ساڵی 1912 لە گوندی بێتواتە لەدایکبووە و هەر بەناوی باوکییەوە ناونراوە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری #کۆیە# و خوێندنی ناوەندی لە #هەولێر# تەواوکردووە.
دواتر لە شاری بەغدا خانەی مامۆستایانی بڕیوەو ماوەی دوو ساڵ لە #هەڵەبجە# وەک مامۆستا خزمەتیکردووە.
لە ئەیلولی ساڵی 1934دا چووەتە قوتابخانەی سەربازی و لە حوزەیرانی ساڵی 1936دا بەئەفسەر لە سوپای ئێراقیدا دامەزراوە. شەهید مستەفا خۆشناو هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە هەستی کوردایەتی و بیری نەتەوایەتی لە دڵ و دەروونیدا ڕەگی داکوتاوەو لە کۆتایی سییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە دامەزراندنی کۆمەڵەی هیوادا.
ساڵی 1944 حکومەتی ئێراق کردی بە ئەفسەری پەیوەندی لە ناوچەی بارزان.
لەو ماوەیەدا بەنهێنی سەردانی ئێرانی کرد و پەیوەندی کرد بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک) ەوە. لەسەر ئەم هەڵوێستە حکومەتی بەغدا لە ڕیزەکانی سوپا دەریکرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، بەڵام مستەفا خۆشناو خۆینەدا بەدەستەوە و لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی نیشتمانپەروەردا پەیوەندیکرد بە بزووتنەوە چەکدارییەکەی بارزانەوە.
لە کۆتایی ساڵی 1944 دا کۆمەڵەیەکی دامەزراند بەناوی (کۆمەڵەی ئازادی) یەوە. مەبەست لە درووستکردنی ئەم ڕێکخراوە سیاسییە پێشخستنی بیری کوردایەتی و فراوانکردنی بزووتنەوەکەی ناوچەی بارزان بوو.
پاش شکستهێنانی ئەم بزووتنەوەیە، شەهیدی نەمر لە کۆتایی ساڵی 1945 دا خۆی گەیاندە کۆماری #مەهاباد#و لە زوربەی نەبەردەکانی ئەوێدا ڕۆڵی کاریگەریی بینی. پاش ئەوەی کە ڕژێمی ڕەزاشا بەزەبری ئاگر و ئاسن ئەو کۆمارە خودموختارییەی ڕووخاند، مستەفا خۆشناو ڕێگەی سۆڤیەتی گرتە بەر بەڵام نەیتوانی خۆی دەرباز بکات و بەناچاری گەڕایەوە بۆ کوردستانی ئێراق.
هێندەی نەبرد لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە دەستگیر کرا، ئەم تێکۆشەرە گەورەیە لە زیندانیشدا نموونەی خۆڕاگری بوو، لە #19-06-1947# دا لەگەڵ سێ هاوڕێی تریدا بێباکانە چوونە بەر پەتی سێدارە و گەورەترین وانەی فیداکارییان فێری نەوەکانی دوارۆژ کرد.