ساڵی 1914 لە شارەدێی (باشقەڵا) لە شاری #وان# لەدایکبووە.
باوکی ئەفسەری عوسمانی بووه، لە شەڕی دژی ڕووسیای قەیسەریدا شەهیدکراوە.
بەهۆی محەمەدی برایەوە کە ئەفسەری سوپای عوسمانی و پاشان ئەفسەری سوپای دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئێراق بووه، لە#زاخۆ# نیشتەجێ بووە.
ساڵی 1937 کۆلیژی (حقوق) ی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.
هەر ئەو سەردەمەش تێکەڵی چالاکییە سیاسییەکان بووە و پەیوەندیکردووە بە حزبی شیوعی ئێراقەوە.
ساڵی 1938ناسنامەی ئێراقی لێسەندراوەتەوە و ماوەیەک بەنهێنی لە خانەقاکەی سەیید ئەحمەد دا لە#کەرکووک# ژیاوە.
سەرەتای چلەکانیش بەنهێنی لە گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر درێژەی بە کاری سیاسی داوه، ئەو تێکەڵاوییەی لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکەدا بواریان بۆ ڕەخساند شارەزاییەکی زۆر لەسەر ڕێبازی (هەقە) کان پەیدا بکات.
ساڵانی 1943-1944 پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ هەردوو حزبی (شۆڕش) و (ڕزگاری) پەیداکردووە، ساڵی 1946 لەسەر داوای هەردوو حزب چووەتە #مەهاباد#و بەنیازی دامەزراندنی پارتێکی پێشڕەوی دیموکراتی شۆڕشگێڕ پەیوەندی بە سۆڤێتییەکانەوە کردووە.
لە گەشتێکدا بۆ تەورێز هاوڕێ لەگەڵ شەهید مستەفا خۆشناو و چەند کەسێکی تردا پڕۆژەی پەیڕەوو و پرۆگرامی (پارتی دیموکراتی کوردی ئێراق) ی نیشانی لێپرسراوانی سۆڤیەت داوە و ئەوانیش پەسەندیانکردووە. کە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی پارتی بڵاوکرایەوە، گەڕایەوە باشووری کوردستان و لە یەکەمین کۆنگرەی پارتیدا پڕۆژەکەی پێشکەشکرد.
لەو سەردەمەوە تاکۆتایی ساڵی 1949 سکرتێری پارتی بوو. ئەم سەرکردە سیاسییە گەورەیه، نووسەرێکی کەمهاوتا بوو، بەتایبەت لەزمانی عەرەبیدا.
ساڵی 1958 ناسنامەی ئێراقی پێدرایەوە. تێکچوونی باری تەندرووستی وای لێکردبوو نەتوانێ وەکوو جاران چالاکی سیاسی بنوێنێ، بەڵام هەمیشە بەهەڵوێست و نیشتمانپەروەر و ڕێنیشاندەری نەوەی نوێ بووە.
دوو ساڵی کۆتایی ژیانی لە#سلێمانی# بەسەر بردووە و ڕێکەوتی #13-12-1998# کۆچی دوایی کردووە، لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا لەسەر وەسێتی خۆی لە گۆڕستانی گوندی (#سیتەک#) بەخاک سپێردراوە. [1]