لەتیف هەڵمەت
ژیان و لەدایکبوونی
لەسەرەتای سالانی سەدەی رابردوودا (شێخ موحەمەد شێخ حەسەنی
کەسنەزانکەسنەزان)ی باپیری، لەگوندی کەسنەزانی قەزای
قەرەداغقەرەداغی سەر بە
سلێمانیسلێمانی، وەکو رێبەرێکی رێبازی قادری روو لە گەرمیان دەکات و لەهەندێ ناوچەی هەردەی زەنگەنه و بنەی جاف و بناری گل تەکێداری دەکات و بانگێشتی خەڵک دەکات بۆ پەیوەست بوون بەرێبازی قادرییەوە.
باپیری ژیانێکی ئەفسانەیی ژیاوه و سەرگوزشته و سەربوردەکانی ژیانێکی شاعیرانەیان پێ بەخشیوە، کاتێ باپیری یادی کەسنەزانی کردووەتەوە زۆرجار شیعری پیادا هەڵداوە له و دێرە شیعریانەش کە لەسەر زاری هەندێ کەسی بەتەمەنی بنەماڵەکەیان ماوەتەوە کەیادی کەسنەزانی کردووەتەوە وتوویەتی:
بۆی بەیان مەیۆ.... بۆی بەیان مەیۆ
بۆی تەهلیلەکەی کەسنەزان مەیۆ
ساڵی 1947 یاخود ساڵی 1950 ماڵی باوکی باپیری لە
کفریکفری جێگیر دەبن، لەتیف هەڵمەت له و ساڵەدا ئاوێزانی ژیان بووه و لەبنەماڵەیەکی پڕ لەکتێب و رۆشنبیردا گۆشکراوه و گەورە بووە، باوکی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی هەبووە جگە لەقورئانی پیرۆزو چیرۆکی ژیان و بەسەرهاتی پێغەمبەران و پیاو چاکان، دەیان و سەدان کتێبی ئاینی دی و ئەفسانه و داستان و هەقایەت و شیکردنەوەی ئایەتەکانی قورئان و هەروەها ئینجیلی کوردی و دیوانی هەندێ لەشاعیرانی هەبووە، باوکی شاعیر بووه و گەلێ شیعری لەدوا بەجێماوه و کتێبێکی چاپکراویشی بەناوی (میحراجی راستی) هەیە، هەروەها کتێبێکی دی چاپکراوی بەزمانی عەرەبی هەیە بەناوی (نداء الحق). جگە لەوەش باوکی دوعا نووس بووه و دوعای (دێو بەند، قاقەز بالا، ئەبوو دووجانە، سکپڕ بوون و منداڵبوون، باران بارین و گرانەتاو دەیان جۆر نەخۆشی دی) نووسیوە.
لەتیف هەڵمەت هەر لەمنداڵییەوە بەگشتی و لەسەرەتای قۆناغی سەرەتاییدا لەماڵی خۆیاندا عاشقی واتاو سۆزو ریتمی وشەی جوان بووە، له و کاتانەدا زۆربەی شەوان باوکی شیعری حافزی شیرازی و جەلالەدینی رۆمی و سەعدی شیرازی (بەتایبەتی بوستان و گوڵستان)و فەریدە دینی عەتار...هتد دەخوێندەوه و ئەنجا ماناو واتاکانی بۆ دەروێش و میوان و موریدەکانی خۆی روونکردووەتەوه و نهێنی ئەودیو وشه و جەڤەنگەکانی ئه و شیعرانەی بۆ ئاشکرا کردوون، هەر له و رۆژانەوە لەتیف هەڵمەت سەودا سەری شیعر بووه و عاشقی ئاوازو واتاو نهێنی وشە بووە، بەبێ ئەوەی پیتێ بزانێ هۆگری دانیشتنەکانی باوکی بووە، ئەگەرچی منداڵێکی هاروهاج و لاسار بووە، بەلام له و دانیشتنانەدا وەک سەلارترین و سەنگینترین منداڵ دانیشتووه و گوێی لەشیعر گرتووە، شیعر ئاسمانێکی نوێ و سەربانێکی نوێ و دەزوویەکی نوێی پێ دەبەخشی بۆ هەڵدانی کۆلارە رەنگاو رەنگەکانی هەر بەمنداڵی لەکۆڕی شیعردا چاوی هەڵهێناوه و گەورە بووە، لەگەڵیدا منداڵێتی خۆی ون نەکردووه و گەمە منداڵییەکانی خۆیی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەسەر بردووه و زیاتر حەزی لە کۆلارە بووه و کۆلارەشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە، بەلام هی خۆیی لەهەموویان جوانتر دروستکردووە، چونکە حەزی کردووە کۆلارەی خۆی لەهی هەمووان چاکتر بێت، وەکو چۆن ئێستا حەز دەکات شیعری خۆی لەشیعری هەمووان چاکتر بێت. بناغەی خوێندەواری و رۆشنبیری و شاعیری لەماڵەوە دەستی پێکردووه و وەک خۆیشی دەڵێت: قەرزاری کتێبخانەکەی باوکمم، لەکتێبخانەکەی ئەودا کۆمەڵێ کتێبی ئەفسانەیم خوێندۆتەوە وەک (شیرین و فەرهاد، لەیل و مەجنون، خورشید و خاوەر، ئەلف لەیلەوە لەیلە، رۆستەم و زۆراب و...هتد). لەتیف هەڵمەت لەشارێکدا بووە کوردو عەرەب و تورکمانی تێدا ژیاوە هەر لەبەرئەوەشە، بەزارەکی تورکمانییەکی باش دەزانێ و وەک باسیش لەوە دەکات و دەڵێ: (من خەڵکی هەموو شوێنێکم، خەڵکی شاری وشەم، ئەگەر جیاکردنەوە بێ بڵێم خەڵکی کفریم، ئەمە جیاکردنەوەی کفری بێت لەکوردستان، بەلامەوە پەسەند نییە، بەلام بەرەچەڵەک و بنەچە باوو باپیرم خەڵکی سلێمانییە). ساڵی 1963 یەکەم شیعری لەکفری بەبۆنەی شەهیدبوونی بیست و هەشت پێشمەرگەی قارەمانەوە کە لە (قاتەکان)ی کفری کەوتبوونە بۆسەی دوژمنەوە نووسیوە، یەکەم دەقی شیعریشی لەژمارە 9ی گۆڤاری رزگاری-دا ساڵی 1969 بلاوکردۆتەوە کە بەکوردی یەکەم دەقی شیعری و یەکەم بانگەشەی نوێگەرییە لەدوای نوێگەرییەکەی گۆران لەناوەندی شەستەکانی سەدەی بیستەوە، ئه و بابەتە دەقێکی نوێ بووه و وەک بەیاننامەیەکیش وابووە بۆ نوێگەری.
جێی خۆیەتی گەر بڵێین یەکەمین شیعری درێژی نوێ، لەتیف هەڵمەت نووسیویەتی کە شیعری (ئەم کوولەکانە ئەشکێنم، چوار هەڵبەست لەرۆژمێری رێبوارێکی ماندوودا، بۆ ئه و رۆژەی هالی دەکشێ، ئەمە دوا هەڵبەستم نییە، گۆرانی پاشەرۆژ یا بەیاننامەی شاعیرە شێتەکە) کە لەسەرەتاو کۆتایی حەفتاکاندا بلاوکراونەتەوە نموونەی ئه و شیعرە درێژانەن. گەلێ لەشیعرەکانی لەلایەن کۆمەڵێک لەنووسەران (ئامانج شاکەلی، د. هەڵکەوت مەلا حەکیم، مامۆستا سەدرەدین عارف، مامۆستا نەرمین، د. کەمال مستەفا مەعروف، قەیس قەرەداغی، ئەمەل جبووری، جەلال مەلەک شا، فریاد شیعری، سەید عەلی ساڵحی، کامبیز کەریمی، محەمەد مورتەزایی، ئیسماعیل مەحموودی، رێبوار سیوەیلی و سەلاح بەهلوول و دەیان نووسەری دییەوە) کراون بەفەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی و هۆڵەندی و سویدی و فارسی و تورکی.
شیعری بەرگری
لەتیف هەڵمەت لەبارەی شیعری بەرگری و سیاسی، (پابەندە بەقۆناغێکی دیاریکراوه و زۆر ناژین)، کە ئەمە وتەی (ئەدۆنیس)ی شاعیرە دەڵێت: جاران بڕوام وابوو کە شیعری دڵداری تایبەتە بەقۆناغێک و شیعری بەرگریش تایبەتە بەقۆناغێکی دی، بەلام ئێستا بەپێی تەمەن و ئەزموون گەیشتوومەتە ئەوەی کە ژیان سەرتاپای دڵدارییە لەگەڵ هەموو شتێکدا، لەگەڵ (ژن و مانگ و خۆرو ئاوو شیعرو وشەی جوانیدا)، هەروەها بەرگریش لەهەموویاندا هەیە دژی شتە نێگەتیڤەکانی ژیان، وادەزانم رۆژگارێک دێتە پێشەوە کە ئیتر داگیرکاری نامێنێ، بەلام بەداخەوە وا نییە، هەتا ستەم بمێنێ، شیعری بەرگریش هەردەمێنێ، ئه و کۆمارە پڕ لە بەختەوەرییەی ئەفلاتۆن و فارابی داوای دەکەن مەحاڵە لەسەر زەوی دروست بێ، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هەتا دونیا هەیە شیعری دڵداری و بەرگری هەر دەمێنێت، شیعری بەرگری سەردەمی بەسەر ناچێت. (مایکۆفسکی) بەخوێندن و ئێسقان مارکسی بوو، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا شیعرەکانی لەهەموو شوێنێک دەخوێنرێتەوە، ئەگەرچی (پوشکین) زیاتر دەخوێنرێتەوە، یان (رەسوڵ حەمزاتۆف) کە نووسەرێکی مارکسی بووە، بەلام بەرهەمەکانی تائێستاش دەخوێندرێتەوە بەهەمانشێوە ئەراگۆین شیعری بەرگری هەیە، هەروەها ئەگەر شاعیرێک خۆی بەلایەکدا هەڵنەواسێ و بەپێی رەچەتەی ئه و لایەنە شیعر نەنووسێ شیعرەکانی بەسەر ناچن، نووسەر ئازادە لەدەرەوەی ئەدەب چ بیروڕایەکی هەبێت، بەلام بە تەنها بۆ بەرژەوەندی حزبێک یان لایەنێک نەنووسێت، ئەدەب هیچ پاسپۆرتێکی نییه و بەنێو چەندین زمانی جیاجیای جیهاندا بلاودەبێتەوە، ئەگەر ئێمە شیعرمان بۆ حزبێک نووسی و لەرێگەی وەرگێڕانەوە خوێنەرێکی جیبۆتی یا رووسی یان بەریتانی خوێندیانەوە، چ چێژێک وەردەگرێت؟ ئەگەر شیعر هەڵگری جیهانبینییەکی قوڵ بێت، لەهەموو سەردەمێکدا دەخوێندرێتەوە.

لەتیف هەڵمەت
روانین بۆ گروپ
کەشوهەوای تازەکردنەوەی شیعری کوردی لەسەرەتای حەفتاکاندا بەهۆی چەند گروپێکەوە دەرکەوت، روانینی لەتیف هەڵمەت بەرامبەر گروپ ئەوەیە کە: گروپ رێککەوتنی چەند کەسێکە لەسەر ئامانجێکی دیاریکراو، واتە ئامانجێک هەیه و چەند کەسێک لەدەووری یەک کۆدەکاتەوە، وەک چۆن لەحزبدا ململانێ هەیە، بەهەمانشێوە لەگروپی رۆشنبیریشدا هەست به و ململانێیە دەکرێت، بائامانجێکی سەرەکی هەبێت، بەلام بۆ گەیشتن به و ئامانجە بیروڕای جیاواز هەیه و هەموو ئەندامانی گروپەکە یەک بیروڕای جێگیریان نییە، ئێمە وەک گروپی کفری لەگەڵ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراومان هەبووە، بەلام ململانێیش لەنێوانماندا هەبوو بۆ ئەوەی خۆمان بەدەستپێشخەری بزانین.
هەرچەندە لەسەرەتادا هیچ بڕیارێکیان نەبووە بۆ دامەزراندنی گروپی کفری و لەوکاتەدا خوێندکاری ئامادەیی کفری بوون، کە کۆمەڵێک هاوڕێ بوون باسی شیعرمان دەکرد لەوانەش (مامۆستا عەلی عەبدوڵلا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، محەمەد داماو، ئەمجەد شاکەلی و ئەنوەر شاکەلی) کە له و خوێندنگەیەدا یەکیانگرتووه و باسیان لەرۆشنبیری کردووه و بەپێی ئه و گفتوگۆیەی ئەوکاتە کردووەیانە لەسەر شیعرو ئەدەب، لەتیف هەڵمەت و چەند هاوڕێیەکی بیروڕایان جیاواز بووە لەوانی دی، لەبەرئەوە جیابوونەتەوه و بیروِاکانی خۆیان گەلاڵەکردووە بۆئەوەی گروپێک دروستبکەن کە جگەله و ناوانەش چەند کەسێکی تریش هەبوون کە هەندێ خوێنەرو شاعیری سەرەتایی تورکمان بوون، ئەوانیش زۆرجار بەشداری گفتوگۆکانیان کردووە لەئەنجامی قسەکردندا لەنێو ئه و گروپەدا کە لەنزیکەی 10 کەس پێکهاتبوون، لەتیف هەڵمەت و ئەحمەد شاکەلی و فەرهاد شاکەلی، چونکە رۆحی نوێگەرییان هەبووه و رۆحی ئەوان جۆرێکی تربوو، خۆیان وەک گروپێک جیابوونەتەوە. گروپی کفری تەنیا شیعری لەخۆنەگرتبوو، بەڵکو له و گروپەدا ئەحمەد شاکەلی چیرۆکیشی نووسیوە.
بنەماکانی ئه و گروپە
سەرکێشی یەکێک بووە لەوبنەمایانەی کە ئه و گروپە ئیشیان لەسەر کردووه و بەرای لەتیف هەڵمەت گۆڕانکاری رژێمی پادشایەتی لەعیراقدا بۆ رژێمی کۆماری سەرکێشی کۆمەڵێک ئەفسەری عیراقی بوو لەسەروویانەوە (عەبدولکەرم قاسم) کە رژێمی پادشایەتی گۆڕاو رژێمی کۆمارییان دامەزراند، هەربۆیە دەڵێت: ئێمە یەکێک لەبنەما هەرە سەرەکییەکانمان سەرکێشی و خۆدەرخستن بوو، بەیاننامەی سوریالییەکان و هەواڵی سوریالییەکانمان لەگۆڤاری (شیعری 69)ی عیراقی و گۆڤاری (شیعر)ی لوبنانیدا خوێندبۆوه و زۆر کاریگەری ئەوانمان لەسەر بوو، بەتایبەتی کاریگەری (سلڤادۆر دالی)مان لەسەر بوو، کە زۆر شێتانە هەڵسوکەوتی کردووە، هەروەها هەندێ لەشێتییەکانی (مایکۆفسکی) کە خوێندبوومنەوە، مایکۆفسکی بەکراسێکی زەردەوە لەشاقەمەکەی مۆسکۆدا شیعری خوێندۆتەوە، بۆیە بەردەوام حەزمدەکرد لەکاتی شیعر خوێندنەوەدا کراسێکی زەرد لەبەر بکەم.
بتەکانم هەمووی پەراش پەراش دەکەم
من چۆن ئیتر بەئارەزووی دڵی ئێوە تەراش ئەکەم
لەتیف هەڵمەت بۆ ئەم دێڕە شیعرییە دەڵێت: ئەمە لەپێشدا یاخیبوونێکی سەرکێشی بوو، بەلام سەرکێشی بەبەرنامەوە، ئێمە بەرهەمی شیعری نوێ و چیرۆکی نوێ و رۆمانی نوێی ئەوروپی و عەرەبیمان دەخوێندەوە، له و سەردەمەدا (ناتالی ساروت) و (سلڤادۆر دالی و پیکاسۆ)مان دەناسی، ئەمانە کە بەگیانێکی نوێگەرییەوە لەبواری شێوەکاریدا کاریان دەکرد. ئێمە زیاتر رووکەش و سەرکێشییەکەیمان وەرگرتبوو کە دوایی بوو بەبەرنامە بۆ گۆڕانکاری.
سۆفیگەرێتی
سۆفێگەرێتی لەلای لەتیف هەڵمەت جیایە لەشەریعەت و سۆفیگەرێتی ئیسلامی، لەئەنجامی ئەوەدا هاتۆتە کایەوە کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی جڵەوی فەرمانڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامیان گرتە دەست، ئاینی پیرۆزی ئیسلاممیان کرد بەهۆکارێک بۆ دایگرکردنی ولاتان و چەوساندنەوەی گەلان و تالانکردنی ماڵ و سەرو سامانی ئه و ناوچانه و ولاتانەی عەرەب بوون، کاتێ مێژووی دوو دەوڵەتی زلهێزی وەکو ئەمەوی و عەباسی دەخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە چۆن ئەم دوو دەوڵەتە ئیسلامیان وەکو پەیامێکی پیرۆز ئاراستەی خەڵکی دی نەکردووە، بەڵکو وەکو گوزەرێک بەکاریانهێناوە بۆ تالانکردن و سڕینەوەی کولتوورو ناسنامەی ئه و گەل و نەتەوانەی کە عەرەب نەبوون و بۆ ئەم مەبەستەش سوپایان ناردۆتە سەر سەدان ولات وەکو هیندستان و تاجیکستان و تورکستان و ئەرمەنستان و گورجستان و کوردستان و خۆراسان و...هتد، بەسەدان هەزار ژن و کچ و منداڵیان لەپاشکۆی ولاخەکانیان بەدیلی دەهێناو لەبازاڕەکانی بەغداو بەسراو قاهیره و شام و مەککه و مەدینەدا هەراجیان دەکردن و ئەتک دەکران و داوێن پیسیان لەگەڵدەکرا نێربازی لەدەربارەی خەلافەتی دەوڵەتی عەباسدا برەوی پێدراو، هەندێ لەخەلیفە عەباسییەکان سەرباری هەزاران کەنیزەک و کچۆڵە دەیان مناڵی جوانیان لەکۆشک و تەلارەکانیاندا مۆڵدا بوو داوێن پیسیان لەگەڵدا دەکردن، بەمجۆرە مرۆڤ کەمەزنترین و پیرۆزترین ئەفرێنراوی خوایە لەلایەن خەلیفە ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بەناوی پیرۆزی ئیسلامەوە سووک و ریسوا دەکراو هەموو مافەکانی پێشێل دەکرا، ئیتر لەئەنجامی ئەم لەڕێ لادان و پێشلێکارییەی فەرمانڕەواکانی عەرەبەوە رێبازێکی دی لەرووبەڕووی ئیسلامدا هاتەکایەوه و بەرامبەر شەریعەت وەستاو ئەورێبازەش تەسەوف بوو.
داهێنانەکانی لەتیف هەڵمەت جگەلەوەی گەورەترین بەرهەم و شۆڕشی بەشیعری نوێگەری کوردی بەخشیوه و سەرەرای بەرهەمە ئەدەبییەکانیشی شیعرو چیرۆکی بەخەیاڵی زانستی و ئەفسانەیی بۆ دنیای جوانی و بێگەردی منداڵ بەرهەمهێناوە، دەشێ رووداوی خەیاڵی سەرسوڕهێنەر رۆژێ لەرۆژان رووبدەن، بەتایبەتی چیرۆکی خەیاڵی زانستی کە زۆرجار رووداوە لەخەیاڵ دروستکراوەکانی پەیوەستن بەداهێنراوەکانی بواری فیزیاو فەلەکگەریی و گەردوونناسییەوە هەروەک منداڵ لەخەیاڵدا دەفڕێت یاخود لەژێر ئاودا دەم دەکاتەوه و ناخنکێ، ئەوەی ئاشکراشە داڤنشی هونەرمەندی ئیتاڵی چەندین سەدە بەر لەداهێنان تانک و زرێپۆش و فرۆکەی بەخەیاڵ وێنەی کێشاون، داواتر ئه و خەیاڵە لەلایەن زانایانی بواری فیزیاوە بەراستی بەرجەستە کراوه و بۆتە بەشێک بەپێویستەکانی ژیانی دەوڵەت، لەتیف هەڵمەت پێیوایە چیرۆکنووسی بواری منداڵ دەتوانێ سوود لەفەنتازیای خەیاڵ و دارشتن و ناوەڕۆکیان ببینێ و بەخەیاڵی خۆی بەجۆرێکی نوێ بۆ منداڵ دایدەڕێژێتەوە.
دەربارەی چەند نووسەرێک
لەتیف هەڵمەت دەربارەی چەند نووسەرێک بەمشێوەیە رای خۆی لەسەرییان دەردەبڕێت:
ئەدۆنیس: مامۆستای نوێگەری شیعری عەرەبییه و کاریگەرییەکانی بەشیعری کوردیشەوە دیارە.
عەبدوڵلا پەشێو: شیعری کوردی بەبێ عەبدوڵلا پەشێو ناتەواوه و کەلێنێکی تێدەکەوێت.
شێرکۆ بێکەس: رەوتی شیعری کوردی بەبێ شێرکۆ بێکەس رەوتێکی ناتەندروسته و هێڵێ ئاسایی خۆی لەدەست دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا خۆزگە هەندێک شیعری هەیە نەینووسیایە.
بەختیار عەلی: جوانییەکانی لەرۆمانەکانیدایە، نەک لەشیعرەکانیدا، چونکە ئەوەی ئه و لەشیعردا دەیکات پێشتر هەمووی کروان، هەربۆیە ئه و بەرۆمانەکانییەوە دەبێتە نووسەرێکی سەرکەوتوو.
محمەد عومەر عوسمان: یەکێکە لەیاخیگەرییەکانی شیعری کوردی، بەبێ شیعریش ژیان و هەڵسوکەتی ئه و بەشێکە لەیاخبوون.
محەمەد ماغوت: چاوگەیەکی نوێگەریی بوو بۆ ئێمه و زۆریش لەوەوە فێربووین.
گروپی روانگە: ئەگەر گروپی کفری نەبوایە، گروپی روانگە دروست نەدەبوو، یان دروستبوونی دوادەکەوت.
رامبۆ: سەرچاوەیەکە بەردەوام دەبێ بخوێنرێتەوە.
سەلیم بەرەکات: لەگەڵ ئەوەی ئەدۆنیس دەڵێ (کلیلی زمانی عەرەبی لەگیرفانی کوردێکدایە)، بەلام من چێژم لەهیچ شیعرێکی بەرەکات نەبینیوە.
ئەنوەر مەسیفی: خاوەنی شێوازێکی تایبەتە بەخۆی و لەشیعرەکاندا زیاتر بایەخ بەفۆرم دەدات نەک بەناوەڕۆک.
بەرهەمە بلاوکراوەکانی لەتیف هەڵمەت لەچەند بەرهەمێکی شیعری پێکهاتوون لەگەڵ چەند لێکۆڵینەوه و شیعرو چیرۆک بۆ منالان، هەروەها زۆر بەرهەمی شیعری بەزمانی عەرەبی بلاوکردۆتەوە بەناوی (المدن الحدیدیە، شیخوخە کیلوباترا واگفال المگر).
لەگەڵ ئەوەی خاوەنی چەند شاکاری ئەدەبییه و خاوەن ئەزموونێکی دیاری نێو ئەدەبی کوردییە، تائێستا چەند خەلاتێکی وەرگرتووە لەوانە (خەلاتی ئاپیک لەسوید بۆ بەرگی یەکەمی دیوانی منالان ساڵی 2000، خەلاتی زێڕینی باوەگوڕگوڕ ساڵی 2005، خەلاتی زێڕینی ئیبراهیم ئەحمەد ساڵی 2008، خەلاتی وەزارتی رۆشنبیری هەرێم لەشیعری منداڵدا... هتد).
لەتیف هەڵمەت بە درێژایی 30 ساڵ خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی یەکێکە لە خودانی رەوت و شێوازی نوێ لە وێژەی کوردیدا.
هەندێ لە بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەمانەن :
- خواو شارە بچکۆلەکان
- ئامادە بوون بۆ لە دایک بوونێکی تر
- پرچی ئه و کچە ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە
- گەردەلوولی سپی
- ئه و هۆنراوەیە کە تەواو دەبێ و تەواو نابێ
- ئه و نامانەی کە دایکم نایان خوێنێتەوە
- وشەی جوان گوڵە گوڵ
- سروودی هەژاران
- ئەم ڕووبارە وشک ناکات
- گورگەکانی لەتیف هەڵمەت
سەرچاوە
گۆڤاری رۆڤار ژمارە 49
ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ
رووبەروو لەگەڵ لەتیف هەڵمەت، دیداری شەمێران سڵێمان
[1]
www. knwe. org