دانەری پەرتووکی ڕێنووسی زمانی کوردی لە ساڵی 1912 لەدایکبووە و خەباتگێڕی بەجەرگی کورد و ئەندامێکی کارای یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی #کەرکووک# و جێگری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەولقه، لە #کۆیە# سەریهەڵدا و لە کەرکووک ژیاو لە #سلێمانی# لە تەمەنی 72 ساڵی کۆچی دواییکرد.
ئەم مامۆستا کوردپەروەرە لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەمەوە بووەتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی کوڕان لە کۆیە و لە مانگی نیسانی 1936دا لەسەر خوێندن بە کوردی قوتابییەکانی پۆلی پێنجەم و شەشەمی هانداوە مان بگرن، چونکە ئەو ساڵە خوێندنیان کردبووە عەرەبی و لە ئەنجامی ئەم کارەدا داخوازییەکانی قوتابییان هاتنەدی و زمانی کوردی بووە زمانی خوێندن، کەچی ئەم مامۆستایە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە کۆیە دوورخرانەوه.
مامۆستا تایەر نووسەرێکی لێهاتوو بوو، پڕۆژەی ڕێنووسی زمانی کوردی دانا و لە ساڵی 1969دا لە چاپخانەی شیمال لە کەرکووک لە دووتوێی پەرتووکێکدا بەناوی ڕێنووس چاپی کرد و لە دواییدا کۆڕی زانیاریی کورد سوودێکی زۆری لێ وەرگرت و پەرتووکەکە دەکرێتە 144 لاپەڕەی قەبارە ناوەنجی.
مامۆستا تایەر سادق وەک مامۆستایەکی خاوەن ئەزموون و زانا بانگهێشت کرا بۆ بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ناوخۆی یەکەم و دووەمی مامۆستایانی کورد کە لە ساڵانی 1959 و 1960 دا لە هاوینەهاواری شەقڵاوە بەستران و گەلێک پێشنیازو ڕاسپاردەی بەکەڵکی لە بارەی خوێندنی زمان و مێژوو و وێژەی کوردی لە قوتابخانەکانی کوردستان و هەموو ئێراق پێشکەش کرد.
لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کوردیش لە #10-02-1970# دا بووە ئەندام لەو ڕێکخراوە وێژەییەو کە لقی کەرکووکی ئەو یەکێتییەش لە کەرکووک کرایەوە بەئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر و جێگری سەرۆک هەڵبژێردرا و گەلێک خزمەتی بزووتنەوەی وێژەی کوردی لەو پارێزگایەی کوردستان کرد لە دوا دوای ژیانیشدا چووە شاری سلێمانی و لەو شارەدا ژیا تاکوو لە ڕۆژی #05-11-1984# دا کۆچی دواییکرد.[1]