ناوی ڕەشیدی کوڕی نەجیب ئەفەندی کوڕی مەحمود ئاغای کوڕی هەمزە ئاغای کوڕی محەمەد ئاغایە.
ساڵی 1906 لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ناسراوی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە.
باوو باپیرانی ئەم نووسەرە خاوەن هەڵوێستە لەسەردەمی میرنیشینی باباندا ناودارو دەست ڕۆیشتوو بوون.
رەشید نەجیب بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندن و لەحوجرەی مزگەوتەکانو پاشان لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکانی ئەو سەردەمەدا درێژەی بەخوێندن داوە.
کتێبخانە گەورەکەی مامۆستا حسێن نازمی مێژونووس ڕۆڵی گەورەی بینیوە لەرۆشنبیرکردنی ڕەشید نەجیب دا و هەر لەڕێی خوێندنەوەو خۆپێگەیاندنەوە شارەزاییەکی تەواوی لەزمانی عەرەبی و فارسی و کوردی و ئینگلیزی دا پەیدا کردووە.
رەشید نەجیب زوو کەوتۆتە ناو ژیانی مووچە خۆرییەوە و لەئاکامی تواناو لێهاتوویی خۆیدا پلە بەپلە بەرزبۆتەوە.
ماوەیەک لێپرسراوی هەردوو بەشی عەرەبی و کوردی ڕادیۆی بەغدا بووەو دواتر کراوە بە موتەسەریفو تا ڕۆژی خانەنشین بوونی لەهەولێر و #کەرکووک# و موسڵ و بەسرە موتەسەریفێتی کردووە.
ئەم خوێندەوارە گەورەیە لە ساڵانی 1927 و 1928دا بەرپرس و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ژیان بووە و ساڵی 1930یش هاوڕێ لەگەڵ چەند شەخسییەتێکی نیشتمانپەروەری تردا، لەقوتابخانەی زانستی، بەخۆڕایی مامۆستاییان کردووە.
رەشید نەجیب لەبوارەکانی شیعر و چیرۆک و ڕەخنەی ئەدەبی و وتاری کۆمەڵایەتی و وەرگێراندا دەیان بەرهەم و بابەتی بەپێزی لە (ژیان) و (دیاری لاوان) و (یادگاری لاوان) و گۆڤاری (گەلاوێژ)دا بڵاو کردۆتەوە.
هەڵوێستێکی گەورەی ئەم نووسەرە فرە بەرهەمە ئەوە بوو کە کتێبخانە تایبەتەکەی خۆی پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی سلێمانی کرد.
مامۆستا ڕەشید نەجیب ساڵی 1968 لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.