نووسەری گەورەی کوردی بە عەرەبی نووس عەبدولمەجید لوتفی کوڕی عومەر کوڕی عەبدولڕەحمان کوڕی محەمەد لە ڕۆژی 1905.06.30دا لە شاری خانەقین لە بنەماڵەی خەڵووزی لەدایکبووه.
ناوی ئەو بنەماڵەیان لە ئمانی عەرەبی بووەتە خلوصی، چونکە ئەوانە بە خەڵووزی، واتا خەڵووز فرۆش ناسراون، باوکی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا شەهید کراوه، ئەمیش خوێندنی دواناوەندی لە بەغدا تەواوکردووە و لەو شارە ژیاوە بۆیە نووسینەکانی بە عەرەبی بوون.
بنەماڵەی خەڵووزی گەلێک زانا ونووسەری لێهاتووی لێ هەڵکەوتووه.
عەبدولعەزیز خلوصیی برا گەورەی دادوەرێکی ناسراو بووە و دادگایی کردنی تاوانبارانی بەزمانی کوردی کردووە خۆیشی وێژەناسێکی گەورە و چیرۆکنووسێکی ڕاستەقینەی بووه، دکتۆر صفا و خلوصیی برازای پڕۆفیسۆرێکی زانا و مامۆستایەکی لێهاتووی زانکۆ بووە و لە زانکۆکانی بەغدا و ئۆکسفۆرد وانەی گوتۆتەوە و باشترین وەرگێڕ بووە لە ئینگلیزیەوە بۆ عەرەبی و بەپێچەوانەوەش.
عەبدولمەجید بۆ وێژە و نووسین و پەرتووک دانان خوڵقابوو، تا لە ژیاندا بووە 19 پەرتووکی بەنرخی چاپ و بڵاوکردۆتەوه، بەڵام کاتێک کە لە ڕۆژی 1992.10.27دا لەشاری بەغدا کۆچی دواییکرد، نزیکەی 190 پەرتووکی دەسنووسی لەپاش بەجێما و هەندێک لەو دەسنووسانەی بەزمانی کوردین و چونکە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی و بەچاکی دەزانی بۆیە چەند پەرتووکێکیشی لەزمانی تورکی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی بەزمانی کوردیش کەم کەمە نووسین و هۆنراوەی چوارێنی هەبوو.
عەبدولمەجید لوتفی لەپاڵ چیرۆک و ڕۆماننوسیشەوە شاعیرێکی هەست ناسک بوو، دیوانێکی هۆنراوەیی هەیە بەزمانی کوردی و زۆربەی هۆنراوەکانی چوارینن و تام و چێژی چوارینەکانی بابەتاهیری هەمەدانیان لێدێ و دەتوانین بڵێن یەکەمین وێژەناس بووە لە ئێراق و لە کوردستان پەخشانە هۆنراوەی لە سییەکانی سەدەی بیستەمەوە نووسیوه، لە چیرۆکنووسیشندا هاوتای جەعفەر ئەلخەلیلی و زەنوون ئەیوب بووه، عەبدولمەجید لوتفی تەمەنێکی باش ژیاو 87 ساڵ لە ژیاندا ململانێی لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵەکەیدا دەکرد و هەردەم لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بوو لە چوارچێوەی ئێراقدا لە هەموو چالاکییەکانی ڕۆشنبیری و زانستی کورددا بەشداریی دەکرد و لە کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقلاوە لە نێوانی 15-17ی ئابی 1960 بەشداریی کرد و گەلی پێشنیازی لەبارەی زمان و مێژوو وێژەیی کودری پێشکەش بە گۆنگرەکە کرد و پەسندکران هەستی نەتەوەیی پاڵی پێوەنا و ڕاسپاردەی کرد، کە پاش مەرگی تەرمەکەی ببڕێتەوە بۆ خانەقین تاکو لە کوردستان لە گۆڕستانی باوەڕ مەحمود لە سەر ڕووباری ئەڵوەند بنێژرێ هەتاکو خەڵکی بزانن، کە ڕۆڵەیەکی دڵسۆزی کورد بووە دەبێ ئەو ڕاستیەش بووترێت، کە گرنگی وێژەی عەبدولمەجید لوتفی لە زۆربەی بەرهەمەکەی نییه، بەڵکو چۆنێتی پتەوی بابەتەکانیەتی، چونکە لە هەموو کارە وێژەییەکانیدا یەکسانی و ئاشتی و برایەتی داوا دەکرد و لە دژی ستەم و زۆرداری بوو، هەندێ لە کارە وێژەکانی وەرگێردراتە سەر زمانی ڕووسی و ئیسپانی و فەڕەنسی و ئینگلیزی و تەنانەت ڕۆژهەڵاتناس و ڕەخنەگرێکی ڕووس بەبۆنەوەی کۆچی دوایی ئەم وێژە مەزنە گووتوویەتی گۆرکی ئێراق کۆچی دواییکرد.