دوای دووجار زیندانی و ئازارو ئەشکەنجەی زۆر، دوای خزمەتگەیاندنی بەبزاڤی ڕزگاری گەلی کوردستان لەهەردوو شۆرِشی ئەیلول و نوێ و پاش چەندین گیانبازی لەپێناو بیروباوەرِی ڕەوای کوردایەتی، لە گوندی #جەلکان#ی #پشدەر# ڕەقەی بناری #کێوەڕەش# لە ناوچەی #سەنگەرسەر# کاتژمێر 3ی باشنێوەڕۆی لەرۆژی #18-11-1980# لەنەبەردییەکدا دەکەوێتە بەر بۆردومانی هێلیکۆپتەری دوژمن و دەبێت بەدووەمین شەهیدی خێزانەکەی، چونکە پێشتریش و لەشۆرِشی ئەیلولدا، یاسین-ی برای گیانی پاکی بەخشیوە بەکوردستان و شەهیدکراوە.
ڕەنجبەری شەهید ناوی تەواوی جەمیل ساڵح عەزیزو لەگوندی (#گۆمەگروو#)ی #هەولێر#، ساڵی 1949 لەدایکبووە.
بەڵام کاتێک منداڵبووە، چوونەتە هەولێرو لەوشارە نیشتەجێبوون، قۆناغەکانی خوێندنی سەرکەوتووانە برِیوەو دەرچووی خانەی مامۆستایانی هەولێرە.
شەهید جەمیل یەکێکە لەو تێکۆشەرانەی کە بەدەگمەن لەچەندین بواردا شارەزاو لێهاتوو بووە، ئەو تێکۆشەرێکی کوردایەتی و کادیری #پارتی دیموکراتی کوردستان# و شۆرِشی ئەیلول بوو، مامۆستاو شاعیرو #پێشمەرگە#و زیندانی و ڕێبەرێکی سیاسیی بەئاگابووە، ئەو ڕەنجبەرێکی خەرمان بە بەرەکەتی خەباتی کوردایەتی و لێپرسراوێکی سادەی ڕیزەکانی خەباتگێرِان بوو.
ئەو لاوێکی خوێن گەرم بوو کە لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندیی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووەو دواتر لێپرسراوێتی (ناوچە)ی پێسپێردراوە، دیارە ئەوکات و سەردەمە لێپرسراوێتی ئەرکێکی گران بوو، بەئەنجامی گیانبازی و لێوەشاوەیش بەدەست دەخراو هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیشی تێدا نەبوو، خانەوادەی شەهید بەگشتیی لەرِیزی کوردایەتی و شۆرِشدا بوون و لایەنگری باڵی مەکتەبی سیاسیی (پ.د.ک) بوون، شەهید خۆیشی بیروباوەرِی چەپی هەبووە.
ئەگەرچی پیاوی زۆربەی بوارەکانی ژیان بوو، بەڵام زیاتر لەرِووی سیاسییەوە ناسرا، چونکە ئەوکاتە سیاسەتکردن و خەبات پیرۆزترین بوارێک بوو لەپێناو ئازادی گەلی کورددا، بۆیە شەهیدیش هەموو ژیانی خۆی لەو ڕێگایەدا کردە قوربانی، ژیانێکی پرِ لەدەردی سەری و ئازارو ڕاکەرِاکی بۆخۆی هەڵبژارد، ئەویش بۆئەوەی ژیانێکی ئارام و بێ کێشە بۆ گەلەکەی فەراهەم بکات.
ساڵانی 1969-1970 ڕۆڵێکی بەرچاوی لەناو ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانداو (پ.د.ک) گێرِاوەو بەوهۆیەشەوە کەسێکی خۆشەویستەو ناسراوی شاری هەولێر بووە، ساڵی 1974-1975 پێشمەرگەی شۆرِشی ئەیلول بووە.
دوای دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان شەهید جەمیل دەبێتە لێپرسراوی کۆمیتەی هەولێری کۆمەڵەو چەندین ئەرکی لێپرسراوێتی دیکەی پێدەسپێردرێت و دڵسۆزانەو خەمخۆرانە کارەکان ڕایی دەکات.
هەروەها خاوەنی دیوانێکی ناوازەی شیعری بەرگرییە کە لەدێرِەکانیدا ورەو بەهێزی تیادا دەبیندرێت.
لەماوەی دووجار دەستگیرکردنیدا ئازایانە دانی بەخۆداگرت و نهێنییەکانی پاراست، ئەگەرچی ئەشکەنجەو ئازارێکی زۆریش دەدرا، بەڵام ئەو پیاوی نەکەوتن و نەبەزین بوو.
دواجار حوکمی ئەبەدی دراو بەهۆی لێبوردنی گشتییەوە ساڵی 1980 ئازادکرا، هەر لەهەمان ساڵدا بوو بەپێشمەرگەی شۆرِشی نوێ و ڕێبەری سیاسیی هەرێمی 5ی ئەوکاتەی هەولێر، بەڵام بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتی و ئەستێرەی خەباتی چەکداری ئەو کەڵەپیاوە زوو کشاو لەرِۆژی 18-11-1980 بەهێرشی هێلیکۆپتەری ڕژێمی داگیر لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکەدا شەهیدکران.