مستەفا بارزانی
مستەفا شێخ محەمەد شێخ عەبدولسەلام عەبدوڵڵا بارزانی، ناسراو بە مەلا مستەفا بارزانی، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، پێشەوا، سەرۆک مستەفا بارزانی و بارزانی مستەفا، لە 14ی ئاداری 1903ز. له گوندی بارزانی سەربە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، هەڵگیرسێنەری شۆڕشی دووەمی بارزان، دامەزرێنەری لێژنەی ئازادی، جەنەڕاڵ لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد، سەرۆکی حکومەتی کاتیی دەرەوەی کوردستان لە باکۆ و دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە، لە 1ی ئاداری 1979ز. لە نەخۆشخانەی...
مستەفا شێخ محەمەد شێخ عەبدولسەلام عەبدوڵڵا بارزانی، ناسراو بە مەلا مستەفا بارزانی، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، پێشەوا، سەرۆک مستەفا بارزانی و بارزانی مستەفا، لە 14ی ئاداری
1903 له گوندی بارزانی سەربە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، هەڵگیرسێنەری شۆڕشی دووەمی بارزان، دامەزرێنەری لێژنەی ئازادی، جەنەڕاڵ لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد، سەرۆکی حکومەتی کاتیی دەرەوەی کوردستان لە باکۆ و دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە، لە 1ی ئاداری
1979 لە نەخۆشخانەی مایۆکلینک لە ئەمریکا کۆچى دوایی کردووە.
قۆناغەکانی خوێندن
مستەفا بارزانی لە مزگەوتی گوندی بارزان دەستی بە خوێندن کردووە، دوای کۆتاییهاتنی شوڕشی یەکەمی بارزان لە ساڵی 1934ز. بۆ شاری موسڵ دوور خراوەتەوە و لەوێ لە قوتابخانەی ئایینیی مزگەوتی عەبدوڵڵا نەشئەت بەگ دەستی بە خوێندنی فیقهی ئیسلامی کردووە و زمان و ئەدەبی فارسی لای مامۆستا عەلی بۆتانی خوێندووە، وانەی مامۆستایانی لە مزگەوتی ئەلنور ئەلکەبیر لای مامۆستا شێخ عەبدوڵڵا نیعمە و لە مزگەوتی عەبدوڵڵا، قوتابخانەی ئایینی فەیسەلییە، قوتابخانەی ئایینی ئیمام ئیبراهیم بەشداریی کردووە، لە ساڵی 1955ز. لە زانکۆی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت لە شاری مۆسکۆ وەرگیراوە و دوای سێ ساڵ بەکالۆریۆسی لە زانستی ڕامیاریدا وەرگرتووه.
زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ڕووسی، ئەرمەنی و ئینگلیزیی زانیوە.
دەستپێکی خەبات:
ساڵی 1906ز. لە تەمەنی سێ ساڵیدا، بە تۆمەتی بەشداری لە ڕاپەڕینی شێخ عەبدولسەلام بارزانی برای، لەلایەن محەمەد فازڵ پاشا داغستانیی والی موسڵ، لەگەڵ دایکی لە موسڵ بەند کراوە.
مستەفا بارزانی ساڵی 1919ز. بە سەرکردایەتی هێزێکەوە بە هانای شێخ مەحمودی حەفید (1881-1956ز.) چووە کە دژ بە سوپای بەریتانیا دەجەنگا، هەمان ساڵ بە هانای شێخ سەعیدی پیران (1865-1925ز.)ى ڕێبەری شۆڕشگێڕی باکووری کوردستانەوە چووە کە دژ بە سوپای کۆماری تورکیا دەجەنگا و ساڵێک دواتر بە سەرکردایەتی هێزێکەوە بە فریای ئەندرانیکى پاشای ئەرمەنەوە چووە.
لە 23ی حوزەیرانی 1932ز. لە دوای نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان و لەژێر هەڕەشەی هێزی ئاسمانی بەریتانیادا، لە ئەنجامی خاپوورکردنی 79 گوند و تێکدانی
1365 خانوو، جارێکی دی بە ناچاری ئاوارەی کۆماری تورکیا بووه و لە شاری ئەدەنە وەک پەنابەر ژیاوە و بۆ ماوەیەک لەوێ دەستبەسەر بووە.
دواى گەڕانەوەیان لە تورکیا، لە ساڵى 1934ز. بۆ موسڵ دوورخراوەتەوە، سەردانی بارەگای حزبی ئەخای کردووە، ساڵی 1936ز. بۆ شارەکانی بەغدا، ناسریە، دیوانیە و حیلە دوورخراوەتەوە و ساڵی 1939ز. لەلایەن ڕژێمی پاشایەتی ئێراقەوە بۆ شارەدێی پردێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک و دواتریش بۆ شاری سلێمانی دوورخراوەتەوە.
شۆڕشی یەکەمی بارزان:
مستەفا بارزانی لە ساڵی 1931ز. فەرماندەی هێزی شۆڕشگێڕانی بارزان بووە دژ بە سوپای هێرشبەری ئێراق بە فەرماندەیی عەقید بەرقی شەوقی وەیس، هەروەها سەرکردایەتی شەڕەکانی برادۆست دژ بە هێزەکانی شێخ ڕەشیدی لۆلان و بەرەی مێرگەسۆر و شەڕی بێرسیاڤی دژ به و هێزە عەشاییرانەى هاوکارى سوپاى ئێراق بوون کردووە و فەرماندەی شەڕەکانی گەروابنی، کۆرکێ، هەڤنکا، کانیە لنج، زێت، پیران و شەڕی دۆڵا ڤاژی بووە دژ بە سوپای ئێراق کە لەلایەن جەنەراڵ ڕۆبنسۆنەوە فەرماندەیی دەکرا.
شۆڕشی دووەمی بارزان:
مستەفا بارزانى لە 27ی تەموزی 1943ز. شۆڕشی دووەمی بارزانی هەڵگیرساندووه و لە دژی هێزی سوپا و پۆلیسی ئێراق فەرماندەیی شەڕەکانی خێرەزوک و گۆڕەتوو و چیای پیران و مەزنێی کردووە، لە ڕۆژانی 9 تا 11ی تشرینی دووەمی 1943ز. لە نزیک مێرگەسۆر توانی تیپێکی سوپای ئێراقی تێکبشکێنیت و هەروەها فەرماندەیی بەرەی نەهلێ و شەڕی پیرسی لە دژی سوپای ئێراق کردووە.
ئەرک و بەرپرسیاریەتییە سیاسییەکان:
ساڵی 1939ز. لە شاری سلێمانی پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی حزبی هیواوە کردووە و لە 12ی تەمووزی 1943ز. بە هاوکاری کوردپەروەرانی شاری سلێمانی، بە تایبەتی شێخ لەتیفی حەفید، بە شێوەیەکی نهێنی خۆی لە دەستبەسەرى ڕزگارکردووە و ڕووی کردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر گەڕاوەتەوە دەڤەری بارزان.
لە 15ی کانونی دووەمی 1945ز. بە سەرۆکی لێژنەی ئازادی هەڵبژێردراوە و ساڵی 1946ز. سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کورد بووە و لە 16ی ئابی 1946ز. بە تێکڕای دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە بە یەکەمین سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردراوە، لە 19ی کانونی دووەمی 1948ز. سەرۆکی سەرکردایەتی باشوور- ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆنفڕانسی باکۆ) بووە، لە کۆنگرەی دووەم 1951ز.، کۆنگرەی سێیەم 1953ز.، کۆنگرەی چوارەم 1959ز.، کۆنگرەی پێنجەم 1960ز.، له کۆنگرەی شەشەم 1964ز.، کۆنگرەی حەوتەم 1966ز. و کۆنگرەی هەشتەم 1970ز. بە تێکڕای دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوەتەوە، لە 11ی ئەیلوولی 1961ز. ڕابەرایەتی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و ساڵی 1964ز. بە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی ئێراق هەڵبژێردراوە.
قۆناغی کۆماری کوردستان لە مەهاباد:
مستەفا بارزانی لە 26ى کانونی یەکەمی 1946ز. بەشداریی مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان بووە لە شاری مەهاباد، ناوبراو لە سەرەتای ساڵی 1946ز. لەبەر خەبات و بەرخودان و شارەزایی لە کاروباری سەربازی، لەلایەن کۆماری میللی ئازەربایجانەوە پلەی جەنەڕاڵی پێ بەخشراوە و لە 31ی ئاداری 1946ز. بە پلەی جەنەڕاڵ لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستاندا خزمەتی کردووە، هەمان ساڵ لە سوپای کۆماردا فەرماندەی بەرەی سەقز بووە، لە 11ی کانونی یەکەمی 1946ز. و دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان، فەرماندەیی پاشەکشێپێکردنى ڕێکخراو و بێزیانی هێزەکانی هەردوو سوپای کۆماری کوردستان و کۆماری میللیی ئازەربایجانی لە بەرەی سەقز بەرەو مەهاباد لە ئەستۆ گرتووه و لە 16ی کانونی یەکەمدا لە شاری مەهاباد دوا دیداری لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد ئەنجام داوە، لە ئاداری 1947ز. فەرماندەیی شەڕی بەرزاییەکانی نرگی و بەردەزەرد و مەرگەوەڕی دژ بە سوپای ئێران کردووە و لەو شەڕەدا برینداربووە، هەروەها فەرماندەیی شەڕی گۆجار و هەڤرس-هەلەج و شەڕی بەرزاییەکانی بەرێ زەری لە دژی سوپای ئێرانی کردووە و لەم شەڕەشدا جارێکی تر برینداربووە، لە 10ی نیسانی 1947ز. توانیویەتی گشت خێزان و پێشمەرگەکانی ڕزگاربکات و بیانگەیەنێتە گادەر.
چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت:
جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە 15ى نیسانی 1947ز. لە دوای کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانیدا، لەگەڵ هێزێکی تایبەتی 560 پێشمەرگەیى بڕیاری خۆڕادەستنەکردن دەدات و لە 25ی نیسان گەیشتووەتە ناوچەی نیشتەجێبوونی مزورییەکان و لە 27ی ئایاردا لەگەڵ هەڤاڵانی بەبێ زیان سنووری کۆماری تورکیای بڕیوە، ڕۆژێک دواتر بە مەبەستی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و پلاندانان بۆ بەڕێکەوتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی فراوانی جرمی لە گوندی جرمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لەم کاتەدا سەرکردایەتى شەڕی چیای سوسوز و دەشتی ماکۆی لە باکووری ڕۆژاوای ئێران لە دژی سوپای ئێران کردووە، لە 18ى حوزەیراندا لەگەڵ هەڤاڵانی، خۆی گەیاندووەتە سنووری یەکێتی سۆڤیەت و پەنای وەبەر ئەو وڵاتە بردووە و دواکەس بووە کە لە ڕووباری ئاراسەوە بەرەو خاکی یەکێتی سۆڤیەت پەڕیوەتەوە، لە 29ی ئەیلوول لە شاری باکۆ بە مەبەستی وەرگرتنی هەڤاڵانی وەک پەنابەر، چاوی بە کاربەدەستانی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت کەوتووه، لە 10ی کانونی یەکەمدا لەگەڵ هەڤاڵانی بە مەبەستی ڕێکخستنەوە دەبرێنە شاری باکۆ لە کۆماری ئازەربایجان و لە 29ی ئابدا لەگەڵ تەواوى هەڤاڵانی دەگاتە کۆماری ئۆزبەکستان.
لە 13ی ئاداری 1949ز. لەلایەن دەسەڵاتدرانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە شاری تاشکەندەوە بۆ شارۆچکەی چمبای دوورخراوەتەوه، دواى چەند ساڵێک لەیەک دابڕان، لە مانگی نیسانی ساڵى 1952ز. لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لە تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان لەگەڵ هەڤاڵانی کۆبووەتەوە و باسی درێژەدان بە خوێندنی پەیمانگا و زانکۆی بۆیان کردووە.
جەنەڕاڵ بارزانى، ساڵی 1953ز. لە شاری مۆسکۆ نێشتەجی کراوە، ماڵەکەی شوێنی حەوانەوەی گشت پەنابەرانی کورد بووە، ساڵی 1956ز. سەردانی کوردانی ئەرمەنستانی کردووە و لەسەر پێشنیازی ئەو ماوەی بەرنامەی کوردی لە ڕادیۆی یەریڤان لە نیو کاتژمێرەوە بۆ یەک کاتژمێر و نیو زیادکراوە.
گەڕانەوە بۆ ئێراق:
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی تەمووز و ڕێگەدان بە گەڕانەوەی، لە 21ی ئابی 1958ز. شاری مۆسکۆی بەجێهێشتووە و لە ڕێگەی گەڕانەوەی لەلایەن سەرۆکی وڵاتی ڕۆمانیا و سەرۆککۆماری چیکۆسلۆڤاکیاوە پێشوازی لێکراوە، لە 2ی ئەیلوولی ئەو ساڵەدا بە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 1958ز. کە لەلایەن ئەنجوومەنی سەروەری ئێراقەوە واژۆ کرابوو، بەر لێبوردن کەوتووە. لە 10ی ئەیلوولدا وەڵامی بروسکەی عەبدولکەریم قاسمى سەبارەت بە موڵەتی گەڕانەوەی بۆ نیشتمانی داوەتەوە و لە 17ی ئەیلوولدا بە فڕۆکە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی شاری پراگ، دوو ڕۆژ دواتر گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی قاهیرە و لە کۆشکی قوببە لەلایەن جەمال عەبدولناسری سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکراوە، لە 6ی تشرینی یەکەمدا لە فڕۆکەخانەی موسەنای شاری بەغدا دابەزیوە و لەلایەن تەواوی پێکهاتەکانی ئێراقەوە پێشوازی لێکراوە، دوای چەند ڕۆژ لە گەڕانەوەی، لە بارەگای وەزارەتی بەرگری ئێراق، چاوی بە زەعیم ڕوکن عەبدولکەریم قاسم کەوتووە و سەبارەت بە هاوبەشیەتی کورد و عەرەب لە ئێراقدا گفتوگۆیان کردووە.
لە 22ی تشرینی یەکەمدا سەردانی شاری هەولێری کردووە و لەلایەن عەلائەدین مەحمودی موتەسەریفی هەولێر و خەڵکی شارەکەوە پێشوازیی لێکراوە و سێ ڕۆژ دواتر سەردانی شاری کەرکووکی کردووە و لەلایەن کەسایەتییەکانى کورد و جەماوەری شار و فەرماندەی لەشکری دووی سوپای ئێراقەوە پێشوازی لێکراوه، لە 30ی تشرینی یەکەمدا بە سەردانێک گەیشتووەتە شاری سلێمانی و لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازی لێکراوە و لە ماڵی شێخ لەتیفی حەفید دابەزیوە و دواتر سەردانی گڵکۆی شەهیدان مستەفا خۆشناو و محەمەد قودسی، ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد و خانەوادەکانیانى کردووە.
لە 16ی نیسانی 1959ز. لە بەندەری بەسڕەی باشووری ئێراقەوە پێشوازی لە کەشتیی گڕۆزیا کردووە کە هەڵگری یاوەرانى بووە، ئەوانەى کە لە ساڵى 1947ز. لەگەڵى چووبوونە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1959ز. بە یاوەری بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی سەردانی گڵکۆی شەهید خەیروڵا عەبدولکەریمی ناسراو بە خەیروڵا گورجیزادەی لە شاری هەولێر کردووە.
قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول
لە 11ی ئەیلوولی 1961ز. لە پێناو مافەکانی گەلی کوردستان ڕابەرایەتی شۆڕشی ئەیلوول کرد، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری پێشمەرگە سەردانی ناوچەی دهۆک کردووە و دەڤەری بادینانی بەسەر سێ فەرماندەییدا دابەش کردووە و لە 12ی کانوونی یەکەمدا سەرکردایەتى شەڕی زاوێتەی کرد.
ساڵی 1965ز. فەرماندەیی شەڕی پێنجوینى لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ساڵی 1966ز. فەرماندەیی داستانی هەندرێنی کردووە کە تیایدا دوو بەتالیۆنی سوپای ئێراق لە ناوبراون، لە 15ی نیسانی 1967ز. سەرۆکایەتی کۆنفرانسی (سەربازی – ڕامیاریی) کانی سماقی کردووە، لە سەرەتای ساڵی 1969ز. پلانداڕێژەری لێدانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک بووە کە لە 1ی ئاداردا لەلایەن تۆپخانەی شۆڕشی ئەیلوولەوە سووتێندرا، لە ڕۆژانی 27 تا 29ی تشرینی دووەمی 1973ز. سەرپەرشتیی کۆنفرانسی ڕامیاری – لەشکریی چۆمانی کردووه.
گفتوگۆکانی ئاشتی و دانووستاندن:
مستەفا بارزانی لە 7ی کانوونی دووەمی 1944ز. یەکەمین دانووستاندنى لە شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ نوێنەری ئێراق کە ماجید مستەفا بوو لە نزیک گوندی سپیندار ئەنجامدا و بەهۆیەوە لە سەرەتای مانگی شوباتدا شێخ ئەحمەد بارزانی (1892-1969ز.) لە دەستبەسەری لە ناوەڕاستی ئێراق ئازاد کرا و گەڕایەوە دەڤەری بارزان، لە 12ی شوباتی هەمان ساڵدا بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستاندنەکان، سەردانی شاری بەغدای کردووە و چاوی بە عەبدولئیلاھ کەوتووە، هەر لە هەمان ساڵدا لەلایەن یانەی پێشکەوتنی کوردانەوە لە شاری بەغدا میوانداری کراوە و چاوی بە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە کوردەکانی بەغدا کەوتووە.
ساڵی 1945ز. لە شاری بەغدا چاوی بە نوری سەعید، سەرۆکوەزیرانی ئێراق کەوتووە، لە 25ی ئاداری ساڵی 1945ز. لەگەڵ مستەفا خۆشناو (1912-1947ز.) و محەمەد قودسی (1922-1947ز.) لە گوندی شاوراو بە مەبەستی دانووستان، چاوی بە کاپتن ستۆکسى، نوێنەری باڵیوزخانەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە ئێراق کەوتووە.
لە 21ی کانوونی یەکەمی 1946ز. بە سەرۆکایەتی شاندێکی باشووری کوردستانی بە مەبەستی دیدار و دانووستاندن لەگەڵ شای ئێران سەردانی شاری تارانی کردووە.
لە 4ی شوباتی 1963ز. لە کانی مارانى سەربە پارێزگای هەولێر، بە مەبەستی دانووستاندن بۆ هێنانەکایەی ئاشتی لەنێوان هەردوولادا چاوی بە شاندێکی حکومەتی ئێراقی بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ تاهیر یەحیا تکریتی کەوتووه.
ساڵی 1964ز. پریماکۆڤ بە نوێنەرایەتی یەکێتی سۆڤیەت بە مەبەستی ئامادەکردنی زەمینەی دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی ئێراقی، سەردانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە، لە 24ی ئابی 1964ز. بە مەبەستی دانووستان پێشوازی لە لیوا ڕوکن عەبدولڕەحمان محەمەد عارف (1916-2007ز.)ى سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێراق و شاندی یاوەری کردووە، لە 11ی تشرینی یەکەمی 1964ز. داواکاریی کورد کە بریتی بوو لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، دەخاتە بەردەستی عەبدولسەلام محەمەد عارف (1921-1966ز.)ی سەرۆککۆماری ئێراق.
لە 8ی تشرینی یەکەمی 1966ز. لە گوندی جوندیان بە مەبەستی دانووستان بۆ ڕێککەوتن و ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد، پێشوازی لە لیوا ڕوکن عەبدولڕەحمان محەمەد عارفی سەرۆککۆماری ئێراق کردووە و لە 15ی حوزەیرانی 1966ز. لە گەڵاڵە، پێشوازی لەشاندی حکومەتی ئێراقی کرد کە بە مەبەستی دانووستاندن سەردانیان کردبوو.
لە 15ی ئەیلوولی 1967ز. لە بارەگای تایبەتی خۆی پێشوازی لە جەنەڕاڵ تاهیر یەحیا سەرۆکوەزیرانی ئێراق کردووە و لە 31ی کانوونی یەکەم بە مەبەستی دانووستاندن لە بارەى مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی ئێراقی بە سەرۆکایەتی عەبدولخالق سامەڕایی ئەندامی سەرکردایەتی حزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست و عەزیز شەریف و لیوای خانەنشین فوئاد عارف کردووە.
لە 10ی کانونی دووەمی 1970ز. لە گوندی ناوپردان بە مەبەستی دانووستاندن پێشوازی لە سەدام حسێن، جێگری سەرۆککۆماری ئێراق کرد و لە ئەنجامدا لە 11ی ئاداری هەمان ساڵدا مافی ئۆتۆنۆمیی بۆ باشووری کوردستان بە دەستهات، هەمان ساڵ لە پێناو یەکڕیزی ناوماڵی کورد، فەرمانی بەخشینی بۆ گروپی ئیبراهیم ئەحمەد – جەلال تاڵەبانی دەرکرد.
هەوڵە دیبلۆماسییەکان:
لە ساڵی 1947ز. دوای گەیشتنی بە خاکی یەکێتی سۆڤیەت، نامەیەکى ئاڕاستەی جۆزیف ستالینى ڕێبەری حزبی شیوعی سۆڤیەت کرد و تێیدا داوای پشتگیری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی کرد، لە ئاداری ساڵی 1951ز. نامەیەکی ئاڕاستەی خرۆشۆڤ کرد و بارودۆخی پەنابەرانی باشووری کوردستانی بۆ ڕوونکردەوە و لەم بارەیەوە لێژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکان پێکهێنرا.
ساڵی 1956ز. لە بروسکەیەکدا بۆ جەمال عەبدولناسری سەرۆککۆماری میسر، دژ بە هێرشی سێلایەنەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، کۆماری فەڕەنسا و کۆماری ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری میسر هەڵوێستی نیشان داوە.
لە 1ی تشرینی یەکەمی 1960ز. بروسکەیەکى ئاڕاستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە و سەبارەت بە زۆرداری شانشینی ئێران و کۆماری تورکیا بەرانبەر بە کورد ناڕەزایەتی دەربڕیوه، لە 6ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا لەسەر بانگهێشتی فەرمی کاربەدەستانی یەکێتی سۆڤیەت و بە مەبەستی بەشداری لە جەژنی ئۆکتۆبەر، سەردانی یەکێتی سۆڤیەتى کردووە، لە 29ی تشرینی یەکەم بە یاوەریی شێخ ئەحمەدی بارزان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، سەردانی زەعیم ڕوکن عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکوەزیرانی ئێراقی کردووە.
پایزی ساڵی 1962ز. لە ڕێگەی ئەحمەد تۆفیق (عەبدوڵڵای ئیسحاقی)یەوە نامەیەکی بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بارودۆخی شۆڕشی ئەیلوول و پرسەنامە بۆ کوژرانی جۆن کەنەدی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاڕاستەی کۆنسوڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شاری ئەسفەهان کردووە.
لە 15ی تەموزی 1965ز. نامەیەکى بە مەبەستی داوای پشتگیریکردنی پرسی کورد، ئاڕاستەی جەنەراڵ دیگۆلی سەرۆککۆماری فەڕەنسا کردووە، لە 3ى تشرینی یەکەمدا و لە بارەگای تایبەتی خۆی پێشوازی لە جولیان ئیمری نوێنەری حکومەتی بەریتانیا کردووە و هەمان ساڵ نامەی بۆ ئۆتانتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە، ساڵێک دواتر لە 1ى کانوونی دووەمدا سەبارەت بە لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراقەوه، نامەیەکی بیرخەرەوەی خستووەتە بەردەم دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 15ی کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا سەبارەت بە دۆزی کورد لە باشووری کوردستان، نامەیەکی بیرخەرەوەیتری خستووەتە بەردەم ویڵسنى سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، ساڵی 1966ز. نامەیەکی سەبارەت بە دۆزی کورد پێشکەشی کۆنگرەی هاڤانا (کۆنگرەی سێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقیا و ئەمریکای باکوور) کردووە.
لە 28ی ئابی 1967ز. نامەیەکی لە بارەی دۆزی کورد و سیاسەتی قڕکردنی کورد لە ئێراق، بۆ جەمال عەبدولناسر (1918-1970ز.) ناردووە، لە شەڕی شەش ڕۆژەی عەرەب و ئیسرائیلدا لەسەر داخوازی سەرکردەکانی عەرەب، بە تایبەتی شا حسێن هاشمی، لە 5ی حوزەیرانى
1967 بێلایەنی هەڵبژاردووە، لە هاوینی ساڵی
1969 پێشوازی لە یاقۆ مەلک ئیسماعیل ئەندامی لێژنەی جێبەجێکاری یەکێتی ئاسووری جیهانی کردووە.
ساڵی 1971ز. پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی تورکیا کرد و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵیان باسکرد و بۆ ئەوەی بارودۆخی کۆماری تورکیا ئارام بێت، داوای ئازادکردنی هەزاران بەندکراوی کوردی لێکردن، سەرەنجام بەخشین بۆ بەندکراوە کوردەکانی باکووری کوردستان دەرچوو و بەشێکی زۆریان ئازادکران.
لە 2ى حوزەیرانی 1971ز. لە بارەگای تایبەتی خۆی لە حاجی ئۆمەران پێشوازی لە شاندێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی بولگاریا و لە 27ی ئاداری 1973ز. پێشوازی لە کەمال جونبڵاتی سەرۆکی حزبی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیستی لوبنانی کردووه.
لە 18ی ئابی 1973ز. سەبارەت بە کۆکردنەوەی گازی ژەهراوی لەلایەن سوپای ئێراقەوه، نامەیەکی بیرخەرەوەی ڕادەستی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە شاری جنێڤ کردووە، لە 25ی تشرینی یەکەمی
1971 لە بارەگای حاجی ئۆمەران پێشوازی لە شاندی لێژنەی پشتگیری گەلانی ئاسیایی و ئەفریقی و سۆڤیەتی کردووە کە لە جێگری سەرۆکی لێژنە، باباجان غەفورۆڤ و ئەندامێتی دکتۆر ئەندریە زاخارۆڤ و گریگۆری نیتشکین و سەعید کامیلێڤ پێکهاتبوون.
کاتێک لە 11ی ئاداری 1974ز. یاسای ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆکی ئەنجوومەنی شۆڕش و سەرۆککۆماری ئێراق یەکلایەنە جاڕدرا و کەرکووکی لە کوردستانی دابڕاند، نامەیەکی بۆ کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی نارد کە لە ڕۆژانی 19 تا 26ی تشرینی یەکەمی 1974ز. لە شاری ڕیاز سازکرا و تایبەت بوو بە کوشتاری سوپای ئێراق دژ بە نەتەوەی کورد.
لە تشرینی یەکەمی 1974ز. و لە شاری تاران چاوی بە هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوت و لە 10ی ئاداری 1975ز. نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستە کرد، لە 11ی ئاداری هەمان ساڵ و لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر، لە کۆشکی شای ئێران، چاوی بە محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی کەوت و لە ڕێککەوتن لەگەڵ سەدام حسێنی جێگری سەرۆککۆماری ئێراق ئاگاداری کردەوە و پێی ڕاگەیاندن کە ئەم ڕێککەوتنە بە قازانجی شانشینی ئێران نییە.
ساڵی 1976ز. لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتۆن وتارێکی لەمەڕ شۆڕشی کوردستان پێشکەشی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکە کرد و هەمان ساڵ چاوی بە سیناتۆر جاکسۆن و سیناتۆر پرۆکسمایەر و مینی و کۆنگرێسمان ستیڤن سۆلارز کەوت و سەبارەت بە دۆزی کورد گفتوگۆی لەگەڵیان کرد، هەر لەو ساڵەدا بە مەبەستی باسکردن لە پشتکردنی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شۆڕشی کورد و بۆ ئەوەی ڕای گشتی بۆ دۆزی کورد ڕابکیشێت، دیدارێکی ڕۆژنامەڤانی لەگەڵ گۆڤاری ( (The ViIIage Voice ئەنجامدا.
ساڵی
1977 نامەیەکی بۆ جیمی کارتەری سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناردووە و بارودۆخی کوردستان و دۆزی کوردی بۆ ڕوونکردووەتەوە.
هەوڵەکانی تیرۆرکردن
لە ناوەڕاستی ساڵی
1936 لە شاری موسڵ و لە کاتی دانووستاندن لەلایەن پارێزگاری ئەوسای موسڵەوە ژەهر کراوەتە ناو قاوەکەى و ژەهرخوارد کراوە، بەڵام بە هەوڵی هەندێک کەسایەتی دۆست، پزیشکی بۆ بانگ کراوە و لە مەرگ ڕزگاری بووە.
ساڵی
1943 حکومەتی ئێراقی خەڵاتێکی پەنجا هەزار دیناری بۆ ئەو کەسە دانا کە مستەفا بارزانی بکوژێت و دوو ساڵ پاشتر و لە 19ی ئابی
1945 دادگای عورفیی سەربازی فەرمانی زەوتکردنی گشت دارایی گواستراوە و نەگواستراوەی بۆ دەرکرد و شێخ ئەحمەدی بارزان و مستەفا بارزانی و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی بە لەسێدارەدان حوکم دا.
کاتێک لە دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت لە ڕۆژانی 25 تا 26 سەردانی شاری کەرکووکی کرد، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەلایەن موقەدەم هیدایەت محەمەد ئەرسەلان فەرماندەی پۆلیسی سەربازی ڕزگاری بوو.
لە 17ى کانونی یەکەمی
1961 عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکوەزیرانی ئێراق بە ناوی دانووستانەوە عەقید حەسەن عەبودی ناردە لای بارزانی و لەو کاتەدا شوێنی کۆبوونەوەکەی بۆدرومانکرد، بەڵام لەبەر هۆشیاری بارزانی هەردووکیان ڕزگاریان بوو.
لە 10ی حوزەیرانی
1963 لەلایەن عەلی ساڵح سەعدی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێراق و ئەندامی سەرکردایەتی شۆڕش و ئەندامی سەرکردایەتی حزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستییەوه، بڕی سەد هەزار پاوەن خەڵات بۆ گرتنی سەرۆک مستەفا بارزانی بەزیندوویی یان مردوویی ڕاگەیەنرا.
له 29ی ئەیلوولی
1971 لەلایەن دەزگای ئەمنی عامەی ئێراق و بە ئاگاداری سەدام حسێن، شاندێکی مەلا و کۆماندۆس لە حاجی ئۆمەران کە بە ناوی دانووستانەوە هاتبوونە لای بارزانی، خۆیان تەقاندەوە، لەم کردە تیرۆریستییەدا بە سووکی بریندار بوو.
قۆناغی دوای نسکۆ و چوون بۆ ئەمریکا
مستەفا بارزانی ساڵی
1975 بەهۆی نسکۆی شۆڕش و پیلانێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە ئاوارەی شانشینی ئێران بوو، لە مانگی ئابی هەمان ساڵ بۆ چارەسەری نەخۆشی و گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهانی ئازاد، بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆیشت و لە کۆتایی مانگی ئوکتوبەردا گەڕاویەوە بۆ وڵاتی ئێران.
لە حوزەیرانی
1976 بۆ جاری دووەم بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و لە مایۆ کلینک و لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون و نەخۆشخانەی سبیل چارەسەری وەرگرت.
لە سەرەتای ساڵی
1979 بۆ جاری سێیەم و دواجار لە نەخۆشخانەی زانکۆی جۆرج تاون مایەوە و لە 1ى ئاداردا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لە 5ی ئادار و لە شارەدێی شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس بە خاک سپێردرا، لە پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و لە 6ی تشرینی یەکەمی
1993 بۆ دواجار لە کەژاوەیەکی پڕ سەرفرازیدا، ڕوفاتی پیرۆزی هێنرایەوە بۆ باشووری کوردستان و لە خاڵی سنووری باشماخ لەلایەن جەلال تاڵەبانی (1933-2017) و نێچیرڤان بارزانییەوە پێشوازی لێکرا و لە 8ی تشرینی یەکەمدا و لە گوندی بارزانی زێدی خۆی بۆ هەمیشە بەخاک سپێردرا.
سەرچاوەکان:
آرچیبالد ڕوزفلت، شوق آموختن، ترجمە صهبا سعیدی، چاپ دوم، (تهران انتشارات اطلاعات
1374 ھ . ش).
عبدالعزیز یاملکي، مذکراتي کشف القناع عن بعض الوقائع العراقیة
1923 1958، (السلیمانیة مرکز ژین للتوثیق والدراسات 2019م).
هارفي موریس وجون بلوج، لا أصدقاء سوی الجبال، ترجمة ڕاج آل محمد، الطبعة الثالثة، (قامشلي دار نقش 2020م).
کورتە باسێک لە ژیاننامەی باوک ڕوحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر، ڕۆژنامەی حمرین، ڕاگەیاندنی کوردانی فەیلی، ژمارە 15، هەولێر، کۆتایی ئابی 2000ز.
ڕمزي محمد عسکر، البارزاني الخالد کرس اکثر من نصف قرن من حیاته لانقاذ شعب مظلوم وتحریر وطن مجزأ، جریدة خەبات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الکوردستاني، العدد 816، أربیل، الجمعة، 28 شباط 1997م.
مەسعود بارزانی، بۆ مێژوو، (هەولێر چاپخانەی ڕۆکسانا 2020ز).
محەمەد عەلی ئەحمەد، باری یاسایی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرگێڕانی بایەزید حەسەن عەبدوڵڵا ، (سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2018ز).
عزیز حسن البارزاني، الحرکة القومیة الکوردیة التحرریة في کوردستان العراق
1939 1945، (دهوک دار سپیریز للطباعة والنشر مطبعة وزارة التربیة 2002م).
ملامح من حیاة الملا مصطفی البارزاني، جریدة خەبات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الکوردستاني، العدد 810، أربیل، الجمعة، 10 کانون الثاني 1997م.
ڕجائي فاید، أکراد العراق الطوح.. بین الممکن والمستحیل، (القاهرة دار الحریة للصحافة والنشر 2005م).
م.لازاریف، المسألة الکوردیة
1923 1945 النضال والاخفاق، ترجمة د.عبدي حاجي، (أربیل مؤسسة موکریاني للبحوث والنشر مطبعة مؤسسة ئاراس 2007م).
مسعود بارزاني، للتاریخ، (أربیل مطبعة ڕوکسانا 2020م).
جەمال نەبەز، کوردستان و شۆڕشەکەی، وەرگێڕانی کوردۆ، (سوید بنکەی چاپەمەنی ئازاد 1985ز).
أعداد اللقاء: وصفي حسن، ذکریات محارب قدیم ڕافق البارزانی في مسیرتە التاریخیة الی بلاد السوڤیت، جریدة خەبات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الکوردستاني، العدد 816، أربیل، الجمعة، 28 شباط 1997م.
کەریم زەند، جەنەراڵ بارزانی نەمر و کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکگرتوو، ژمارە 1886، هەولێر، سێشەمە، 1 ئاداری 1994ز.
منوچهر پارسادوست، ما و عراق از گذشتە دور تا امروز، (تهران شرکت سهامی انتشار چاپخانە حیدری
1385 ھ . ش).
حمە أمین، حقائق عن الأکراد، القسم الثاني، جریدة الوجدان، عدد خاص 336/16، بیروت، 7 تشرین الأول 1956م.
الجنرال ملا مصطفی البارزاني، جریدة الوجدان، عدد خاص 327/9، بیروت، 20 أیلول 1956م.
جمال مورسی بدر، الأکراد ومناورات الاستعمار، مجلة الأهرام الأقتصادي، العدد 169، القاهرة، 1 أیلول 1962م.
عثمان علي، دراسات في الحرکة الکوردیة المعاصرة
1833 1946 دراسة تاریخیة وثائقیة، (أربیل مکتب التفسیر مطبعة الثقافة 2003م).
حسین بدیوي، خطوة علی الطریق الی البیت الکوردي الکبیر، (أربیل مؤسسە موکریاني للطباعة و النشر مطبعة وزارة التربیة 2006م).
پرش، بارزان و جنبش آگاهی ملی کرد، ترجمە حسین ابراهیمی، (بی جا
1380 ھ . ش).
ویلسون ناثانیل هاول، الکورد والاتحاد السوفیتي، ترجمة ضیاء الدین المرعب، مراجعة فؤاد حمە خورشید و فائزة ڕشید جمعة، (بغداد دار الثقافة والنشر الکردیة مطبعة أیلاف 2006م).
موجتەبا محەمەد عەبدولقادر، بارودۆخی سیاسی کوردستان
1880 1946، وەرگێڕانی نازناز محەمەد عەبدولقادر، یوسف خزر چووپان و سۆران عەلیپوور، (هەولێر دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە 2005ز).
ولیام ایغلتن الأبن، جمهوریة مەهاباد جمهوریة
1946 الکردیة، ترجمة وتعلیق جرجیس فتح اللە، (أربیل دار آراس للطباعة والنشر و منشورات الجمل 2012م).
علي سنجاري، القضیة الکوردیة وحزب البعث العربي الأشتراکي في العراق، الجزء الثالث، (دهوک مطبعة خاني 2012م).
کاظم حیدر، الأکراد من هم و الی أین؟، (بیروت منشورات الفکر الحر 1959م).
قدري جمیل باشا، مسألة کردستان، تنقیح وتقدیم عزالدین مصطفی ڕسول، الطبعە الثانیة، (بیروت 1997م).
مسعود باتێلی، کاریزما مەلا مستەفا بارزانی د پراکتیزەکرنا هزرێن یاسایی دا، (هەولێر چاپخانەی ئاراس 2011ز).
محمد مراد فتاح، کەلتورێ بارزانی، (زاخو چاپخانا کوردستان 2013ز).
ماجد عبدالرضا، المسألة القومیة الکردیة في العراق
1958 1975، (بدون مکان 1987م).
کریس کوچرا، جنبش ملی کرد، ترجمەی ابراهیم یونسی، چاپ دوم، (تهران موسسە انتشارات نگاه 1377ﮪ ش).
دیوید آدامسن، پیکار کردستان، ترجمە جواد هاتفی، (تهران مؤسسە انتشاراتی عطائی چاپخانە محمدعلی علمی
1348 ھ . ش).
درک کنان، کرد و کردستان ، ترجمە جواد هاتفی، (تهران مؤسسە انتشاراتی عطائی چاپخانە محمدعلی علمی
1348 ھ . ش).
مەهدی محەمەد قادر، پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراق
1945 1958، (سلێمانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان 2005ز).
عبدالرحمن قاسملو، کوردستان و کورد لێکۆلینەوەیەکی سیاسی و ئابووری، (بێ شوێن لە بڵاوکراوەکانی بنکەی پێشەوا 1973ز).
دیڤید مکدول، تاریخ الأکراد الحدیث، (بیروت دار الفارابي 2004م).
عبدالفتاح علي البوتاني، دراسات ومباحث في تاریخ الکورد والعراق المعاصر، (أربیل دار سپرێز للطباعة والنشر مطبعة حجي هاشم 2007م).
م.س.لازاریف و آخرون، تاریخ کوردستان، ترجمة د.عبدي حاجي، (أربیل دار سپیرێز للطباعة و النشر مطبعة حجي هاشم 2006م).
کرد و کردستان در گذار تاریخ، دکتر کمال ڕوحانی، (سنندج انتشارات آراس
1398 ھ . ش).
بن بوزید أسماء، مصطفی البارزاني ودورە في النضال الکردي
1943 1975، الجمهوریة الجزائریة الدیمقراطیة الشعبیة، وزارة التعلیم العالي والبحث العلمي، جامعة محمد بوضیاف المسیلة، کلیة العلوم الأنسانیة والاجتماعیة، قسم التاریخ، 2019م، (اطروحة ماستر غیر منشور).
عبدالسمیع خلف عبدحبیب الجنابي، تطور المشکلة الکردیة في العراق
1958 1968، جمهوریة العراقة وزراة التعلیم والبحث العلمي، جامعة الأنبار، کلیة الآداب، قسم التاریخ، 2017م، (اطروحة دکتوراە غیر منشور).
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا، وەرگێڕانی پاسار شێرکۆ، (سلێمانی چاپخانەی پەنجەرە 2016ز).
ئەحمەد باوەڕ، مێژووی هاوچەرخی ئێراق
1914 1968، (سلێمانی چاپخانەی کارۆ 2018ز).
ئەفراسیاو هەورامی، کورد لە ئەرشیفی ڕووسیا و سۆڤیەت دا، پێداچوونەوەی کوردییەکەی مستەفا غەفوور، (هەولێر دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە 2006ز).
ئەفراسیاو هەورامی، مستەفا بارزانی لە هەندێ بەڵگەنامە و دۆکیومێنتی سۆڤیەتیدا
1945 1958، تۆمارێکی زێڕین لە مێژووی گەلی کورد، (هەولێر دەزگای ئاراس چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە 2002ز).
احمد فوزي، قاسم والأکراد، خناجر وجبال، (بدون مکان 1961م).
ادگار ابالاس، جنبش کردها، ترجمە اسماعیل فتاح قاضی، (تهران مؤسسە انتشارات نگاە چاپ کیا
1377 ھ . ش).
بارزانی نەمر ژیان و ڕەوتی خەباتی، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 616، کۆتایی شوباتی 1992ز.
بیتر جی . لامبرت، الولایات المتحدة والکورد دراسة حالات عن تعهدات الولایات المتحدة، ترجمة مرکز الدراسات الکوردیة و حفظ الوثائق / جامعة دهوک، (دهوک جامعة دهوک مطبعة خاني 2008م).
گەڕانەوەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی بۆ ئێراق، گۆڤاری سلێمانی، شارەوانی سلێمانی، ژمارە 60، خولی سێهەم، سلێمانی، چاپخانەی دلێر، تەموزی 2005ز.
طارق جامباز، تفاصیل عملیة القصف الجوي لأغتیال البارزاني عام 1961، جریدة التآخي، لسان حال الحزب الدیمقراطي الکوردستاني، العدد1584، أربیل، الأثنین، 1 آذار 1993م.
کەریم زەند، جەنەراڵ بارزانی نەمر و کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکگرتوو، ژمارە 1886، هەولێر، سێشەمە، 1 ئاداری 1994ز.
جرجیس فتح اللە المحامي، العراق في عهد قاسم آراء وخواطر
1958 1988، الجزء الثاني، (السوید دار نبز للطباعة و النشر 1989م).
البارزانیون ومسیرة المأساة الطویلة، جریدة الشعلة، لسان حال الأتحاد الدیمقراطي الکردستاني العراق، العدد 15، أواخر کانون الأول 1987م.
لە یادی 28ە مین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی بارزانیی نەمردا، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژمارە 4208، سلێمانی، هەینی، 2 ئاداری 2007ز.
محمد سهل طقوش، تاریخ الأکراد 637 2015، ( بیروت دار النفائس للطباعة والنشر والتوزیع 2015م).
بهاءالدین نوري، ڕتل باز في حرکات بارزان 1932، (بغداد مطبعة المعارف 1932م).
عبدالجلیل صالح موسی، جمال عبدالناصر والقضیة الکردیة في العراق
1952 1970، (دهوک المدیریة العامة للصحافة والطباعة والنشر مطبعة محافظة دهوک 2013م).
ف . نیکیتین، العائلة البارزانیة، ترجمة کاوس قفطان، مجلة شمس کردستان، جمعیة الثقافة الکردیة، العدد الخامس، السنة الثانیة، آب 1973م.
حبیب محمد کریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الکوردستاني العراق (في محطات ڕئیسیة)
1946 1993، (دهوک مطبعة خەبات 1998م).
حسن مصطفی، البارزانیون وحرکات بارزان
1932 1947، الطبعة الثانیة، (بغداد دار آفاق عربیة للصحافة والنشر 1983م).
داڤید کۆرن، مەلا مستەفا ئەو ڕابەرەی لە ڕووی سیاسی و تەندروستییەوە خیانەتی لێکرا، بەشی سێیەم، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 3892، هەولێر، چوارشەمە، 15 کانونی دووەمی 2003ز.
داڤید کۆرن، مەلا مستەفا ئەو ڕابەرەی لە ڕووی سیاسی و تەندروستییەوە خیانەتی لێکرا، بەشی چوارەم، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 3893، هەولێر، پێنجشەمە، 16 کانونی دووەمی 2003ز.
داڤید کۆرن، مەلا مستەفا ئەو ڕابەرەی لە ڕووی سیاسی و تەندروستییەوە خیانەتی لێکرا، بەشی پێنجەم، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 3894، هەولێر، شەمە، 18 کانونی دووەمی 2003ز.
دانا ادمز شمدت، ڕحلة الی ڕجال شجعان في کوردستان، ترجمة و تعلیق جرجیس فتح اللە، (أربیل دار آراس للطباعة والنشر مطبعة وزارة التربیة 1999م).
درک کینان، کردها و کردستان، ترجمە ابراهیم یونسی، (تهران مؤسسە انتشارات نگاە چاپخانە نوبهار
1372 ھ.ش).
دیوید مک داول، تاریخ معاصر کرد، ترجمە ابراهیم یونسی، چاپ چهارم، (تهران نشر پانیذ چاپ دالاهو
1393 ھ.ش).
ڕەفیق ڕەحمان مام خول، مستەفا بارزانی ڕۆڵ و هەڵوێستی لە پێشهاتە سیاسییەکاندا
1958 1970، چاپی دووەم، (هەولێر چاپخانەی شەهاب 2013ز).
زبیر بلال اسماعیل، ثورة بارزان
1907 1935، (أربیل مطبعة وزارة التربیة 1998م).
سامي شورش، کردستان والأکراد، الطبعة الثانیة، (أربیل مطبعة ڕوژەەلات 2019م).
صبحي عبد الحمید، العراق في سنوات
1960 1969، (دمشق دار بابل للدراسات والاعلام 2009م).
عبدالعزیز العقیلي، تأریخ حرکات بارزان الأولی عام 1932، (بغداد مطبعة الشباب 1956م).
علي خلیل، مسیرة الشرف البارزانیة عام 1946، جریدة التآخي، العدد 1107، بغداد، مطبعة التایمس، الأربعاء، 9 آب 1972م.
علی عبداللە، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێراق تا بەستنی کۆنگرەی سێیەمی، (بێ شوێن ئەیلوولی 1968ز).
کاوس قفطان، الانتفاضات البارزانیة، (أربیل دار آراس للطباعة والنشر مطبعة وزارة التربیة 2002م).
گوینتەر دێشنەر، کورد گەلی لە خشتەبراوی غەدر لێ کراو، وەرگێڕانی حەمە کەریم عارف، (هەولێر چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری 1999ز).
محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە کورتە مێژووی پارتی و کولتووری بارزانی نەمر، چاپی دووەم، (هەولێر دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس 2007ز).
مروان صالح آل معروف، مصطفی البارزاني زعیم الحرکة التحرریة الکوردیة، (أربیل مطبعة حاج هاشم 2018م).
مسعود البارزاني، البارزاني والحرکة التحرریة الکردیة، المجلد الأول، الطبعة الثانیة، (بیروت کاوا للثقافة الکردیة 1997م).
مسعود البارزاني، البارزاني والحرکة التحرریة الکردیة، المجلد الثالث، الطبعة الثانیة، (أربیل مطبعة وزارة التربیة 2002م).
میرزا محمد أمین مەنگوری، بەسەرهاتی سیاسی کورد لە 1914وە هەتا 1958، بەشی دووەم، (سلێمانی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە چاپخانەی ڕاز 2001ز).
[1]