ساڵی 1931 لە گەڕەکی دەرگەزێن-ی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە. بەپێی هەندێک سەرچاوە لە هەڵەبجە لەدایکبووە و بنەماڵەکەیان لە هەڵەبجەوە هاتووەتە سلێمانی.
هەر لە سلێمانی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواوکرد و پاشان لە بەعقوبە دواناوەندیی تەواوکرد.
لە ناوەڕاستی چلەکاندا دەستیداوەتە کوردایەتی و ساڵی 1948 کە ڕاپەڕینە گەورەکەی ئێراق بەرپابووە، مامۆستا حیلمی یەکێک بوو لە سەرکردە ناسراوەکانی بزووتنەوەی خوێندکاران، ئەم هەڵوێستە سیاسییە وای لە کاربەدەستانی ئێراق کردووە قینی لێ هەڵبگرن و چەند جارێک دووری بخەنەوە و زیندانی بکەن.
کاتێک ناوی لە بۆ کۆلێژی ئەندازیاری دەرچووە، ماوەی دوو ساڵ زیندانی کراوە و لە خوێندن دابڕا.
کە #پارتی دیموکراتی کوردستان# مۆڵەتی ڕەسمی پێدرا، مامۆستا حیلمی بوو بە کادیرێکی گرنگی ڕۆژنامەی خەبات و لەم بوارەدا خزمەتێکی زۆری حزبەکەی خۆی کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی #شۆڕشی ئەیلول#-دا بوو بە پێشمەرگە و لە #گەرمیان# و #هەڵەبجە# و #هەورامان#-دا گەلێ لێپرسراوێتی حزبی وەرگرت.
ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، لەناو باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیو ساڵی 1968یش بوو بەخاوەن ئیمتیاز و سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی (النور) .
لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی تەواوکرد.
ئەم ڕووناکبیرە کوردپەروەرە هەمیشە لە سەنگەری میللەتدا بووە و لە بوارەکانی ڕۆژنامەگەریی و نووسین و ڕۆشنبیرکردندا خزمەتێکی گەورەی پێشکەشی گەلەکەی کردووە.
مامۆستا حیلمی شەوی 5/4 تەمموزی ساڵی 1998 بە نەخۆشییەکی کتوپڕ لە بەغدا کۆچیدوایی کرد و ڕۆژی دواتر لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا لە #گردی سەیوان#-ی شاری سلێمانی ئەسپەردەی خاک کرا.[1]