سالمی #سنە# ناوی سەلیم کوڕی شێخ ئەحمەدی تەختەیییە، باپیرانی بەبنەچە دەچنەوە سەر شێخ مستەفای تەختە لە بنەماڵەی مەردۆخی.
سەلیم لە ساڵی 1848 لە گوندی تەختە لە دایکبووه، ئەمە گوندێکە کەوتۆتە لای باشووری شاری سنەوه. سەرەتای خوێندنی لای باوکی بووه. لە قۆناغی سوختەییدا لە سنە خوێندوویەتی، ئینجا چووە بۆ بیارە و لەوێوە بەڕێگەی #مەریوان# گەڕاوەتەوە سنە.
لە دوای ئەمە ڕووی کردۆتە سابڵاغ و (#مەهاباد#) و لای مەلا عەبدوڵڵای پیرەبابی خوێندوویەتی. دوا قۆناغی خوێندنی لە سابڵاغ تەواو کردووە و لە ساڵی 1874 مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووه، ئەوجا گەڕاوەتەوە سنە و بووە بەمودەریس لەو مزگەوتەی لە دواییدا بەناوی خۆیەوە ناوبانگی دەرکردووه، واتە مزگەوتی شێخ سەلیم.
لە پاش ماوەیێک ئیجازەی تەریقەت لە شێخ عومەری بیارە (زیائەدین) وەردەگرێ و دەبێ بەسۆفیی تەریقەی نەقشبەندی.
سالمی سنە هەموو ژیانی بەوانەوتنەوە بردۆتەسەر و لە ساڵی 1911 لە سنە کۆچی دوایی کردووە و لە مزگەوتەکەی خۆیدا نێژراوه.
شێخ سەلیم ناوی سالمی کردووە بەنازناو بۆ شیعری خۆی. لە نێوەندی وێژەییدا بەناوی سالمی سنە ناوبانگی دەرکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سالمی ساحێبقرانی #سلێمانی# تێکەڵی یەکتری نەبن.
شیعری سالمی سنە دەچێتە ناو شیعری کلاسیکی کوردستانی باشوور، کردەوەی شاعیر شۆڕشێک بوو لەو ناوچەیەدا چونکە زمانی سەرەکی میرنشینی ئەردەڵان و زمانی نووسین و قسەکردنی ناو خەڵکی دیالێکتی گۆرانی بوو، لەبەر ئەوە شیعری تازەی لەم بابەتە دەوری گرنگی هەبوو لە بڵابوونەوەی بزووتنەوە وێژەیییەکەی سلێمانی.
شاعیر بەگشتی وەک سۆفییێکی تەریقەت خۆی دەخاتە ڕوو. وشە و زاراوەی سۆفیزم بەکاردێنێ، بەمە بەرهەمی لە شیعری پەروەردەیی نزیک دەبێتەوە دوور لە شیعری سۆفیزمی کۆزۆمسی.