لە ساڵی 1963ی زاینی لەگوندیسەقزلوی سەربەناوچەی فەیزۆڵابەگی، لەناو بنەماڵەیکی خاوەن ڕابردوویەکی شۆڕشگێڕانەو کورد پەروەرو مرۆڤ دۆستی بەگزادەکانی فەیزۆڵابەگی چاوی بەدونیای پڕ لەئازاری نەتەوەکەی پشکۆت.
ئەو کاتەی کەکاک سەعید تەمەنی گەیشتەئەو تەمەنەی کەبچێتەقوتابخانەی سەرەتایی لەگەڵ کاک ڕەشیدی برا گەورەی کەدواتریش کاک ڕەشید ڕۆڵی بەر چاوی هەبوو لەهاندانی کاک سەعید بۆ چوونەناو ڕێزی خەبات و بەرخۆدان. پێکەوەلەقوتابخانەیخاقانی لەشاری بۆکان خوێندنی سەرەتایی خۆی دەست پێکرد، ژیری و هوشمەندی کاک سەعید لەو تەمەنەکەمەدا هەر لەسەرەتاوەسەرنجی ماموستایانی ڕاکێشابوو، بەچەشنێک کەزۆربەی ئەو ماموستایانەلەگەڵ باوکی کاک سەعید پێوەندییان دەکرد و باسی تایبەتمەندییەکان و وشیارییەکانی کاک سەعیدیان بۆ بنەماڵەکەی کاک سەعید دەگێڕایەوە، دەیان وت سەعید قوتابیکی بێ وێنەیەو ئاستی وشیاری لەچاو هاوپولەکانی زۆر بەرزترەو بەباوکی کاک سەعیدیان دەوت کەتکایەئاگاتان لەو کوڕەبێت ئەوەدوا ڕۆژێکی گەشی هەیە.
کاک سەعید لەبۆکان درێژەی بەخوێندن دا، تا ساڵی1979 کەلەئێران و کوردستانی داگیرکراودا ئاڵۆگوڕی سیاسی بەهێز سەری هەڵداو کاک سەعید هەر لەسەرەتای بەشداریەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ خۆپێشاندانەکانی کۆتایی 70 کانی زاینی کەبۆ ڕۆخانی حوکمی پاشایەتی لەئێران دەستی پێکردەبوو چالاکانەبەشداری دەکرد. کاک سەعید هەر لەسەرەتاوەلەگەڵ کاک ڕەشیدی براگەورەی و زۆر لاوی دیکەی شاری بۆکان بەدوو هۆکار چوونەناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی چریکەفیدایەکانی خەڵکی ئێران، یەکەم بەهۆی ئەوەی کەئەوسا بیری چەپی و مارکسی باڵی بەسەر زۆربەی لاوانی ئازادیخوازی جیهان دا کێشابوو. دووهەم، بەهۆی ئەوەی کەئەو ڕێکخراوەباوەڕی بەمافی چارەنووسی نەتەوەجیاجیاکانی ئێران هەبوو.
لەپاش ڕووخانی حکومەتی پاشایەتی و ڕزگاریبوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چەند ساڵێک، کاک سەعید وێڕای درێژەدان بەخوێندن، بەردەوامیش بوو لەچالاکییەسیاسیەکانی لەناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی چریکەفیداییەکانی خەڵکی ئێران، کاک سەعید لەتەمەنی 15ساڵی دا بوو بەبەرپرسی پێشگامی ئەو ڕێکخراوەیەلەشاری بۆکان و بەرپرسیارییەتی پێگەیاندنی دەیان لاوی ئەو شارەی وەئەستوو گرت.حکومەتی تازەپێگەیشتووی ئێران لەژێر ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتاوەبەفتوای خومەینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆر زوو هێرشیان بۆ سەر شارو شارەچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکردو خەڵکی کوردستانیش بێ دەنگ ڕانەوەستان و لاوانی فیداکاری کوردبۆ بەرەنگاری هێرشی پاسدارانی ڕژیمی ئێران لەناو حیزب و ڕێکخراوەسیاسییەکانی ئەوسادا خۆیان ڕێک خستبوو، بەئیرادەیکی پۆڵاینەوەبەکەمترین ئیمکاناتی چەک وچۆڵی بەرەنگاری هێرشی پاسداران دەبوو. کاک سەعید لەو تەمەنەدا شان بەشانی کاک ڕەشیدی برای وهاوڕێ لاوەکانی بەشکڵی جۆراوجۆر بەربەرەکانی هێزی دوژمنیان دەکرد، هەر لەو دەورانەدا بوو کەناوی ڕەشیدوسەعیدی لاو بۆ زۆربەی خەڵکانی بۆکان، مەهاباد، سەقز، سنەو کامیاران ئاشنا بوو.
ساڵ لەدوای ساڵ کاک سەعید لەبواری فیکری وسیاسییەوەئاستی بەرز و بەرزتر دەبوو، وەبەحەق هەروەک ماموستاکانی لەقوتابخانەی سەرەتایی دا وتبوویان، ئاسوویەکی گەشی دەبێ.
بەڵام بەداخەوەکاک سەعید لەتەمەنێکی کەمدا، لەو ساڵانەی کەبوو پاراستنی شارو گوندی کوردستان هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەوپەڕی خۆنەویستییەوەبەرەنگاری هێزی دوژمن دەبوون، کاک سەعید شۆڕشگێڕو فیدای، زوربەی هاوسەنگەرەکانی، ئەوەانەی کەزۆر لێ نزیک بوون لەشەڕی قارەمانانەدا، گیانیان بەختی ئازادی و دێموکراسی و گەیشتن بەمافی دیاری کردنی چارەنووس کرد کەلەریزی ئەو خۆبەختکەرانەدا، کاک ڕەشید براگەورەو ماموستای، لەدەست داو کاک ڕەشید یەزدانپەنا لەخەرمانانی 1982ی زاینی لەشەڕێکی قارەمانەدا لەشاری بۆکان شەهید بوو. نەمانی کاک ڕەشید کاریگەریکی قوڵی بوو لەسەر کاک سەعید.
کاک سەعید لەپاش لەدەست دانی براگەورەی و زوربەی هاوڕێیانی نزیکی، سەهلەبۆ ساتێکیش وازی لەخەبات و تێکوشانی نەهێنا بەڵکوو خوێنی براکەی و هاوڕێیانی کردەهەوێنی خۆپێگەیاندن و خۆسازدان بەرەو ڕێبەرایەتی کردنی شۆڕشێکی قوڵتر.
کاک سەعید وێڕای تەمەنی کەمی، تائاستێکی بەرز لەبەرپرسیاریەتی لەناو ڕێکخراوی چریکەفیدایەکانی خەڵکی ئێراندا ڕۆیشت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا،هەمیشەلەناو کومیتەی ناوەندی ئەو ڕێکخراوەدا پارێزگاری لەمافەکانی نەتەوەی کورد دەکردو بەحەقیش تاکوو ئەو ڕۆژەی کەئەو دەرەفەتەلەبارەی بۆ ڕەخسا کەرێکخراوێکی ناسیوناڵیستی کورد دامەزرێنێ، بۆ ساتێکیش لەدیفاع لەنەتەوەی کورد لەناو ئەو ڕێکخراوەکەوێڕای باوەڕ بەمافی دیاری کردنی چارەنووس بوو، ڕانەوەستا کاک سەعید لەتەمەنی 21 ساڵی بەرەبەرەبیروکەی دامەزرانی ڕێکخراوێکی تەواو کوردستانی لەبیری دا گەڵاڵەکردو ساڵ لەدوای ساڵ بۆ دەرفەتێکی لەبارلەبوسەدا بوو.
کاک سەعید وەک بەرپرسی کومیتەی کوردستانی ڕێکخراوی چریکەفیداییەکانی خەڵکی ئێران، کارتێکەریکی بەرچاو و ڕۆڵێکی گەورەی هەبوولەسەر هەموو هاوڕێیانی، بەچەشنێک کەلەکاتی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوەی کەئاواتی بۆدەخواست هەموو هاورێیکانی لەگەڵ کەوتن. کاک سەعید لەکۆتایی ساڵەکانی 80 کانی زاینیدا بەرەبەرەهاورێیانی بۆ ئەو مەبەستەئامادەدەکرد، لەزۆربەی کۆبوونەوەکانی دا باسی لەوەدەکرد کەهیچ حیزب و ڕێکخراوێکی ئێرانی، هەرچەندەش چەپ و مارکسیستی بێت، هێشتاش ناتوانێ بەدیهێنەری ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان بێت، ئەو دەیوت کورد نەتەوەیکەو وڵاتەکەش داگیر کراوە، کەوا بوو دەبێ ڕێکخراوی تایبەت بەخۆی هەبێت.
کاک سەعید ئەو دەرفەتەی کەلەمێژ ساڵ بوو بیری لێ دەکردەوەلەبەهاری1991 دا بۆ ڕەخساو لەراگەیاندراوێک لەدایکبوونی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ڕاگەیاندو بناغەفیکری و سیاسییەکانی ئەو ڕێکخراوەیەی لەنامیلکەیکدا لەژێر ناوی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان باشتر بناسین گەڵاڵەکردو بەدامەزراندنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و داهێنانی کۆمەڵێک چەمکی نوێ،گۆڕوتین وفورمێکی دیکەی لەگۆڕەپانی خەباتی ڕزگاری خوازانەی نەتەوەی کورد خۆڵقاند.
لێهاتوویی و پێگەیشتنی فیکری وسیاسی کاک سەعیدیەزدانپەنا هەر وەک چۆن سەرەنجی زۆریەک لەتاکەکانی کوردی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو، هومێدی بەرێبوارانی ڕێگای سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بەخشیبوو، هەر واش سەرنجی داگیرکەرانی کوردستان بەگشتی و جەلادانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕاکێشابوو، هەر بۆیەش زۆر زوو ڕژیمی ئێران کەوتەداڕشتنی پلانێک بۆ ترۆری کاک سەعید، ڕێبەرو دامەزرێنەری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان.
وابووکەبەداخەوەلەئێوارەی ڕۆژی پێنج شەمەرێکەوتی28 ی خەرمانانی1370ی هەتاوی بەرانبەر بە19ی سپتامبر1991ی زاینی، لەشاری سلێمانی ترۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران توانیان، دڵی ئەو بیرمەندەلاوە، لەلێدان بخەن.