ساڵی 1918 لە گوندی بامەڕنی سەربە شارۆچکەی #ئامێدی# لەخێزانێکی خوێندەوار و ئایینی ناوداری ناوچەی بادینان لەدایک بووە و یەکێکە لە وەچەکانی یوسف #زاخۆ#لی کە زانایەکی ئایینی بەناوبانگ و جەنگاوەرێکی دلێری ناو شۆڕشەکەی بەدرخان پاشا بوو، ساڵح یوسفی نازناوی سەیدای لەدایکییەوە بۆ ماوەتەوە کە ئەویش لە بنەماڵەیەکی ئایین پەروەر و ناسراوی ناوچەکەیە.
ساڵح یوسفی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی بامەڕنی تەواوکردوو پاشان ساڵی 1938 خوێندنی دوا ناوەندی لە بەغدا تەواوکرد. هەر ئەو ساڵەش کرا بەمامۆستا و ڕەوانەی ناوچەی هەریر کرا. دواتر ساڵی 1943 کۆلیژی شەریعەی بە پلەیەکی زۆر باش تەواوکرد. بەڵام لەبەر دەستکوورتی بنەماڵەکەی و بۆ ئەوەی لە کارەڕامیارییەکانی ناو نیشتمان دانەبڕێت بڕیاریدا ئەو زەمالەی خوێندن ڕەتبکاتەوە کە لە زانکۆی ئەزهەری میسر بۆی تەرخان کرابوو.
ساڵح یوسفی لە ساڵی 1936دا بەشداری کرد لە دامەزراندنی ڕێکخراوی بروسکدا کەرێکخراوێکی ڕامیاری بچووک بوو، هەر لە ناوچەی بادیناندا چالاکی هەبوو. سێ ساڵ دوای ئەوەلەگەڵ ڕەفیق حیلمی و دڵداری شاعیر و چەند تێکۆشەرێکی تردا بەشداری کرد لە دامەزراندنی پارتی هیوادا، پاش هەڵوەشاندنەوەی پارتی هیوا لە ساڵی 1944دا، ساڵح یوسفی پەیوەندی کرد بەپارتی ڕزگاری کوردەوه، ئەوەی دواتر بوو بەرێکخراوێکی ڕامیاری گرنگ لە ناوچەکەدا.
سەرەتای ئابی 1946 پارتی ڕزگاری و پارتی شۆڕش یەکیان گرت و پارتی دیموکراتی کوردیان دامەزراند. ساڵح یوسفی یەکێک بوو لەئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئەو پارتە تازەیە. ساڵح یوسفی لە شۆڕشی ئەیلولدا بەردەوام خەریکی چالاکی ڕامیاری بووە و دوای ڕاگەیاندنی بەیانی ئازاری ساڵی 1970 چەند پۆستێکی گرنگی دەوڵەتی بەرکەوت.
لە ماوەی چوار ساڵی گفتوگۆی نێوان کورد و بەغداا، ساڵح یوسفی هەوڵی داوە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام بۆ ئەوەی جارێکی تر کوردستان نەبێتەوە گۆڕەپانی شەڕ و خوێن ڕشتن. پاش شکستەکەی ساڵی 1975، ساڵح یوسفی زۆر هەوڵی دا کاربەدەستانی بەغدا باوەڕی پێبکات کە ڕامیاری بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی خەڵکی کوردستان کەڵک بەئاساییشی ئێراق ناگەیەنێت، بۆیە لە مایسی 1976 دا ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆشیالیستدا و خۆی لە بەغداوە بەنهێنی ڕێنمایی و ئامۆژگاری پێویستی بۆ سەرکردایەتی ئەو پارتە ئەنارد کەخەباتی چەکدارییان لە کوردستاندا دەستپێکرد بوو.
لە مانگی مایسی ساڵی 1981دا لە کۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی کوردستاندا کە لە یەکێک لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستاندا بەسترا، ساڵح یوسفی کرا بەسکرتێری یەکەمی پارت، هەرچەندە خۆشی لە بەغدا بوو.
ساڵح یوسفی لە بواری ڕۆژنامەنووسیشدا تێکۆشەرێکی لێهاتوو بوو، هەر خۆی ئەم گۆڤار و ڕۆژنامانەی دەرکردووەالتاٌخی، برایی، ڕۆژی کوردستان، ئەستێره و نووسەری کورد.
ساڵح یوسفی لەناو هاوڕێکانیدا بەپیاوێکی هێمن و دیموکراتخواز و دڵپاک ناسرا بوو. بەپیلانێکی چەپەڵ ڕۆژی 1981-06-25 لە بەغدا تیرۆرکرا.[1]