کوڕی مستەفا ئەفەندی کوڕی مەحمود موڕادی مەردۆخییە و بنەماڵەکەیان هاوکارێکی نزیکی پاشاکانی بابان بوون، ماجید مستەفا کەسایەتییەکی دیاری نیشتمانی و سیاسی و سەربازی و کارگێڕی بوو، لە چەند وێستگەیەکی مێژووییدا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە.
ماجید مستەفا مەحمود ساڵی 1896 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لەئامێزی خێزانێکی ناوداری ئەو شارەدا پەروەردە بووە، خاڵی کەسایەتیی ناسراو (فوئاد عارف)ە. خوێندنی سەربازی لە ئەستەمبوڵ تەواوکردووە و لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەمدا وەک ئەفسەرێک لەبەرەکانی خۆرهەڵاتدا بەشداری شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانی کردووە و بریندار بووە. بەهۆی ئازایەتییەوە چەند مەدالیایەکی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە. پاش هەرەس هێنانی دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی ساڵی 1919 گەڕاوەتەوە شاری #سلێمانی# ، لێرەوە قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان دەستپێکردووە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا، (کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستان) یان دامەزراندووە و لە ساڵانی (1920-1922) لەو کۆمەڵەیەدا کاری کردووە. ئەو ساڵەی کە بەریتانیا ئێراقی داگیر کرد، مێجەرسۆن لە سلێمانی ئەم ئەفسەرە لاوەی زیندانی کرد چونکە ئامادە نەبوو سڵاوی سەربازی بۆ مێجەرسۆن بکات. پاشان ناچاری کرد ببێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی (ڕوشدیە) لە سلێمانی. ماجید مستەفا پەیوەندیشی بەبزووتنەوەی (سمایل خانی شکاک) ەوە هەبووە. لە قۆناغە سەرەتاییەکانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموددا لایەنگرێکی دڵسۆز و هەرە ناسراوی شۆڕشەکەی شێخی نەمر بوو. هەر لەگەڵ شێخ مەحموددا ساڵی 1927 چوو بۆ بەغدا و پێکەوە چاویان بە (شا فەیسەڵی یەکەم) کەوتووە.
ماجید مستەفا پاش ئەو قۆناغە تێکەڵی ژیانی ئیداری بوو. ساڵی 1941 کە ڕاپەڕینە بەناوبانگەکەی سوپای ئێراق سەری هەڵدا ئەم پارێزگار (موتەسەرییف)ی عەممارە بوو. چەند جارێکیش لە پەڕڵەمانی ئێراقدا بە نوێنەری شاری سلێمانی هەڵبژێردراوە. ماجید مستەفا هەمیشە ڕەخنەی لە حکومەتی ئێراق گرتووە سەبارەت بەوەی لە بەرانبەر مەسەلەی کورددا سیاسەتێکی کوورت بینانە پەیڕەو دەکات.
ساڵی 1943 و لە هەشتەمین کابینەی (نووری سەعید) دا بۆ یەکەم جار کرا بە وەزیر. پاش ئەوەش چەند جارێکی تر پۆستی وەزارەتی جیاجیای پێ سپێردراوە. پێش 14ی تەمموزی ساڵی 1958 لە چالاکی سیاسی دوور کەوتەوە و خوی داوەتە بازرگانی.
ڕۆژی 02-08-1974 لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە.[1][2]