عەبدولڕەزاق بەگ کوڕی نەجیب پاشای کوڕە گەورەی بەدرخان بەگ-ە، ساڵی 1864 لە ئەستەمبوڵ لەدایکبووە.
بەمنداڵی زمانە خۆرهەڵاتی و ئەوروپاییەکانی خوێندووە، لەرێی زمانی فەرەنسییەوە توانیوێتی لە مانا دیموکراتییەکانی شۆڕشی فەڕەنسا تێبگات و ئامانجو بنەماکانی ئەو شۆڕشە گەورەیە بکاتە بەرنامەی ژیانی.
حاجی قادری کۆیی ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە دروستکردنی هوشیاری نەتەوەییدا لە دڵو دەروونی (عەبدولڕەزاق)دا بەتایبەتی ئەو سەردەمەی کە مامۆستای بووە. لە تەمەنی لاویدا ماوەیەک وەکو فەرمانبەر لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا کاری کردو پاشان کرایە سێیەمین سکرتێری باڵیۆزخانەی تورکیا لە (پترسبۆرگ). هەرلەوێ زمانی ڕووسی فێر بوو. پاشان بەهەمان پۆست ڕەوانەی باڵیۆزخانەی تورکیا کرا لەئێران.
ئەو سەردەمە سوڵتان عەبدولحەمید گومانی لێ پەیدا دەکات و عەبدولڕەزاق توانی بەنهێنی خۆی بگەیەنێتە (تبلیس)، بەو ئومێدەی لەوێوە بگاتە یەریڤان. ئەو هەوڵەی سەرینەگرت و بەناچاری ڕوویکردە ئینگلتەرە، لە لەندەن پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردی و ئەرمەنییەکاندا دروستکرد.
چەند ساڵێک پاش ئەوە سوڵتانی عوسمانی توانی بەهۆی نەجیب پاشای باوکیەوە عەبدولڕەزاق بهێنێتەوە ئەستەمبوڵو بیکاتە سەرۆکی تەشریفاتی کۆشکی خۆی.
ساڵی 1906 تۆمەتی کوشتنی (ریزوان پاشا)ی سەرۆکی ئاسایشی تورکیای درایە پاڵو دوورخرایەوە بۆ (تەرابلوس).
چەند جارێک هەوڵی لەسێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری ڕای گشتیو قونسوڵخانەی ڕوسیادا حوکمی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ نەکرا.
عەبدولڕەزاق چوار ساڵی لەدوورە وڵاتی بەسەر برد، لێبووردنە گشتییەکەی ساڵی 1908 ئەمی نەگرتەوە، ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی 1910 ڕێگایانپێدا بێتەوە ئەستەمبوڵ، هەر ئەو سەردەمەش بڕیاریدا بەنهێنی لە تورکیا هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە یەریڤان.لەو ساڵە بەدواوە تاکو 1913 بەردەوام لە چالاکی سیاسیدا بووەو پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ سمایل خانی سمکۆدا دروستکردبوو.
ساڵی 1913 لەناوچەی (خوی) کۆمەڵەیەکی کوردی دروستکرد بەناوی (گیخاندی) کە گەلێک شەخسیەتی ناوداری ئەو سەردەمەی کورد پەیوەندییان پێوەکرد، ئامانجەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتیبوون لە کردنەوەی قوتابخانەو دەرکردنی گۆڤارو بڵاوکراوەی کوردی، بۆ پێشخستنی ئەم کۆمەڵەیە عەبدولڕەزاق بەدرخان چۆتە (پترسبۆرگ)و چاوی بە گەورە کاربەدەستانی حکومەتی (تزار)ی کەوتووە، لایەنی پڕ بایەخی جموجۆڵی عەبدولڕەزاق لەو قۆناغەدا بەرهەڵستیکردنی کوشتاری ئەرمەنییەکان بوو، لەسەر ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتدارانی ڕوسیا بڕیاریاندا چالاکییەکانی عەبدولڕەزاق کەمبکەنەوه ساڵی 1918 دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی تورکیای لاو دەستگیریانکردو زۆر بەخێرایی لەسێدارەیاندا.
عەبدولڕەزاق بەدرخان باوکی کچە سەماکاری کورد لەیلا بەدرخان (1908 - 1986)-ه، کە بە یەکەم سەماکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد دەکرێت.