لە 21ی بەفرانباری ساڵی 1316ی هەتاوی (#11-01- 1938#) لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا لە گوندی #تەرەغە#ی #بۆکان# لەدایک بوو. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لەدەستدا و سەرپەرشتییەکەی، کەوتە سەرشانی براگەورەکەی، شاعیر و نیشتمانپەروەری گەورەی کوردستان خوالێخۆشبوو مامۆستا #هەژار موکریانی#ی نەمر.
سەردەمی منداڵیی محەمەد سادق، هاوکات بوو لەگەڵ پەرەئەستاندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزراندنی کۆماری کوردستان. ڕێنوێنی و ئاموژگاریەکانی برا زانا و خەباتگێڕەکەی و زۆر دیمەن لە قۆناخی مێژوویی ئەو کات لەبیر و زەینیدا نەخشی بەست. پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە بۆکان و پاشان کە بنەماڵەکەی لە #مەهاباد# گیرسایەوە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە و ساڵی ئاخیری دەبیرستانی لە تەورێز تەواوکرد و ساڵی 1338ی هەتاوی (1959) لە دانشسرای عالیی تاران لیسانسی کیمیای وەرگرت. شایانی سەرنجەکە لە هەموو پلەکانی خوێندندا یان خاوەنی پلەی یەکەم یان یەکێک لە باشترین قوتابییان و خوێندکاران بوو. هەر لەو ساڵەدا بوو بە مامۆستای دەرسی کیمیا و هەتا ساڵی 1344ی هەتاوی (1965) لە شارەکانی #ورمێ# و مەهاباد بە ئەرکی مامۆستایەتییەوە خەریک بوو. لەو ماوەیەدا وەک مامۆستایەکی شارەزا ناوی دەرکرد و بۆ پێگەیاندنی قوتابییانی کوردستان زەحمەتێکی زۆر و بەرچاوی کێشا بە جۆرێک کە ئەو قوتابییانەکە ئەو دەرسی پێدەوتن و لەزانستگاکان قبووڵ دەبوون، ساڵ بەساڵ زیاتر دەبوون. سەرەنجام ساواک، دەزگای جاسوسیی ڕێژیمی حەمەرەزا شا ئەو خزمەتەی لە کوردستان پێ ڕەوا نەدی و لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای دیکەی هابیر و هاوکاری بۆ شارەکانی ئاراک و کەرەج و چەند شاری دیکەی دوور خستنەوە.
محەمەد سادق شەرەفکەندی ساڵی 1349ی هەتاوی (1970) بۆ زانستگای تربیت معلم نەقڵ کراو وەک ئاسیستانی بەشی شیمی کاری پێ ئەسپێردرا. پاش نیشاندانی لێوەشاوەیییەکی تەواو لەو ئەرکەدا، ساڵی 1351ی هەتاوی (1972ی زایینی) بەکەڵک وەرگرتن لەبورسی وەزارەتی علووم چوو بۆ فەڕەنسا و پاش چوار ساڵ مانەوە لەو وڵاتە توانی دوکتورای شیمیی ئانالیز (شیمی تجزیە) لە زانستگای ژمارە 6ی پاریس وەربگرێت. دوکتور سادق شەرفکەندی ساڵی 1355ی هەتاوی (1976ی زایینی) گەڕایەوە تاران و وەک استادیاری شیمی لە زانستگای تربیت معلم درێژەی بەکاری مامۆستایەتی دا کەلەبەجێهێنانی ئەو ئەرکەشدا بەتەواوی سەرکەوتوو بوو. هەر بۆیە بوو بەخۆشەویستی مامۆستایان و خوێندکارانی ئەو زانستگایە و وەک مامۆستایەکی دڵسوز و لە هەمان کاتیشدا خەباتگێڕ ناوی دەرکرد.
دوکتور محەمەد سادق شەرەفکەندی ساڵی 1352ی هەتاوی (1973ی زایینی) کاتێک لە پاریس دەورەی دوکتورای دەدیت، لە ڕێگای مامۆستای مەزن دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوی ڕێبەرەوە لەگەڵ بەرنامە و پێرەوی نێوخۆی #حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان# ئاشنا بوو و داوای ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد. پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بوو بە رابیتی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەندامانی کۆنی ڕێبەرایەتیی حیزب و لەو پەیوەندییەدا زەحمەتێکی زۆری کێشا و زۆر جاریش گیانی خۆی خستە مەترسییەوە. دوای ڕووخانی ڕیژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، ساڵی 1358ی هەتاوی (1979ی زایینی) بوو بە موشاویری کوۆیتەی ناوەندی و ڕەشەمەی ساڵی 1358 (فیورییەی1980ی زایینی) لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا بەئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و بەرپرسایەتیی کومیتەی حیزب لە تارانی پێ ئەسپێردراکە ئەو بەرپرسایەتییەشی بە لێوەشاوەیی و کارزانییەوە بەئەنجام گەیاند. سەرەتای هاوینی ساڵی 1359ی هەتاوی (1980ی زایینی) لەلایەن ڕێبەرایەتیی حیزبەوە بۆ کاری تەواووەخت بانگ کرایەوە کوردستان و هەموو توانای خۆی لە خزمەت حیزب نا.
لەپلینومی کومیتەی ناوەندی لە هاوینی ساڵی 1359ی هەتاوی (1980ی زایینی) دا بەئەندامی دەفتەر سیاسی هەڵبژێردرا. لە کۆنگرەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم و نۆهەمی حیزبدا هەموو جارێ بەئەندامی کومیتەی ناوەندی و لەکومیتەی ناوەندییشدا هەموو جارێ بەئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژیردراوەتەوە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/93/0007.JPG=KTML_Photo_Alt=سادق شەرەفکەندی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/93/0007.JPG=KTML_Photo_End=
دوکتور سادق شەرفکەندی ماوەی بوونی لەرێبەرایەتیی حیزبدا زۆرتر بەرپرسایەتیی بەشی تەبلیغات (ڕادیوو چاپەمەنی) ی لەسەرشان بووو لە ساڵی 1365ەوە هەتا کاتی شەهید بوونی مامۆستای گەورەمان دوکتور قاسملووی نەمر ئەرکی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی بەئەستووەبوو. دوکتور سادق شەرفکەندی لە یەکەم پلینومی دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوودا بەتێکڕای دەنگی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی بەسکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژیردرا و لە کۆنگرەی نۆهەمی حیزبیشەوە تا کاتی شەهیدبوونی (26ی خەرمانانی ئەمساڵ (1371) ڕێکەوتی17-09-1992) ئەرک و بەرپرسایەتیی قوورسی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەِرێوەدەبرد.
خەباتگێڕی مەزنی گەلەکەمان دوکتور سادق شەرفکەندی لە ماوەی ئەو دوازدە ساڵەی دواییدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەرێبەرایەتیی حیزب و جووڵانەوەی گەلەکەماندا هەبوو. یەکێک لە بەوەجترین و شارەزاترین ڕێبەرانی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی گەلەکەمان بوونو بەهەق دەبێت بڵێین کە قوتابییەکی لێوەشاوە و یارێکی وەفاداری دوکتور قاسملووی نەمر بووو پاش دوکتور قاسملوویش بوو بە مامۆستای ئیدامەکاری و درێژەدان بەرێباز و ڕێگای دوکتور قاسملوو و بەلێهاتووی و لێوەشاوەیی خۆی نەیهێشت بێ قاسملوویش بەم جۆرە کە ئاواتی دوژمنانی بزووتنەوە بوو بەحیزبەوە دیار بێ.
دوکتور سادق هەر لەو کاتەوە کە هاتە نێو ڕێبەرایەتیی حیزب یەکێک لە درێژەرانی کاریگەریی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب بوو، لەسەر پاراستنی ئوسووڵ و پرنسیپەکانی حیزب شێلگیر و پێداگر بوو، ئەفرادی دوو دڵ و ڕاڕای دەدانەبەر هێرش و ڕێگای پێ نەدەدان شوێنی خراپ لەسەر ڕەوتی بزووتنەوە و کاروباری حیزبی دابنێن. ئەو کادرو #پێشمەرگە#کانی حیزبی خۆش دەویستن بەڵام ئەو خۆشەویستییە هەرگیز شوێنی لەسەر هەڵسەنگاندنی واقیعبینانەی کادر و پێشمەرگەکان و کاروباری ئەوان دانەدەنا. دڵپاکی و بێغەرەزیی کاک دوکتور سەعید بۆ هەموو هاوڕێیانی حیزبی بەتەواوی دەرکەوتبوو هەر بۆیەش ئامۆژگارییەکانی وەردەگیران. نەخشی گرینگی تەشکیلاتی لە حیزب و بزووتنەوەدا زۆر بەباشی هەست پێکردبوو، بەڵام هەرگیز تەشکیلاتی بەجێ خەڵک دانەدەنا و لە دەمارگرژی و سکتاریستی بەدوور بوو، چونکە ئەو تەشکیلاتی حیزب و خودی حیزبیشی بۆ ڕێبەرایەتیکردنی خەباتی گەل دەویستن.
تێکۆشەر دوکتور سادق مرۆڤێکی ئازا، بەورە، بەئەخلاق، ڕاستگۆ و درووستکار و بەڕاستی سادق بوو. لە هەق و عەداڵەت پشتیووانی دەکرد و لە هەموو ئەو تایبەتمەندییانە لە سیاسەت و کردەوەدا کەڵکی وەردەگرت. ئینسانێکی پڕکار بوو و ماندوویی نەدەناسی، هەموو کات و وەختی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەحیزبییەکان تەرخان کردبوو، شۆڕشگێڕێکی بەتەواو مانا و دێموکرتێکی واقیعی بوو، کە لە هەر کار و کردەوە و هەڵوێستێکیدا ئەو تایبەتمەندییانەی خۆیان دەنواند. بڕوایەکی قووڵی بەدێموکراسی و مافی گەلانی ئێران هەبوو، هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئەوەوە پێوانەی هەر حەرەکەتێکی خەباتگێڕانە لە ئێران و کوردستاندا بریتی بوو لەتێکۆشان بۆ سەقامگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی و مافەرەواکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران.
سیاسەت و تاکتیک بۆ دوکتور سادق زاراوە و دەستەواژەی خەیاڵی و زەینی نەبوون، لەڕوانگەی ئەوەوە سیاسەت کردەوەی خەباتگێڕانەبوو، هەر بۆیەش بەهەق و کردەوە بووبوو بە ئاوێنەی تایبەتمەندییە مەزنەکانی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوکتور سادق شەرەفکەندی ئینسانێکی خاکی و خەڵکی و بەتەوازع بوو، هەر ئەوەندە کە لە راست دۆستان و هاوڕێیانی دا ڕووخۆش و بەگوزەشت بوو، لە راست دوژمنان و نەیارانی حیزب و گەلدا توند و بێ لێبوردن بوو، قوورس و قایم لە بەرانبەریاندا ڕادەوەستاو زەڕڕەیەک نرمش و هەنگاوێک گەڕانەوەی بۆ نەبوو. ئەو خەڵکی کوردستانی بەرەگ و پێستییەوە خۆش دەویست، هەر بۆیەش گیان و ژیانی بۆ خزمەت بەوان تەرخان کردبوو. ئەو لەو سیاسەتمەدارانە نەبوو کە خەڵکیان وەک ئامرازی بردنە پێشی مەبەستەکانی خۆیان دەوێ، ئەو بۆ خۆی پێشڕەوی خەباتی خەڵکی کوردستان بووو جگە لە قازانج و بەرژەوندییەکانی گەل هیچ قازانج و بەرژەەوندییەکی تایبەتیی و شەخسی بەلاوە گرینگ نەبوو. ئەو بۆ کادر و پێشمەرگەکانی حیزب تەنیا هەر سکرتێری گشتی نەبوو، ئەو دۆست و هاواڵی هاوڕێیان بووو بەرادەیەک لەگەڵیان تێکەڵاو و لێیان نیزیک بوو کەهەر هاوڕێیەک بەڕاشکاوی دەیتوانی پریسکەی دڵی خۆی لەلای هەڵڕێژێ و لە ڕێنوێنییە بەکەڵکەکانی کەڵک وەبگرێت.
کاک دوکتور سادق بڕوایەکی قووڵی بە هاوکاریی گەلان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران هەبوو، لەو بڕوایەدا بوو کەرووخاندنی ڕێژیمی ئاخوندی بەبێ نیزیکی و هاوکاری و هاوپەیوەندی هێزەنیشتمانپەروەر و خەباتگێڕەکانی ئێران، کارێکی مومکین یان لانی کەم هاسان نییە، هەر بۆیە لە هەر دەرفەتێک بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی وەردەگرت و بەکردەوە هەوڵی بۆ دەدا و سەرنجام لەو ڕێیەدا گیانی بەختی ئازادیی ئێران و خودموختاری کوردستان کرد. یادو ناوی شەرەفکەندیی مەزن هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە و خەبات و تێکوشانی پڕشنگداری لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکانی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلی کورد و خەڵکی ئێراندا و تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕانەکانی دوای نەمانیشی ڕێنوێن و ئیلهامدەری تێکۆشەرانی وڵاتەکەمان دەبێ.[1]