بە (سمکۆ) ناسراوە، ناوی ئیسماعیلی کوڕی محەمەد پاشای کوڕی عەلی خانی کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاکە و بنەماڵەکەیان لەدێرزەمانەوە گەورە و دەسەڵاتداری خێڵی شکاک بوون.
سمکۆ ساڵی (1875ز.) لەدایک بووە و پاش مردنی باوکی و جەعفەر ئاغای برای، سەرکردایەتی خێڵەکەی خۆی گرتۆتە دەست و لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە هاتۆتە کۆڕی خەبات و کوردایەتییەوە. هەرچەندە لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا سمکۆ لە هیچ چالاکییەکی سیاسیدا بەشداری نەکردبوو، بەڵام هێزەکانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ (تفلیس) و دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی لە شاری (
خۆیخۆی) دابنیشێ و هیچ هەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.
کە جەنگی یەکەم کۆتایی هات، سمایل خانی شکاک وەک سەرکردەیەکی ڕامیاری ناوی دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردیدا ساڵی (1919ز.) شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی گرنگی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، ساڵی (1921ز.) لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی گەورەی هێزەکانی حکومەتی ئێراندا سمکۆ ناچار بوو، پاشەکشێ بکات و پەنابەرێتە بەر تورکیا. ساڵی (1924ز.) بە بڕیارێکی لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی (1926ز.) جارێکی تر شۆڕشی بەرپاکردەوە، بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکا، ماوەیەک لە تورکیادا بەدەسبەسەری مایەوە. پاش ئازاد کردنی گەڕایەوە ئێران و ساڵی (1930ز.) بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری
شنۆشنۆ شەهید کرا، بەمەش شۆڕشەکەی شکاک کۆتایی هات کە یانزە ساڵ درێژەی کێشا.
[1]