ناوی ڕەزا کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان کوڕی شێخ ئەحمەد کوڕی مەلا مەحمودی زەنگنەیە لە ساڵی 1831ی لە ئاوایی قرخ لە ناوچەی #چەمچەماڵ# هاتۆتە ژیانەوە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لەلای باوکی، ئەوەی شاعیر و زانایەکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بووه، دەستی کردووە بە خوێندن و لەگەڵ خوێندنەکەشدا، ئەوەی زۆربەی بە فارسی بووه، فارسییەکی زۆری خوێندەووە لەپاشان چەند پەرتووکێکی سەرەتایی لای شێخ عەبدولغەفووری مامی ئەخوێنی، بە فەقێیەتی چووەتە #کەرکووک#، ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و لای مامۆستا سەید محەمەدی بلاغ و حاجی سەعید ئەفەندی حیلمی زادەوانەی عەرەبی دەخوێنێ و پاشان دەچێت بۆ کۆیه، لەلای زانای بەناوبانگ جەلی زادە مەلا ئەسعەدی باپیری مەلا محەمەدی کۆیەدا دەمەزرێ، لەگەڵ حاجی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا ئەسعەد و شاعیری بەناوبانگ کەیفی-دا پێکەوە فەقێ دەبن لە مزگەوتی گەورەی کۆیە و هەرسێکیان لە ژوورێکدا دەبن و دەخوێنن، پاشان زوویری و ناخۆشی دەکەوێتە نێوان شێخ ڕەزا و کەیفی-یەوە چونکە هەردوولا هۆنراوەی توانج و پلاری زۆر سەخت بەسەریەکا هەڵدەدەن، لە دواییدا مەلا ئەسعەد کەیفی دەر دەکات لەسەر شێخ ڕەزا. =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/400/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=شێخ ڕەزای تاڵەبانی=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/400/0002.JPG=KTML_Photo_End=
لە دەوری فەقیەتیدا هاتۆتەشاری #سلێمانی# و لە مزگەوتی گەوره، ئەوەی بە مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ بەناوبانگ بووه، خوێندوویەتی، ئەو کاتە زمانی تورکی باوبووە و دەبوایە بخوێنرایە و شێخ ڕەزا ناچارکراوە سەربەرێتە ناو وێژەی فارسی و فێربوونی زمانی تورکیشەوه.
شێخ ڕەزا تا دەگاتە دەوروبەری 25 ساڵی خۆی بەخوێندنی زمانی عەرەبی و وێژەی فارسی و تورکییەوە خەریک دەکات. پاش ئەوەی خوێندن تەواو دەکات بووە بەئیمام لەدێی ڕەمەزان مامک لە ناوچەی زەنگنە.
پاشان دەکەوێتە خولیای سەردانی وڵاتان و پایتەختی عوسمانی، لە ساڵی 1860ی زایینی دا بەسەر حەڵەبدا ئەچێ بۆ ئەستەمبوڵ و دوو ساڵ لەوێ دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک لەناو #هەولێر#دا لەکاروانچییەکان دەبیستێت کەهەر لەو ساڵەدا باوکی کۆچی دوای کردووه، ئەم مردنەی باوکی زۆر کاری تێدەکات و دڵگران دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا هەر دێتەوە بۆ کەرکووک بەناچاری، لەپاش شەش مانگێک لەبەر تێکچوونیان لەگەڵ شێخ عەلی برایا، ئەچێ بۆ کۆیە و دەچێتە لای شێخ غەفووری مامی.
شێخ غەفوور ئەیهێڵێتەوە بەو نیازە کە کچەکەی خۆی بداتێ، بەو هۆیەوە شەش مانگ لە کۆیە دەمێنێتەوەو ئیش و کارێکی زۆری پێ دەکەن و بەزوویری دەری دەکەن و کچەکەشی ناداتێ ئەویش گەڕایەوە بۆ کەرکووک و بەدەردیسەریی و پەژارەیەکی زۆرەوە لە کەرکووک ژیان بەسەر دەبا تا ساڵی 1866دا بۆ جاری دووەم دەچێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ.
لەم کاروانەیدا ئەرزڕۆم دەبینێ و ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ دەمێنێتەوە و بەهۆی شاعیرێتی خۆیەوە لە کامیل پاشا نزیک دەخاتەوه.
لەوێشەوە دەکەوێتەبەر چاوی پیاوانی بابی عالی دەنگ و ئاوازی هۆنراوەکانی لەو ناوەدا دەنگ دەداتەوه، هاتوچۆی هەموو دیوەخانێکی کردووە و لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێکدا هەڵسوکەوتی بووە و زۆر چووەتەلای ئەحمەد پاشای بابان و مستەفا پاشای میسری.
بەهۆی کامیل پاشاوە ئەنێردرێ بۆ حەج و لە ڕێگەی میسرەوە حەج دەکات و ئەگەرێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ لە ساڵی 1874ی زایینی دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و بەتەواوی ئەستەمبوڵ بەجێ دێڵێ. لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە مووچەیەکی کەمی بۆدابین دەکرێت، خۆشی وردەوردە بەبەریەوە خەریکی کاری کشتوکاڵ دەبێت و ژیانێکی بێباک و ڕەندانە و وێژەیانەی ڕابواردووە.
زۆر جار هاتوچۆی وەسمان پاشا و مەحمود پاشای جاف و پیاوە ناسراوەکانی ئەو ناوەی کردووه، تا ساڵی 1898دا بەتەواوەی کەرکووکی بەجێ هێشتووە چووەتەبەغدا.
لەتەکییەی تاڵەبانی دانیشتووه، لە بەغداش ژیانی لەگەڵ پیاوە ناودارەکان و ئەدیبەکانی سەردەمەکەی بەسەر بردووه.
پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی سەلیم بەگی بابان و سەید عەبدولڕەحمانی نەقیبی بەغدا زۆر خۆش بووه، تا ساڵی 1910دا لە تەمەنی 79 ساڵیدا بە نەخۆشی زەحیری کۆچی دواییکردووە و لە گۆڕستانی گەیلانی لەنزیک شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا نێژراوه.
لەپاش خۆی دوو کوڕی لەپاش بەجێماوە یەکێکیان محەمەد خالسی شاعیره، ئەوەی دوای باوکی 10 ساڵ ژیاوە و ساڵی 1920 کۆچی دواییکردووه، دووەمیان شێخ عەبدوڵڵا، ئەوەی پاش خۆی بوو بەجێنشینی ئەویش لە ساڵی 1941دا لە بەغدا کۆچی دواییکردووه، هەردووکیان لە گۆڕستانی گەیلانی لە تەنیشت باوکیانەوە نێژراون.
تەنانەت شێخ عەبدوڵڵا سێ کوڕی لەپاش بەجێماوه، موقەدەم ڕەحمەتوڵا بەگ و حەسەن بەگ، ئەوەی لە ساڵی 1946 پارێزگاری سلێمانی بووە و شێخ عەلی، ئەوەی ساڵی 1946 دیوانەکەی شێخ ڕەزای بۆ یەکەمجار چاپ کرد.[1]