کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا ساڵحی کوڕی مەلا قادرە. ساڵی 1927 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە. سەرەتا لە مزگەوتی بابەعەلی خراوەتە بەر خوێندن و دواتر لە قوتابخانەی خالیدییە قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە و درێژەداوە بەخوێندن و تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە. ساڵی 1947 لە فەرمانگەی تووتن دامەزراوە.
لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا هۆنراوەی بڵاوکردووەتەوە و لە دوای گۆران بەسەرتۆپی نەوەیەکی نوێی هۆنراوەی کوردی لە قەڵەمدەدرێت. ئەم شاعیرە خۆی و بەرهەمە ئەدەبییەکەی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی کێشەی گەلەکەی و دژایەتیکردنی کۆنەپەرستان و بەکرێگیراوان. لە ساڵی 1948 تا 1966 نۆ جار زیندانی کراوە و گەلێک جاریش دوورخراوەتەوە و تووشی ئازار و ئەشکەنجەدان و نانبڕین بووە.
هۆنراوەە نیشتمانییەکانی دیلان ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵکی کوردستاندا و حەمە ساڵح دیلان-یانکردە مەشخەڵێکی گەورەی سەر ڕێبازی کوردایەتی، کەم ڕووداوی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە دیلان بەشداری تیانەکردبێت و نەیکردبێتە بۆنەیەک بۆ جۆشدانی خەبات.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/132/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=محەمەد ساڵح دیلان=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/132/0001.JPG=KTML_Photo_End=
ئەم ڕۆشنبیرە گەورەیە ساڵی 1954 بەبێ مۆڵەتی دەوڵەت بەشداریکرد لە کۆنگرەی ئاشتی و هاوکاری گەلان-دا کە لە شاری (ڤیەننا) ی پایتەختی نەمسا ساز کرا، لەسەر ئەم بەشداریکردنە کە گەڕایەوە ڕەوانەی زیندان کرا. حەمە ساڵح دیلان جگە لەوەی کە شاعیرێکی گەورە و تێکۆشەرێکی خاوەن هەڵوێست بوو، دەنگخۆشێکی کەموێنە و ئاوازدانەرێکی دەگمەنیش بوو.
گۆرانی و مەقامە بەسۆزەکانی دیلان کە هۆنراوەی زوربەیان نووسینی خۆیەتی تا ئێستاش هەر زیندوون. دیلان-ی شاعیر و هونەرمەند خاوەنی (مامە کوڕنوو) ، (ئەی نازەنین) ، (شێخ مەحمودی زیندوو) لە 28ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1990 دا، بە نەخۆشی دڵ کۆچیدوایی کرد و لە پاش خۆی خەرمانێکی پڕ بەرەکەتی لە هۆنراوە و ئاوازی دڵڕفێن و گۆرانیی ڕەسەن بۆ بەجێهێشتین.
شاعیری نوێکاری کورد و مەقامزانی بلیمەت محەمەد ساڵح دیلان لە #28-10-1990# دا لە تەمەنی 63 ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە وێژە و لە هونەر و کورد و کوردستان کرد و ناو و خزمەتگوزاریی بۆ میللەتەکەی تا هەتایە بەنەمریی مانەوه.
دیلان خەباتگێڕێکی دڵسۆزی میللەتەکەی و دەنگێکی ڕەسەن و ناسکی هۆنراوەی نوێی کوردی بوو، شاعیرێکی نوێکاری ڕێبازی ڕیالیزمی نوێ بوو لە وێژەیی کوردیدا، زۆربەی هۆنراوەکانی پەردەیەکی تەنکی ڕۆمانسییەتی بەسەردا هەڵکێشرا بوو، ئەمەش جۆرە جوانی و ناسکییەکی پێ بەخشی بوون.[1]