شاعیر و زانای ئایینی کورد و کەسایەتی ناودار و کوردستان قازی ڕەشاد موفتی کوڕی محەمەد موفتی کوڕی مەلا عوسمان کوڕی مەلا ئەبوبکر ئەفەندی ناسراو بە کچوک مەلا لە ساڵی 1915دا لە بنەماڵەیەکی ناوداری ئایینی لە قەڵای دێرینی هەولێر چاوی ژیانی هەڵهێناوه.
لەتەمەنی حەوت ساڵان خراوەتە بەرخوێندن و لە قوتابخانەی سەرەتایی هەولێر و تا پۆلی شەشەمی خوێندووه، ئینجا لە مزگەوتی گەورەی قەڵات لای باوکی وانەی نەحوو و سەرف مەنتیق و بەیان و ڕەوانبێژی و فێقە و ئووسووڵ و تەفسیری خوێندنەووە و لە ساڵی 1934دا چووەتە میسر و دووساڵ لە ئەزهەر خوێندوویەتی و بڕوانامەی ئەهلیەتی وەرگرتووە و لە ساڵی 1936دا گەڕاوەتەوە هەولێر و خوێندنی ئایینی لەلای محەمەد ئەفەندی موفتی باوکی تەواوکردووە مۆڵەتی زانستی لێوەر گرتووه.
ڕەشاد ئەفەندی لە زنجیرەکان وانە گوتنەوە مەلا ئەفەندیی ئامۆزای باوکی ئامادە بووە و سوودێکی زۆری لێ وەرگرتووە و لە ساڵی 1944دا کاری وانە گوتنەوەی پێش نوێژی و وتاری نوێژی هەینی مزگەوتی گەورەی قەڵای پێ سپێردراوە و لەپاش ئەم ئەرکە ئایینیانەش لە ساڵی 1956دا کراوە بە قازی دادگای کەرکووک و لە ساڵی 1957دا بۆ شاری سلێمانی گوێزراوەتەوه، لەهەمان ساڵیشدا گوێزراوەتەوە بۆ دادگای شەرعی هەولێر و دوای بیست و یەک ساڵ خزمەتی شەریعەت لە ساڵی 1978دا خانەنشین کراوه.
بەر لەوەی لە کاردا بێت کراوە بەئەندامی ئەنجوومەنی زانایانی شاری هەولێر و کە خانەنشین کراوه، سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنەی هەرپێ سپێردراوه. ڕەشاد موفتی یەکەمین وتارخوێن بووە لە شاری هەولێر وتاری ڕۆژانی هەینی بە زمانی کوردی بخوێنێتەوه، کە جاران بە زمانی عەرەبی دەخوێنرایەوه.
تا ئەو ڕۆژەی ماڵاوایی لەژیان کرد، هەموو ڕۆژانی هەینی لە مزگەوتی گەورەی قەڵات وتاری هەینی بەشانازییەوە بە زمانی کوردی دەخوێندەوه.
مامۆستا ڕەشاد موفتی نووسەرێکی لێهاتووی کورد و شاعیرێکی بەتوانا و بەپێی ئەو چواردەوەری کە تێدا پەروەردە ببوو، ڕێبازێکی ئایینی لە هۆنراوە نووسیندا گرتبوو.
مامۆستا ڕەشاد موفتی کەدەیبینی مەولودنامەی پێغەمبەر (د.خ) بە زمانی عەرەبی یان تورکی دەخوێنرێتەوه، لە ڕوو هەستی نەتەوەییەوە هەستا مەولوودنامەیەکی بە زمانی کوردی هۆنیەوه، تاکو هەموو کوردێک تێیبگەن و لەسەرەتاکەی ئەو کارە وێژەییە ئایینەیدا دەڵێ:
بەو زمانی کوردییە شیرین زمان
بەحسی گەورەی هەردوو عالەم کەم بەیان
یان نەڵێن کوردی نییە مەدحی نەبێ
من وەهام نووسی کەکەس قەدحی نەبێ
ڕۆژ و شەو زۆرم دەکرد فیکر و خەیاڵ
مەولیدی کوردی بنووسم بێ مسال
بەحسیی پێغەمبەر بکەم بۆ ئۆممەتی
تابنێرێ بۆ هەموو، خوا ڕەحمەتی!
هۆنراوەی ستایش
ڕەشاد ئەفەندی هەروەک لە هۆنراوەی ئایینی بەتوانا بوو، لە هۆنراوەی ستایشیش دەست ڕۆیشتوو بووه. ڕەشاد ئەفەندی لە ستایشی جەبار ئاغای کانیی شاعیردا دەڵێت:
کانی لەبەر ئەشعاری سوخەن سەنج و ئەدیبه
قەولی هەموو پڕ لەزەت و زۆر خۆش و لەبیبه!
هەر شیعری ێ کە دەیڵێت و دەیخوێنێتەوە بۆ خەڵق
گوێ دەگرن و دەیلێنەوە شیعرێکی عەریبه!
دیسانەوە موفتی لەیادی کۆچی دوایی کانیی شاعیردا ئەم هۆنراوەیەی خوارەوە لە کۆڕێکی یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی هەولێر خوێندەوه، کە بۆ یادی کۆچی دوایی کانیی شاعیر سازیان کردبوو.
بیر لە مێژووی کۆچی شاعیر واجبی ئنسانیته
با لە بۆ هەمووی بنێرین فاتیحەی ڕەحما نیه
کۆڕەکەی ئیمرۆکەمان و بۆ شاعیرێکە زۆر بەناو
جەبری نەفسی شیعرە و جەببارو تەخەلووس (کانی) یه
وەک چیا بوو هیمەتی، نەفسێکی زۆر بەرزی هەبوو
ڕۆحی نوا لەو کۆڕەیه، جیسمی ئەگەر چی فانیحه!
شاعیرێکی کورد بوو، کوردپەروەر وەکوو ئەم کەم هەبوو
قسەکانی نەستەقی زار شاهیدی و جیدا نیه!
باوک و باپیر و عەشیرەت بالەلایەک ندابێن
گەورەیی هەرکەس بەعیلم و خزمەتی مەیدانییه
ڕەشاد ئەفەندی موفتی لەگەڵ دامەزراندنی #یەکێتی نووسەرانی کورد# لە ساڵی 1970دا بووە ئەندامێکی چالاکی ئەم ڕێکخراوە وێژەییەی کورد و لە ساڵی 1973شدا کرایە ئەندامی یاریدەدەری کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا و دوای خزمەتێکی زۆری ئایین و وێژە و زمانی کوردی لە تەمەنی 77ساڵیدا لە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 12ی ئەیلوولی 1992دا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و بەڕێزێکی زۆرەوە تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی بنەمەڵەکەیان لە باداوهی هەولێر بەخاک سپارد.