پارتی سەربەستیی کوردستان وەک پارتێکی نەتەوەییی و سەربەخۆخوازی کوردستانی، لە 29ی ڕێبەندانی ساڵی 2705 ی کوردی،بەرامبەر بە #17-02-2006#ی زاینی،لەلایەن چەند کوردێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بڕیار لەسەر دامەزراندنی درا.
پارتی سەربەستیی کوردستان، پارتێکی ڕامیاری و دێمۆکراتە،لە پێناوی وەدەستهێنانی مافی سەربەخۆییی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات،تێدەکۆشی بۆ دێمۆکراسی و ئاشتی و ئازادی،یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، بۆ پاراستنی ماف و ڕێزی بەرامبەر بۆ هەموو ئایدولۆژیا جیاوازەکان، هەروەها هەموو چین وتوێژەکانی دانیشتووی سەر خاکی کوردستان.
پارتی سەربەستیی کوردستان پارتێکە لەسەر بناخە و پرینسیپی دیموکراسی و دیالۆگ و گفتوگۆی ئاشکرا دامەزراوە. بۆ مەسەلە گشتییەکانی پێوەندیدار بە چارەنووسی گەلی کوردەوە ڕاپرسی بە خەڵکی کوردستان دەکات.
پارتی سەربەستیی کوردستان،بە هەوڵی بێوچانی سەرکردایەتیی کاتی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیی سەدان هاوبیری نەتەوەیی و سەربەخۆخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە دەوری بەرنامەی خۆی کۆ کاتەوە،بەردەوامیش دەبێت بۆ پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو بە بیرۆکەی سەربەخۆیی،
لەو ماوە کورتەدا توانیویەتی خزمەتی زۆر بە پێشخستنی بیروباوەڕ لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەکجاری بکات.
پارتی سەربەستیی کوردستان لەو ماوە کورتەدا توانیوێتی لە ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی، وەک پارتێکی سیاسیی نەتەوەییی کوردستانی بناسرێت. گەلێک جار لە کۆبوونەوە و کۆنفرانسی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکاییدا بەڕەسمی بانگهێشت کراوە و دەکرێت. لەو ماوە کورتەدا توانیۆێتی دەیان وڵات و کومپانیای گرنگی جیهانی و کەسایەتیی سیاسی و نووسەری بێگانە بکاتە ئاشنا و دۆستی کورد، بەردەوام سەرقاڵی زیاتر بەجیهانیکردنی کێشەی کوردە بەگشتی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
پارتی سەربەستیی کوردستان، بەگوێرەی توانا لە تێکۆشانی هەموو بەشەکانی داگیرکراوی کوردستان پشتیوانی دەکات.
پارتی سەربەستیی کوردستان نیشتمانی کورد بە هەموو پارچەکانیەوە بە یەک وڵات و نەتەوەی کوردیش بە یەک نەتەوە دەناسێ، ئەو سنوورانەش کە خراونەتە نێوان بەشەکانی کوردستان و بە ڕواڵەت لەتیان کردووە، بە دەستکردی داگیرکەر و سنووری زۆرەملییان دەزانێ و دانیان پێدا نانێت، بەڵام لەم هەلومەرجە ناسکەدا، (پسک) بەپێێ چەندین هەڵسەنگاندنێکی سیاسی و ستراتیژیی ڕۆژ لە ناوچەکەدا، خەبات و تێکۆشانی ئێستای تایبەت دەکات بۆ بەشی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە کوردستانی بندەستی ڕێژیمی ئێران. [1]