کوڕی عەبدولکەریم ئەفەندی کوڕی عەبدوڵڵا ئاغای گورجی زاده، ساڵی 1912 لە گەڕەکی قەڵا لە #هەولێر# لەدایکبووە.
باوکی کارمەندێکی دەوڵەت بووە لەسەردەمی عوسمانیداو هەر ماوەی لە شوێنێک خزمەتیکردووە، بۆیە خەیروڵڵای کوڕیشی لە سەردەمی منداڵیدا لەگەڵێ شوێن ژیاوەو پاش کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی ئینجا فرسەتی بۆ هەڵکەوتووە بچێتە بەرخوێندن، دوای تەواوکردنی خوێندن لە هەولێر، لە خانەی مامۆستایانی بەغدا وەرگێڕاو دواتر ماوەی پێنج ساڵ بە مامۆستایی لەکۆیەو #چەمچەماڵ# و شەقڵاوە خزمەتیکردووە.
هەر ئەو سەردەمە توانا هونەرییەکانی دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە بواری شانۆو مۆسیقاو نیگارکێشیداو لە چەندین چالاکیدا بەشداریکردووە.
خولیای تەواوکردنی خوێندنو برەودان بەتواناکانی وایان لێکرد لەقوتابخانەی سەربازی لە بەغدا ببێ بەخوێندکارو دوو ساڵ دوای ئەوە بەپلەی ئەفسەر لە سوپای ئێراقدا دامەزراوە.
لە ماوەی خوێندندا سەردانی میسری کرد و لە کاروباری سەربازیدا شارەزاییەکی زۆری پەیداکرد.
شەهید خەیروڵڵا وەک کوردێکی نیشتمانپەروەر پەیوەندی کرد بە حزبی (هیوا) وەو زۆر بەچالاکی لەناو ئەو حزبەدا ئەرکە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی جێبەجێکرد.
ساڵی 1945 خۆی گەیاندە #مەهاباد#و هەموو تواناو شارەزایی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتکردنی کۆمارە خودموختارەکەی کوردستان.
ماوەی ساڵو نیوێک وەک ئەفسەرێکی زرێپۆش لەناو هێزەکانی کۆماری (مەهاباد) دا فیداکاری کرد و لە شەڕەکانی بەرگریدا ئازایەتییەکی زۆری نواند. بۆیە حکومەتی مەهاباد خەڵاتی ئازایەتی پێبەخشی و پلەکەی بەرزکردەوە بۆ پلەی کۆڵۆنێڵ. پاشان کە کۆماری مەهاباد ڕووخا، شەهید خەیروڵڵا بە بڕیاری لێبوردنەکەی حکومەتی ئێراق گەڕایەوە باشووریکوردستان، بەڵام دەستبەجێ دەستگیرکراو هاوڕێ لەگەڵ شەهیدان (مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی و عیزەت عەبدولعەزیز) دا فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
ئەم تاوانە گەورەیە ڕۆژی 19ی حوزەیرانی ساڵی 1947 جێبەجێکراو تەرمەکەی شەهید خەیروڵڵا وەک شەهیدێکی هەرە گەورەی ڕێگای سەرفرازی، بەڕێزەوە لە هەولێر بەخاکسپێردرا.
هەڵوێستی جوامێرانەی شەهید خەیروڵڵاو هاوڕێکانی بەسەرەتای قۆناغێکی تازەی خەباتی هاوچەرخی گەلی کوردستان دادەنرێت لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسیندا.