مێژوونووس و ڕۆژنامەگەریی لێهاتووی کورد ناوی تەواوی سەید حسێنی کوڕی سەید عەبدوللەتیفی کوڕی شێخ ئیسماعیلە و لە ساڵی 1893 یا 1883دا لە شاری #مەهاباد# چاوی ژیانی هەڵهێناوە و هەر لە منداڵییەوە نیشانەی بەهرە و بلیمەتی لێ بەدی کراوە و سەودای کوردپەروەریی بووه.
لە تەمەنی 12 ساڵیدا کەسوکاری خۆی و مەهابادی بەجێهێشتووە و ڕووی کردۆتە مەراغە و تەورێز و یەریڤان و 12 ساڵیش بەبەرگی ئەفغانی هەموو کوردستان و هەندەران گەڕاوە بۆ کۆکردنەوەی مێژووی کورد و تۆمارکردنی و یەکەمین کەس بووە بایەخی تایبەتیی دابێ بە نووسینی مێژووی کورد بە زمانی کوردی.
حوزنی لە هەموو چەشنە زانیارییەک دەدا و، لە مێژوو، وێژه، ڕۆژنامەگەریی، مۆرهەڵکەنی، وێنەگری و خۆشنووسی و کڵێشەی وێنەهەڵکەندن لەدار. بۆیە دەبینین گەلێک بەرهەمی وێژەی و مێژوویی داناوە و چاپی کردوون و تا خۆی لەژیاندا بووە لەنێوانی 1925 تاکوو 1947 هەژدە پەرتووکی بەنرخی چاپکردووە کە زۆربەیان لەسەر مێژووی کورد و کوردستان و بایەخی زانیاری خۆیان هەیه.
لەناو کورد دا یەکەمین کەس بووە چاپخانەی بۆ بەرژەوەندیی زمان و مێژووی و وێژەی کوردی دامەزراندووە و لە ساڵی 1915دا لە شاری حەڵەبی داناوە و لە دوایی دا لە ساڵی 1925دا گواستوویەتییە بۆ کوردستانی باشوور و لە شاری ڕەواندزی داناوە و لە ساڵانی 1926-1932دا گۆڤاری زاری کرمانجی پێ چاپکردووە و لەو ماوەیەدا 24 ژمارەی پتەوی لێ بڵاوکردۆتەوە و لە ساڵانی 1935 و 1936شدا لە شاری #هەولێر# لەگەڵ پارێزەر شێخ مستەفا گۆڤاری ڕووناکی دەرچوواندووە و لە ساڵانی 1943-1947یشدا گۆڤار و ڕۆژنامەی (دەنگی گێتی تازە) ی بە هاوکاریکردنی لەگەڵ مامۆستایان #تۆفیق وەهبی# و حەسەنی شێخ حەمە مارف لە شاری بەغدای پایتەختی ئێراق دەرچوواندووە و گەلێک و تاری مێژووی و کۆمەڵایەتی و دەقی وێژەی فولکلۆری کوردی لەو گۆڤار و ڕۆژنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە و دوای گەیاندنی خزمەتێکی زۆری زمان و کلتوور و مێژووی کورد و ڕۆژنامەگەریی لە ڕۆژی 20ی ئەیلوولی ساڵی 1947دا لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی هاتۆتەوە شاری هەولێر و لە گۆڕستانی ئیمان محەمەد بەڕێزێکی زۆرە وەنێژراوه.
هەندێک لەو پەرتووکانەی کە حوزنی لەسەر مێژووی کوردی نووسیونی ئەمانەن:
مێرگەی دڵان
خونچەی بەهارستان
پێشکەوتن
ئاوڕێکی پاشەوه
میرانی #سۆران#
کوردستانی موکوریان
بەکوورتی هەڵکەوتی دێریکی
لاپەڕەیەک لە دێریکی کوردستانی موکوری
ناودارانی کورد
حوزنی گەلێک ڕوپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامەو بە گەلێک نامیلکەی هێژا خزمەتی زۆری وێژەو مێژووی کورد کردوه.[1]