لە ساڵی 1938 لەشاری سلێمانی (حەوشی گەورە)ی گەڕەکی کانێسکان لەدایک بووە. تاقانەی ماڵی باوکی و خۆشەویستی گەڕەکەکەیان بووە، لەسەر زاری خوشکەزاکانی و کوڕان و کچانی گەڕەک هەموو پێیان وتووە خاڵە حەمە.
خاڵە حەمە فەرەج بەهرەمەند و خۆشنوسێکی بەسەلیقە و بەتوانای شارەکەی بووە، ساڵی 1976 لەسەر داخوازی مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ کتێبی (کنز اللسان) هەمووی بەخەتی خۆی نوسیوەتەوە.
لەڕووی دەنگەوە کەسێکی بەتوانا بووەو خاوەنی بەهرەیەکی خوایی بووە، بۆیە لەزۆربەی خۆپیشاندانەکاندا وەکو پێشڕەوێک بەشداری کردووە، بەهۆی دەنگیەوە ڕۆڵی دیاری هەبووە.
ساڵانی 1950 تا 1960 لەئێستگەی کوردی بەغدا وەک بێژەر و دەرهێنەری شانۆگەریە کوردیەکانی ئیستگە وەرگیراوە و کاری کردووە.
ساڵی 1969 دەرهێنەری شانۆگەری (هاملێت)ی شەکسپیر بووە بۆ سەر شانۆ، کە ئەکتەرکانی ئەوسای ئەو شانۆگەریە، ئێستە هەموویان هونەرمەندی بەتوانا و ناسراون.
لە ساڵانی هەشتاکاندا، بەهۆی توانا و کارامەیی خۆیەوە، بۆتە بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیری زانکۆی سلێمانی، بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی سەرکەوتووی بۆ زانکۆی سلێمانی ئامادە و پێشکەش دەکرد، لەگەڵ ئەوەی فەرمانبەری ئیدارە محەلی بووە.
لەدوای ڕاپەڕینی 1991ەوە، لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەکاربووە.
دوا کاری (سەرۆکی ئەرشیفی نەتەوەیی کوردستان) بووە، لە بەڕێوەبەرێتی کتێبخانەی مۆزەخانەی سلێمانی، کەسەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری بووە، بۆ زیندووکردنەوە و ساخکردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووسە دێرینەکانی کتێبخانەی کوردی و ئەندامی فەخری کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کوردی بووە.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 12-02-2008 لەشاری سلێمانی، لەتەمەنی 70 ساڵیدا، بەنەخۆشی جەڵتەی مێشک کۆچی دوایی کردەوە.