شەهیدی سەرکردە، ساڵی 1943 لە گەڕەکی #دەرگەزێن#-ی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، هەر لەوێش قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتاییو ناوەندی تەواوکردووەو پاشان لەخانەی مامۆستایان وەرگیرا و ساڵی 1964 بووە مامۆستا.
شەهید هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵاوی چالاکییە سیاسییەکان بووەو لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستانو لەناو ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#دا وەک تێکۆشەرێکی ڕۆشنبیر و لەخۆبردوو ناوی دەرکردووە.
سەرەتای حەفتاکان بۆتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی سلێمانی و دواتریش لێپرسراوێتی ناوچەی #دەربەندیخان#ی پێ سپێردراوە.
ئەم لاوە پێشکەوتنخوازەی ڕێبازی کوردایەتی ساڵی 1969 پەیوەندیکردووە بە ئەڵقە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەوە.
ساڵی 1975 ڕۆڵێکی دیارو بەرچاوی بینی لە پێشخستنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەو جۆشدانی شۆڕشی نوێی خەڵکی کوردستاندا.
شەهید، وەک سەرکردەیەکی کارامەو تێکۆشەرێکی خاوەن ئەزموون ماوەی چەند ساڵێک ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی لەناو شاری سلێمانیدا گرتە ئەستۆو شان بەشانی ئەمەش سەرپەرشتی مەفرەزەکانی ناو شاری ئەکرد.
شەهید چەند جارێک کەوتۆتە بەر شاڵاوی گرتنو لە زیندانەکانی ڕژێمدا، سەرەڕای ئازارو ئەشکەنجەدانێکی زۆر، بەوپەڕی ئازایەتییەوە نهێنییەکانی ڕێکخستنی پاراستووە، دواتریش کە ئازادکرا ڕوویکردە شاخو لە دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەدا بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراو لێپرسراوێتی دەزگای ناوەندی ڕێکخستنی پێسپێردرا، ئەم سەرکردە ماندوونەناسەی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ڕۆژی 14ی تەمموزی ساڵی 1983 لە ناوچەی #بالیسان# بە ڕووداوی ئوتومبێل گیانی لەدەستدا و گەیشتە کاروانی نەمران.