فەقێ ناوی قادر یا (عەبدولقادر) کوڕی ڕەسووڵ کوڕی جوامێر لەتا بەرەبابی بەگزادە و تیرەی چەلەبی خێڵی هەمەوەنده. لەساڵی 1830 لەبازیان لەدایکبووه. هەواڵ هەیە ئەوە دەگەیەنێ لەگوندی قودرەتە لەدایکبووه.
سەرەتای خوێندنی لەحوجرەی مزگەوت بووه، تا ئەو سەردەمە لەوڵاتی کوردەواری مزگەوت مەڵبەندی یەکەمی خوێندەواری بوو. وەک دەردەکەوێ فەقێ قادر قۆناغەکانی خوێندنی حوجرەی تەواو نەکردووه، ڕەنگە گەیشتبێتە قۆناغی موستەعیدی یا سوختەیی و دەستی لەخوێندن هەڵگرتبێ، لەوانەیە هەر ئەو وازهێنانەش بووبێتەهۆی ئەوەی نازناوی (فەقێ) بۆ خۆی بهێڵێتەوە و وەک نازناو لەهۆنراوەیەدا بەکاری بێنێ. جگەلەوە هەندێ جاریش وشەی (دەروێش)ی کردووە بە نازناو، ئەمەیان بەناوی ڕێزگرتن لەکاکەحمەدی شێخ بووه، چونکە ئەم کەسایەتیەی زۆر خۆشویستووە و خۆی بەمورید و دەروێشی ئەو داناوە لە ڕێگای قادریدا.
فەقێ قادر لە سەرۆکەکانی خێڵی هەمەوەند بووه، ماوەیێک پلەی قایمەقامیەتی ناوچەی #چەمچەماڵ# و ناوچەی بازیانی پێ سپێررا بوو لەسەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان عەبدولعەزیزی عوسمانی (1830-1876).
ژیانی فەقێ قادر وەک سەرۆک خێڵێک ڕەنگەندانەوەی ژیانی خێڵکەی خۆی بووە لە ڕۆژگارانی فەرمانڕەوایی دەوڵەتی تۆتالیتاری ئۆتۆکراتی عوسمانی. جێگەی جوگرافی ئەم خێڵە یەکجار گرنگ بووە لە ستراتیجییەتی دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەتی سوپایی، بێگومان هەموو دەسەڵاتێکی ئەم ناوچەیە بەدەست خێڵی هەمەوەندەوە بووه. لەبابەت گرنگی ئەم ناوچەیەوە زانای گەورە تۆفیق وەهبی دەڵێ؛ دەربەندی بازیان یەکەمین دەروازەیە لە #گەرمیان# و شاخی حەمرینەوە بۆ ناوچەکانی نێوەندی باشووری کوردستان. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی عوسمانی هیچ جۆرەخزمەتێکی بۆ ناوچەی چەمچەماڵ نەدەکرد سەرەڕای ئەمە خەڵکەکەی دەرووتاندەوه. خێڵی هەمەوەند ئازا و بزێو بوون، بەرهەڵستی زۆرداری دەوڵەتیان دەکرد. شەڕوشۆڕ بەبێ بڕانەوە لە ناوەوە بووە لەنێوان خەڵکی خێڵی هەمەوەند و دەسەڵاتی عوسمانی، ئەمەجگە لەو شەڕوشۆڕە هەمیشەیییە وێرانکەر و بێ ئاسایشانەی لەنێوان دەربەگەکانی ناوچەکەبووە و دەسەڵاتی عوسمانی کردوویەتی بەداردەست بۆ ئاژاوەنانەوە لەناو کورداندا.
ئەم بارەوای کردووە چارەنووسی سەرۆکەکانی خێڵ لەگەڵ هی خەڵکەکەیەک بگرنەوە و ببن بەیەک ئامانج. بەم جۆرە فەقێ قادر تووشی ئازار و ئەشکەنجە و کۆت و پێوەندی بەندیخانە بووه. لەماوەی ساڵانی 1885-1887 ژیانی دیلی لەبەندیخانەکانی #کەرکووک# و موسڵ و بەغدا بردۆتە سەر. ماوەی دیلی و دەستبەسەری فەقێ قادر هەمووی بەسەریەکەوە نەبووه، هەندێ جار ئازاد کراوە و دووبارە گیراوەتەوه، لەجاری دیکەدا هەمەوەندان بەسەر بەندیخانەیان داداوە و فەقێیان ئازاد کردووه.
لەو ماوانەدا خۆی ون کردووە لە هەندێ شوێنەکانی کوردستانی ئێران دوور لەدەسەڵاتی عوسمانی، لەناوچەکانی ماهیدەشت و زەهاو خۆی پەنا داوه. لەمەوە ئەوە دەردەکەوێ شەش حەوت ساڵێکی تەمەنی لەبەندیخانە بردبێتەسەر، زۆرترینی ئەم ماوەیە لە بەندیخانەی کەرکووک بووه.
لەساڵی 1887 فەقێ قادر لەگەڵ بەشێک لەبەگزادەی هەمەوەند و خەڵکی خێلکەی دەسەڵاتی عوسمانی دووری خستوونەتەوە و ئاوارەی کردوون بۆ شاری بنغازی لەوڵاتی لیبیا، وا باوە گوایا فەقێ قادر لەساڵی 1890 لەوێ کۆچی دوایی کردووه.[1]