پیرباڵ مەحمود ئیبراهیم، لە ساڵی 1934دا لەدایکبووە و لە 17-10-2004، کۆچی دوایی کردووە، بەرهەمێکی زۆری لەهۆنراوەی ناسک و پتەو بەچاپکراوی و بەدەسنووسی لەپاش بەجێما.
ئەم شاعیرە بەهرەدارە جارێ هەر قوتابی دواناوەندی #هەولێر# بوو، دەستی دایە هۆنراوە نووسین و یەکەم جار کەوتەبەر کاریگەریی شاعیرانی عەرەبی کۆچبەران وەک ئیلیا ئەبوو مازی و جوبران خەلیل جوبران و شاعیری میسریش عەلی مەحمود تەها و هۆنراوەی ناسکی ڕۆمانسی بە زمانی عەرەبی دانا کە بەنموونەی سەرکەوتووی هۆنراوەی ڕۆمانسی دادەنرێن و لەهەنگاوی دووەمیشدا بەگەنجینەیەکی زۆری وێژەی نەتەوەییەوە چووە نێو گۆڕەپانی هۆنراوەی کوردی و گەلێک هۆنراوەی پتەوی لە چەند دیوانێکی هۆنراوەی بەچاپگەیاند و ناو بەناویش هۆنراوەی بە زمانی تورکمانیش دەنووسی.
شاعیر ڕۆڵێکی دیاری بووە لەیەکێتیی نووسەرانی کورد و لەگەڵ درووستبوونی ئەو ڕێکخراوە وێژەییەی کورد لە 02-10-1970دا بووتە ئەندامێکی چالاکی و بەشداریی لە کۆنگرەی دامەزراندنیدا کردووە کە لە ڕۆژی 23 و 24ی حوزەیرانی 1970دا لە بەغدا بەستراوە لە دواییشدا بووە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر و کاتێک کە لقەکە مۆڵەتی ئیشکردنی فەرمی پێدراو کرایەوە بووە ئەندامی دەستەی ئامادەکردنی دەستەی ئامادەکردنی کۆنفرانسی دامەزراندنی لقەکه، کە لە ڕۆژی 15-01-1971دا لەهۆڵی گەل لە شاری هەولێر بەسترا.[1]