ئەم شاعیرە گەورەیەی لایەنگرانی ئەهلی حەق، کوڕی محەمەد بەگی لوڕستانییە و ساڵی 1651 لەبنەماڵەیەکی خوێندەوار و بەناوبانگی ناوچەکە لەدایک بووە. بەمنداڵی لەلای باوکی فێری خوێندن و نووسین بووە و هێشتا هەرزەکار بووە کە بەهرەی شاعیرێتی تیادەرکەوتووە. خان ئەڵماس ئەم توانا گەورەیەو هەموو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتکردنی مەزهەبەکەی و ڕێنمایی کردنی خەڵکی. شیعرەکانی خان ئەڵماس کە بەشێوە زمانی (گۆرانی) هۆنراونەتەوە، گەنجینەیەکی گرانبەهای ئەدەبی کوردی پێک ئەهێنن. کۆمەڵە شیعرێکی ئەم شاعیرە لە دوو توێی کتێبێکدا کۆکراونەتەوە بەناونیشانی (کەلامی خان ئەڵماس)، ئەم کۆمەڵە شیعرە تایبەتن بە ڕوونکردنەوەو وەسف کردنی ڕێبازی ئەهلی حەق، بەڵام گرنگترین بەرهەمی خان ئەڵماسی لوڕستانی کۆمەڵە شیعری (پێشبینییەکان)ە کەلەسەدەی پێنجەمی کۆچیدا سەرکردەیەکی ئەو ڕێبازە مەزهەبییە سەبارەت بە چارەنووسی ئێران پێشبینی کردوون و خان ئەڵماسیش لەسەدەی دوانزەهەمی کۆچیدا ئەو پێشبینییانەی خستۆتە چوارچێوەی شیعرەوە و خەڵکی ناوچەکە ئەزبەریان کردووە. لەم کۆمەڵە شیعرەدا باسی پەلاماری تەیمووری لەنگ و کارەساتەکانی دواتری ئێران بەجوانی وێنا کراون و شاعیر ڕای خۆی و ئامۆژگارییەکانی دامەزرێنەرانی ئەهلی حەقی تێکەڵاو کردووە. ئەم شاعیرە بلیمەتە ساڵی 1717 کۆچی دوایی کرد و لەپاش خۆی هەزاران دێڕە شیعری جوان و پاراوی بەجێهێشتووە.