ناوی عەبدوڵڵا کوڕی مەلا ئەسعەدی جەلی زادەیه، لە ساڵی 1834 لە کۆیە لە دایک بووه. سەرەتای خوێندنی حوجرەی مزگەوتی لە لای باوکی بووه. لە قۆناغی فەقێیەتیدا هاوڕێی حاجی قادری کۆیی بووه. پێکەوە ڕوویان کردۆتە ناوچەی باڵەکیان و لە گوندی شێخ وەتمان لە حوجرەی مەلا محەمەدی کاک عەبدووڵڵا خوێندوویانە.
جەلی لە ساڵی 1871 لەگەڵ باوکی حەجی کردووە لە ماوەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی حەج مەلا ئەسعەدی باوکی کۆچی دوایی کردووە و لە وڵاتی حیجاز بەخاک سپێراوه، ئیتر خۆی گەڕاوەتەوە کۆیە و بووە بەجێنشینی باوکی.
جەلی پێوەندی و ناسیاوی لەگەڵ مەلا و شێخانی دەروێشی ئەو سەردەمەدا بووە هی وەکو شێخ عومەری بیارەی نەقشبەندی و کاک ئەحمەدی شێخی قادری و مفتی زەهاوی و هی دیکه.
مەلا عەبدوڵڵا جەلی هەڵبژاردووە وەک نازناوی شیعری، ئەمەی لە نازناوی بنەماڵە جەلی زادەوە وەرگرتووه.
جەلی شاعیر لە ساڵی 1908دا کۆچی دواییکردوه.