سەلام کوڕی شێخ ئەحمەدی #عازەبان#ییە، لە ساڵی (1892) زاینی لە گوندی (عازەبان) ی ناوچەی #وارماوا#ی سەر بە پارێزگای #هەڵەبجە# لە دایکبووە. زۆر ئارەزووی لە خوێندن هەبووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن، قورئان و زمانی فارسی خوێندووە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکی کۆچی دواییکردووە. ئاگاداری ڕووداوەکانی یەکەم شۆڕشی (#شێخ مەحمودی حەفید#) لە ساڵی 1919 زاینی بووە. لە وەزیفەدا لە زۆر شوێن خزمەتیکردووە، وەک: وارماوە، هەڵەبجە، سلێمانی، تەنانەت بەسرە و بەغدا و حیللە و هەندێک شوێنی تر.
لە ساڵی 1928 زاینی لەگەڵ چەند لاوێک (کۆمەڵەی زەردەشت) یان دامەزراند.
لە ساڵی (1930) زاینی دوای کارەساتی ڕۆژی ڕەشی (6) ی ئەیلول لەگەڵ چەند کەسێک دەچنە گوندی (#پیران#) لای (شێخ مەحمود) . هەروەها بەشداری ڕووداوەکانی ساڵی 1931ی زاینی کردووە بە فەرماندەی (شێخ مەحمود) ، لە (1945-1955) ی زاینی خۆی خانەنشین کردووە.
لە پێشەکی دیوانەکەییدا، کە لە ساڵی 1958 زاینی لە بەغدا چاپکراوە، د. مارف خەزنەدار دەنووسێت و دەڵیت: (سەلام زیاتر شاعیرێکی نیشتمان ونەتەوەییە، چوونکە کاتی گەنجی سەلام، نەتەوەی کورد بە دەورێکی تایبەتیی تێدەپەرێت) .
لە بابەتی هەڵبەستە دەروونییەکانی دەڵێت: (خەیاڵێکی ڕوونی تێدایە و شعوری ڕاست دەردەخا، وەکوو وشەکانی لە ناخی دەروونیدا بێتە دەرەوە وایە) .
یەکێک لە شاکارەکانی شێخ سەلام چوارینەکانی (خەیام) ە، کە لە فارسییەوە بۆ کوردی وەریگێراوە، کە بەڕاستی گیانی خەیامی لە وەرگێڕانەکەدا بەتەواوی پاراستووە و بە یەکێک لە باشترین وەرگێڕانەکانی دادنرێت، سەلام لە ساڵی 1959 زاینیدا لە سلێمانی کۆچی دواییکردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.
ئەمەش نموونەیەکە لە هۆنراوەکانی
وەتەن چییە؟
هەستە لەخەو ئەی لاوی کورد
تێبکۆشە بەدەستوبرد
هاوار ئەکا دایکی وەتەن
وا گیان ئەدا، پێیدا بگەن
خاک و گوڵ و گڵ و گیا
شاخ و چەم و چڵ و چیا
ڕەنگاو ڕەنگی کەژی سیا
هاوار ئەکەن بە جیاجیا
وا مەزانە خاکی وەتەن
ئاو و گڵە دار و دەوەن
ئەم وەتەنە ئاو و گڵە
پشت و ئەژنۆ، جەرگ و دڵە
ئەجدادی تۆ شێرانی کورد
لە ڕێی وەتەن بەمەردیی مرد
مردن، ڕزین بوون بەم خاکە
وەتەن دایک، وەتەن باوک، وەتەن کاکە [1]