لە ساڵی 1969 لە شاری ئەرزەروم لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە تەواو کردووە، دواتر چووەتە هەردوو شاری ئەدەنە و ئەستانبوڵ بۆ تەواوکردنی خوێندن. دواتر ڕووی لە کاری هونەری کرد و بە هاوکاری چەند مامۆستایە بۆ ماوەی سێ ساڵ خەریکی خوێندنی موزیک بووە، لەبەر ئەوەی گۆرانی و موزیک بووبوون بە مەراقی هەمیشە گوێی لە دەنگی کوردی ڕادیۆی یەریڤان دەگرت و زۆر حەزی لە دەنگی مەریەم خان و ئایشەشان و شاکرۆ دەکرد و گۆرانییەکانی ئەوانی دەگوتەوە، تا ئێستا چەندین سیدی و کاسێتی گۆرانی پێشکەش کردووە.
جانێ خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی تورکی و ئەڵمانیە پاش ئەوەی لە ساڵی نەوەدەکان وەک پەنابەر ڕوودەکاتە وڵاتی ئەڵمانیا لە گەرمەی کێشەی کورد و تورک لە تورکیا.
ڕۆژی #14-11-2018# دەستەی دادگای تورک بە بیانووی (پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخستن) سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بۆ هونەرمەند جانێ بڕیەوە، پاش ئەوەی لە ناوچەی ئێدیرنە دەستگیری دەکەن، لە مانگی شووباتی ساڵی 2021 کچی جانێش دەستبەسەر دەکرێت لە تورکیا.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا، لە زاری پارێزەری هۆزان جانێی گواستەوە، ئێوارەی چوارشەممە ڕێکەوتی 30-09-2020 جانێ لە بەندیخانەی بەکرکۆی لە ئیستەنبوڵ ئازادکراوە، پاش ئەوەی دوو ساڵی لەو بەندیخانەیەدا بە تۆمەتی تیرۆر بەسەربرد.
نەورۆز ئاکالان، پارێزەری هۆزان جانێ، ڕایگەیاندووە وێڕای ئازادکردنی لە بەندیخانە، بەڵام جانێ بۆی نییە تورکیا بەجێبهێڵێت و قەدەخەی هاتووچۆی لەسەر دانراوە.
پارێزەرەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە دادگای تایبەتمەندی کەیسەکەی جانێ، لە پاش گوێگرتن لە تیمی پارێزەرانی بەرگری، بە ئازادکردنی جانێ ڕازیبووە، پاش ئەوەی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانەدا بووە و ئەوەش گونجاو نەبووە.