حاجی قادر کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا ساڵحی کوڕی مەلا ئەحمەدی گەورەیه. ناوی دایکی فاتێ (فاتیمە) بووه. لەنێوەندی وێژە و ڕۆشنبیری کوردیدا ئەوە باوە وشەی حاجی پێشناوی چوونە حەجی نییه، چونکە حەجی نەکردووه، ناوی قادر یا عەبدولقادر بووە و لە مانگی حاجییان لە دایکبووە لەبەر ئەوە لە منداڵییەوە بە حاجی قادر ناوبانگی دەرکردووه.
حاجی لە ساڵی 1816 لە گوندی #گۆڕقەرەج# لە دایکبووه، ئەم ئاوایییە کەوتووەتە خوارووی ڕۆژاوای شاری #کۆیە# نزیک شوێنەواری گۆمەلاڵەی دۆڵی مۆردان.
حاجی زۆر منداڵ بووە کە باوکی مردووه. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا فاتێی دایکی ناویەتی بەرخوێندن. لە نەریتی ناو کوردەواری ئەوە باو بووە کوڕی تاقانە بە منداڵی باوکی کۆچی دوایی کردبێت دایکی دەیخستە بەرخوێندن. خوێندنی بەرایی حاجی لای مەلا ئەحمەدی #ئۆمەر گومبەت#ی بووه. ئەمە خاڵۆزاری حاجی بوو. لە دوای دوو ساڵ فاتێی دایکیشی کۆچی دوایی دەکا. بەم جۆرە بێ کەس دەمێنێتەوە و مەلا ئەحمەد بەخێوی دەکا.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/370/0004.JPG=KTML_Photo_Alt=حاجی قادری کۆیی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/370/0004.JPG=KTML_Photo_End=
لە خوێندنی حوجرە تا گەیشتۆتە قۆناغی فەقێیەتی لە کۆیە بووه.
لە هاوینی ساڵی 1853 لەگەڵ مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە وەک فەقێیێک بۆ خوێندن ڕوو لە گوندی #شێخ وەتمان# لە ناوچە #باڵەکایەتی# دەکا. هەردووکیان دەبن بەفەقێی مەلا محەمەدی کاک عەبدوڵڵا. لە دوای ماوەیەک حاجی لە مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە جیا دەبێتەوە و بەتەنیا بەرەو شارەکانی #سەردەشت# و سابڵاغ (#مەهاباد#) و #شنۆ# دەکەوێتە ڕێ، بۆ ماوەی شەش حەو ساڵ لەم شارانەدا دەمێنێتەوە تا پڕۆگرامەکانی خوێندنی حوجرە تەواو دەکات لە زانستەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی.
لە ساڵی 1862 مۆڵەتی دوازدە زانستی وەرگرتووە و بەڕێگای دەشتی لاجان و باڵەکایەتی گەڕاوەتەوە کۆیه.
ژیانی حاجی لە کۆیە ئاسان نەبووه، لەبەر ئەوە بەهیچ جۆرێک بۆی نەکراوە مەلایەتی بکات، یا خۆی نەیویستووە خەریکی پیشەی مەلایەتی بێ، هەروەها بێ ئۆقرەیی کاری لە ژیانی تایبەتی خۆی کردووە و بووە بەهۆی ئەوەی ژن نەهێنێ و خۆی نەخاتە ناو داوی خێزانی و تووشی بەخێوکردنی ماڵ و منداڵ نەبێ.
پەیوەندی حاجی بە ئاغا و کاربەدەستانی سەرەوەی کۆمەڵی کۆیە بنەماڵەکانی حەوێزی (بەتایبەتی #ئەختەر# -ئەمین ئاغای شاعیر) هەروەها غەفووری و مەلاکان باش بوو، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە لە تانە و توانجی سیستێمی دەرەبەگی و بزووتنەوەی دەروێشیزم کە هەمیشە لە خزمەتی دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی بوون ڕزگاری ببێ. لێرەدا شێخ نەبی ماویلی ڕۆڵی گرنگی بووە لە بەربەرەکانی کردنی حاجی و تەنگەتاوکردنی تا پلەیێک وڵات بەجێ بێڵێ و ئاوارەی وڵاتان بێ. ئەم شێخ نەبی ماویلییە مەلایێکی باش بووه، لە #ڕواندز# خوێندوویەتی و لەوێ ژیاوه. شێخی تەریقەتی نەقشبەندی بووه، ماڵی لە کۆیە بووه، ئامادە بووە هەرچی خراپە هەیە بیکا بۆ بەرژەوەندی خۆی و دابینکردنی وڵات. بێگومان هەڵوێستی کەسێکی وا بەرانبەر بەبلیمەت و ڕاستگۆ و زیرەک و نیشتمانپەروەر لەخۆبردوویەکی وەکوو حاجی لە کاری خراپە بەولاوە بەرانبەری هیچی دیکە نابێت.
حاجی سەری خۆی هەڵدەگرێ و ڕوو دەکاتە وڵاتی ئاوارەیی، لە ئەنجامدا لە ئەستەمووڵ دەنیشێتەوه. وەکوو نالی لەو شارە گەورەیەدا گوم نابێت. لە کوردی دڵسۆزی هاوڕەگەزی خۆی دەگەڕێ، هەندێکیان دەدۆزێتەوه، دیارترینی ئەو کوردانە چەندانێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان پاشا دەبن.
حاجی لە #ئەستەمبۆڵ# وەکوو جووتیارێکی دواکەوتووی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمی کوردستان ناکەوێتە ڕوو، هەروەها وەکوو کۆلکە مەلایەکی مردووشۆر نابینرێ، بەڵکوو وەک ڕۆشنبیرێکی شارەزا و هۆشیار و دڵ و دەروون پڕ لە هێزی پێشکەوتن و شۆڕشی خۆی دەنواند. لەبەر ئەوە کۆمەڵی تازەپێشکەوتوو لە چاو کۆمەڵە دواکەوتووەکەی خۆی زیاتر ڕێی بۆ خۆش دەکرد شتی نوێ فێر ببێ. نزیکی ئەستەمووڵ لە ئەوروپا ڕێگەی بۆ حاجی خۆش کرد بینینی بەرانبەر بە ئەوروپا فراوانتر بێ. ئۆتۆمۆبیل و شەمەندەفەری لەو وڵاتەدا چاو پێ کەوت. لە نزیکەوە ڕۆژنامە و کۆوارەکانی وڵاتی عوسمانی دەخوێندەوه.
بناغەی بوونی حاجی بەڕۆشنبیر و زانای هاوچەرخ و ڕامیاری و ستراتیجی و دانا لە کۆیە دەستی پێ کرد، لە کوردستانەوە ئەم بیروڕا نوێیانە لە لا درووست بووبوون بەڵام لە وڵاتی عوسمانی لەم لایەنەوە گەلێ شتی نوێ فێر بوو. حاجی کە پشتی لە وڵاتی خۆی کرد تەنیا شاعیر نەبوو، هەڵگری بیروباوەڕی نوێی دەرەوەی دوازدە زانستەکەی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی بوو، کۆمەڵی نوێ یاریدەی دا ئاسۆی بیروڕای مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی زیاتر فراوان ببێ ڕۆژگارانی ماوەی ژیانی حاجی لە وڵاتی عوسمانی زۆر ئاشکرا نییه، ڕاستە ئێمە دەزانین پەیوەندی بە بەدرخانییەکانەوە هەبوو، بەڵام لەو سەردەمەدا ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخانییان، خۆیان دەستبەسەر بوون چاوای خەفیە و سیخوڕی وڵات بەدوایانەوە بوون، لە هەموو هەرێمەکانی کوردستانی گەورە بڵاو بووبوونەوە هەروەها لە ئەستەمووڵ و شارەکانی سووریا و قاهیرەی میسر و جێگەی دیکە دەبینران، زیاد لەسەر ئەمە لە مەڵبەندی خۆشیان جزیری بۆتان دەژیان، جا ئێمە ئەوە دەزانین زۆربەی ژیانی ئەو وڵاتەی حاجی لەگەڵ ئەواندا لە ئەستەمووڵ بوو، بەڵام ڕەنگە لە جێگەی دیکەش لەگەڵیاندا ژیا بێ، جێی وەکوو جزیری بۆتان.
سەرچاوەی هەرە گرنگ بۆ ڕوونکردنەوەی ژیانی حاجی هۆنراوەکانی خۆیەتی، چونکە تەنیا هۆنراوەی دڵداری نەوتووە بەڵکوو چووەتە ناو ناخی ژیانی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەیەوه، بێگومان ئەم جۆرە هۆنراوانە زانیاری زۆر بەدەستەوە دەدەن، لەبەر ئەوە پێویستە بایەخ بەم جۆرە بەرهەمەی شاعیر بدرێ.
هەرچۆنی بێ لە دوای تەمەنێکی درێژ زۆربەی بۆ خۆی نالەباری بوو، بۆ نەتەوەی بەختیار بوو لە ئەستەمووڵ لە ساڵی 1897 کۆچی دواییکرد. وا باوە لە ئەستەمووڵ نێژراوه، بەڵام گۆڕی پیرۆزی دیار نییه.
ڕۆژنامەی کوردستانی قاهیرە لە ژمارە سییەمی 20ی مایسی 1898 بەهۆی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی حاجی هەواڵی مردنی بڵاوکردبووەوه.[1]