئەو دەمە پێیان وتووە (باشکاتب) . لە 1895ز. دا کراوە بە یاریدەری داواکاری گشتی لە کەربەلا، بەڵام ئەو کارەی بە دڵ نەبووە و وازی لە فەرمانی میری هێناوە.
شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لەباری بۆ گونجاند. لەسەر بانگهێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید کاروانێک ڕێکدەخەن لە 1898ز. دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد هاوسەفەریان دەبێت. ساڵی 1899ز. شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەنبوڵ
سەید ئەحمەدی خانەقاسەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێت.
وەفاییوەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.
لە ساڵی 1899ز. دا بە فەرمانی شاهانە دەبێت. بە ئەندامی ئەنجوومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەهۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگریت. لە
1905 تا 1908ز. لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە 1907ز. دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نهێنی پێکهاتبوو بە سەرۆکایەتی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.
لە ئەیلوولی 1909ز. دا بووە قائیمقامی
جوڵەمێرگجوڵەمێرگ
لە نیسانی 1912ز. دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل
لە شوباتی 1915ز. دا بووە بە قائیمقامی بالاوا
لە ئەیلولی 1916ز. دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب
لە مارتی 1917ز. دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لە هەمان ساڵدا بەهەمان پلە چووەتە ئیتەپازاری، هەگەلی ئوتە کە دوورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.
لە نیسانی
1918 دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئەماسییە لە تورکیا. تاکوو ساڵی 1923ز. لەوێ بووە.
حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و هەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی هێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ هەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتیی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردووە و داوای گەڕانەوەیان لێکردووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بەهۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەهۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی 1923ز. پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەهێڵێت و لە ڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەب دا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. هەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بەهەواڵێک بڵاودەکاتەوە: (جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتۆتەوە، شەوی 30ی کانونی دووەمی 1925ز. تەشەریفی هاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵە، بەناوی هەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرهاتنی دەکەین) (2) .
پیرەمێرد تا دواهەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە 19ی حوزەیرانی 1950ز. دا، بەرانبەر بە 4ی ڕەمەزانی 1369ز.ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردووە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاهەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرانبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە.
ڕۆژنامەنووسی
پیرەمێرد لە ساڵەکانی یەکەمی گەیشتنی بە تورکیا و هەر لەو کاتەوە کە ئەندامی مەجلیسی عالی ئەستەنبوڵ و خوێندکاری کۆلیژی یاسا بووە، دەستی کردووە بە نووسین و وەرگێڕانی هۆنراوە و وتار و زیندووکردنەوەی وێژەی کوردی و ناساندنی بەو جیهانە نوێیە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا یا خاوەن و سەرنووسەر بووە یاخود لە دەستەی نووسەراندا بووە و نووسەرێکی چالاک بووە.
🔥ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە..
کاتێک لە ساڵی 1924ز. دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش 25 ساڵ ژیان لە تورکیا (3) ، وای چاوەڕواندەکرد ئەو وڵاتەی لە 1898ز. جێی هێشتووە گۆڕابێت و لەبارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە هاتبووەوە، بەهیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری میریدا نەچوو، ڕۆژنامەی بەپێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لەخۆیەوە نەهێنابوو، بەڵکوو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەنبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەنبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیهان بەیەک دەگەیشتن، جیهانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژهەڵات، وەجیهانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەوروپا (4) . پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بەمەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت هەنگاوێک نانێت. هەر لەبەرئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستی دا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لە بەرانبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ هێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر هۆنراوەی بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.
پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی توخنی کاری میری بکەوێت، لە ساڵی 1926ز. دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەرئەهێنێت بە سەرۆکایەتی حسێن کازم و پیرەمێردیش دەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە.
لە ساڵی 1932ز. دا حسێن کازم کۆچی دوایی کردووە و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی 1934دا چاپخانەکەی شارەوانی بەکرێ ئەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان ئەگۆڕێتە سەرخۆی.
لە ساڵی 1937ز. دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد هەر کۆڵنادات دەچێت خانووەکەی دەخاتە ڕەهنی بەڕێوبەرایەتی هەتیوانەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بە ناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری ئەهێنێت و چاپخانەی ژینی دادەمەزرێنێت.
لەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەی کە پیرەمێرد بەشداری تێدا کردوون:
ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو. خاوەنی ئیمتیاز پیرەمێرد بوو.
ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی بە دوو زمانی کوردی و تورکی لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو، لە 9ی تشرینی دووەمی 1908ز. تاکوو حوزەیرانی 1909ز. بەردەوام بووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ بووە و سەرنووسەرەکەی ئەحمەد جەمیل پاشا بووە. لەو دەمەدا دەنگی کۆمەڵەی کورد بووە کە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆکی بووە.
ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیط) کە پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ دەریدەکرد.
گۆڤاری ژین لە ئەستەنبوڵ لە ساڵانی 1918ز. و 1919ز. بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەرچووە، پیرەمێرد لە زۆربەی ژمارەکانییدا هۆنراوە و نووسین و وەرگێڕانی هەیە.
ڕۆژنامەی شەمس لە تاران دەردەچوو، ئەو کاتەی لە تورکیا بوو زۆر جار هۆنراوە و نووسینی ئەنارد بۆ تاران بۆ بڵاوکردنەوە، ئەم ڕۆژنامەیە سەید حسێنی ئێرانی خاوەنی بوو. (5) .
ڕۆژنامەی ژین کە خۆی لە سلێمانی چاپیدەکرد. وەک درێژکراوەیەکی ڕۆژنامەی ژیان. ڕۆژنامەی ژین 553 ژمارەی لێ چاپکرا. یەکەم ژمارەکەی لە 1939ز.دا دەرکرد و تا کۆچی دواییی کرد لە 1950ز. دا بەردەوامبوو و بە ژمارە 1015ی گەیاند. دوای خۆیشی جەمیل سائیب و نووری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ بەرودوا تا ساڵی 1963ز. گەیاندیانە ژمارەی کۆتاییی (1714) . ئەمڕۆکە بنکەی ژین لە سلێمانی لە هەوڵی دەرکردنی گۆڤارێکدان بەناوی گۆڤاری ژین (6)
بەدەر لەوانەی سەرەوە، پیرەمێرد لەگەڵێک بڵاوکراوەی تردا دەستڕەنگینی خۆی لە نووسیندا نیشانداوە و چالاک بووە:
گۆڤاری فەرهەنگ و ڕۆژنامەی (شفق سرخ) کە لە تاران دەردەچوون، پیرەمێرد دەڵێت: (هەمیشە من لە ئەستەنبوڵەوە مەقالەو هۆنراوەم بۆ ئەناردن) (5) .
زۆرجار سەروتاری بۆ ڕۆژنامەی (ئیقدام) و (حوڕییەت) ئەنووسی.
گۆڤاری ئیجتیهاد لە ئەستەنبوڵ لە ساڵەکانی 1904-1912ز. لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە دەردەچوو. پیرەمێرد بەرهەمی خۆی تێدا بڵاوکردووەتەوە (7) . لەمبارەیەوە دەڵێت: (عەبدوڵڵا جەودەت) لەپاش مەشروتییەت کە لە ئەوروپاوە هاتەوە، لە ئەستەمبوڵ بوو، زۆرتر لە هەموو کەس من لە خزمەتیا بووم، خۆم و نەژادی کوڕم بە (نەزم و نەسر) لە مجەلەکەیدا خزمەتمان هەیە) .
لە ڕۆژنامەی (ترجماتی حقیقت) ی مامۆستا موعەلیم ناجی کە لە تورکیا دەردەچوو هۆنراوەی بڵاوکردووەتەوە.
هۆنراوە و نووسینی ناردووە بۆ ڕۆژنامەی تان کە لە پاریس دەردەچوو، بەهۆی داوود حەیدەری کوڕی ئیبراهیم حەیدەرییەوە، کە لە دەرچووانی خوێندنی باڵای فەڕەنسا بوو.
بەرهەمەکانی پیرەمێرد
جگە لە جێدەستی لە ڕۆژنامەگری کوردیدا، پیرەمێرد خاوەنی دیوانێکی هۆنراوەییە، کە چەندین جۆر و بواری هۆنراوەی تێدا بەدی دەکرێت؛ کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، ڕامیاری و هتد (1) بەرهەمەکانی بەناوی (حاجی تۆفیق بەگ) ەوە بڵاودەبوەوە، کاتێک کە پیرەمێرد لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، تەمەنی بەرەو پیربوون دەچێت، کە ساڵی
1932 هۆنراوەی (بەیانی بوو لە خەو هەستام) بڵاودەکاتەوە، بۆ یەکەمجار نازناوی پیرەمێرد بۆخۆی هەڵدەبژێرێت و دەینووسێت (8) ، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت. کە لە تورکیا بوو بەناوی جیاجیا شتی بڵاوکردووەتەوە: سلێمانییەلی توفیق، س.ت، سلێمانییەلی مەحمود نەژاد، سلێمانییەلی م. نەژاد تۆفیق، م.م، سلێمانییەلی وداد، اسماعیل وداد.
پیرەمێرد خۆی لەیاداشتەکانییدا باسی دەکات و بە بەرهەم و کاری ئەدەبیش ساخ بووەتەوە، کە بەچاکی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی زانیوە. لە نووسینی فارسیدا دەستێکی زۆر باڵای هەبووە وەکوو دەڵێن لەو دەمەی خۆیدا مەگەر تەنیا سڵێمان بەگی باوکی گۆران، لە ئاستی پیرەمێرد لە فارسیدا شارەزایی بوبێت. خوێندنی ئەو کاتەی پیرەمێرد لە کوردستاندا زیاتر فارسی بووە و تێکەڵ بوونی تورکیش لە کوردستاندا بەهۆی دەوڵەتی عوسمانی و کار و فرمانی ڕەسمییەوە و مانەوەی پیرەمێرد 25 ساڵ لە تورکیا، و ئەو نووسین و هۆنراوەانەی بەتورکی بڵاوی کردونەتەوە. (1) .
پەرتووک و چاپکراوەکانی
پیرمێرد خاوەنی چەند پەرتووکێکە، لەو پەرتووکە چاپکراوانەش (9):
دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح) ، ساڵی
1935 لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.
چیرۆکی مەم و زین
دوانزە سوارەی
مەریوانمەریوان، 1935ز.
پەرتووکی پەندی پێشینان، 1936ز.
چیرۆکی مەحمود ئاغای شێوەکەل، 1942ز.
گاڵتەوگەپ ساڵی 1947ز.، بریتییە لە هەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، هەم بۆ پێکەنین و هەم بۆ پەند وەرگرتنە.
دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی -بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.
هۆنراوەەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە هەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.
هۆنراوەی گەلێ لەشاعیرانی هەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردووەتەوە وەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵڵابەگی زەنگەنە و هتد.
زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.
لەو پەرتووکانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کورد:
گەشتی هۆنەرمەندێک لە جیهاندا
ڕۆمانی کەمانجەژەن، 1942ز.، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.
کاکەی فەلاحکاکەی فەلاح پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە کەسوکاری پیرەمێرد، هەندێک لەم پەرتووکانەی سەرلەنوێ لە چاپدایەوە (10) .
پەندەکانی پیرەمێرد
پیرەمێرد خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە هەڵقوڵاون و لەناو هۆنراوەکانییدا هۆنیونییەتەوە، کەژمارەیان دەرگاتە
4800 پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردنەوە، پاش مردنی خۆی، کاکەی فەلاح کۆی کردوونەتەوە و ڕێکیخستوون و لە دووتوێی پەرتووکێکدا چاپکراون (11) .
نموونەی پارچەیەک لە پەندەکانی پیرەمێرد:
وتیان بە ڕێوی شاهیدت کێیە؟|وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە
حەزدەکەی دوور بی لە گێرە و کێشە|بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە
بەسمان بەسەردا لێدە گیزو فیز|پێوەدان خۆشە نەوەک ویزەویز
لە شار ولادێ ئەم نەقڵە باوە|گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە
شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنە|بەردی زل بەڵگەی نەهاویشتنە
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد|چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد
وتیان پشیلە، وت بە دەرمانە|دایپۆشی بە خۆڵ ئەو بێویژدانە
شوێن بۆ سەر پیشەی خۆی دەچێتەوە|گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە
قەل دەڵێن لاسای کەوی کردەوە|ڕۆینەکەی خۆیشی لەبیر بردەوە
مەشهورە بزن بۆ تاقە شەوێ|جێگای خۆش دەکات لە کوێ وەرکەوێ
ناشکوڕی مەکە بەم بەشە کاکە|لە قوڕ ئەوەندە تۆز هەستێ چاکە
پەراوێزەکان
↑ 1٫0 1٫1 1٫2 (پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی) ، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی
ئومێد ئاشنائومێد ئاشنا ل10-50
↑ ڕۆژنامەی ژیانەوە -ژمارە 14، 2ی شوباتی 1925ز.
↑ بڕوانە هۆنراوەی ئەوا ڕووم کردە تۆ ئەی دایکی موشفق
↑ پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی -ئومێد ئاشنا: ل65 ول66
↑ 5٫0 5٫1 ڕۆژنامەی ژین -ژمارە 855 ساڵی 1947ز.
↑ گۆڤاری ژین -بنکەی ژین بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی
↑ ژیان و بەرهەمی عەبدوڵڵا جەودەت -گۆڤاری کاروان، ژمارە 37، ساڵی
1985 ل4-12
↑ ڕۆژنامەی ژیان -ژمارە 312 ساڵی 1932ز.
↑ ئومێد ئاشنا سەرچاوەی پێشوو: لاپەڕە 61 تا 63
↑ دیوانی پیرەمێرد -بەرگی یەکەم -پێشەکی
↑ پەندەکانی پیرەمێرد -کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی کاکەی فەلاح -بەغدا 1980ز.
سەرچاوەکان[1]
خۆزگە -پیرەمێرد -ژیاننامەی شاعیرانی کورد
پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، چاپخانەی
وەزارەتی پەروەردەوەزارەتی پەروەردە،
هەولێرهەولێر، 2001ز.
دیوانی پیرەمێرد (بەرگی یەکەم) ، کۆکردنەوە و ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی دەستەیەک لە نووسەرانی کورد، وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەغدا، 1990ز.