شارەدێیی بەحرکە کە بە ناوچەی بەرانەتی ناسراوە کەوتووەتە ناوچەیەکی تەخت بەدووری 10 کم لە باکووری شاری #هەولێر# لە ساڵی 2001 شارەوانی بووە و لە ساڵی 2003 کراوە بە شارەدێ و سەربە شارۆچکەی ناوەندی هەولێره.
ئاو و هەوای ئەم شارەدێیە لە هاوین وشک و گەرمە، لە زستانیش باراناوی و ساردە، بەڵام لە بەهار و پاییز کەشێکی خۆش و مامناوەندی هەیە، سامانی سرووشتی سەرەکی لەم دەڤەرە زەویە کشتوکاڵییە بە پیتەکەیەتی، بەم هۆیەوە پیشەی خەڵکەکەی هەر لە سەرەتایی سەدەی بیستەم بە کشتوکاڵ و ئاژەڵ بە خێوکردنەوە خەریکن، بە زۆری گەنم و جۆ و نیسک و نۆک چاندراوە بەم دواییەش کشتوکاڵی هاوینەشی لێکراوە دوای هەڵکەندنی بیرە ئیرتیوازییەکان، شایەنی باسە ئێستا بەهۆی پیشەی فەرمانبەرییەوە کشتوکاڵ تا ڕادەیەک کەم بووەتەوه.
دووری ناوەندی شارەدێ لەناوەندی شارۆچکە: 10 کم
هێلێ پانی 36:19:150 و هێڵی درێژی 44.0325 (واتە 19 کم و هەندێک لە سەرووی هێڵی پانی 2، 36 دوو کیلۆمەتریش لە ڕۆژهەڵاتی هێڵی 44 درێژیە).
سنووری لە باکوور شارەدێی سەڵاحەدین و ڕووباری بەستۆڕەیە (گوندی تۆبزاوە و پەرپیتانە).
لە باکووری ڕۆژهەڵاتیش گوندی قەلەمورتک،
لە ڕۆژهەڵات گوندی براغ (بۆلاق)
لە باشوور گوندی پیرزین و کەڕک،
لە ڕۆژاوا گوندی گەزنە و ئاشۆکان
لە باکووری ڕۆژاوا جەژنیکان ئەبابەکر.
بەحرکە کە پێشتر گوندێک بووە لە گوندە هەرە کۆنەکانی پارێزگای هەولێر، کە مێژوی ئاوەدانییەکەی دەگەرێتەوە بۆ 700 ساڵ پێش زایین لەو سەردەمەی سەنحاریبی پاشای ئاشورییەکان پڕۆژەی ئاوی شاری هەولێری تەواوکردووە لە ساڵی 691_690ی پێش زایین، کانی گوندی بەحرکەشی ڕێکخستووە دیواری بۆ درووستکراوە، دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک لە بەردەکان نووسینی لەسەر کراوە (خوێندنەوەی نووسینەکان مێژووەکەی گەراندوەتەوە بۆ ئەو کاتەی کە سەنحاریبی ئاشووری ئاوی لە بەستۆرەوە لە نزیک گوندی قەلەمورتک بۆ شاری هەولێر بردووە) بەڵگەیەکی تر بۆ مێژووی بەحرکە گەورەیی گۆرستانەکەیەتی کە 100 دۆنمە کە بووە بە دوو گۆرستان بە ناوی (گۆرستانی شێخ وەیس لە باشوور و گۆرستانی کێلە سپی لە باکووری ڕۆژهەڵات) لەبەرکۆنی، گۆرەکان لەگەڵ زەویەکە ڕاست بووە.
لەسەرەتادا گوندی بەحرکە لە خواروی کانییەکە بووە، لە بەر ئەوەی ئاوەکە بەئاسانی بگاتە ماڵەکان، بەڵام دواتر لە هەر چواردەوری کانییەکە خانوو کراوە و کانییەکە کەوتوتە ناو گوند. تا سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەم تاکە سەرچاوەی ئاوی گوندەکە بووە، دواتر لە سەرەتایی پەنجاکان بیرێکی ئیرتوازی لە خوارووی گوندەکە هەڵدەکەنرێت.
بەحرکە لە سەردەمی ئاشوریەکان ناوی (ملەچرگ) بووە (ئێستاش خرابەیەک شوێنی دیارە و پێی دەڵێن ملە چرگ) واپێدەچێت لە (ماڵە چرگ) هاتبێت، تا هاتنی ئایینی ئیسلام ئەم ناوەی هەبووە ئینجا ناوەکەی گۆراوە بۆ بەحرکە لەبەر ئەوەی شوێنی کانییەکە لە قوڵدا بووە و ئاوەکەی خر بوەتەوە لەوانەیە پانتاییەکی باشی داگیر کردبێت بە شێوەی نیمچە دەریاچەیەک (بحیرە) بوبێت ناویان لێناوە (بەحرۆکە) واتە بەحرێکی بچوک دواتر وشەکە سوانەوەی بەسەردا هاتووە بوەتە (بەحرکه).
ڕووبەرەکەیشی 122160 سەد و بیست و دوو هەزار و سەد و شەست دۆنم زەوی پێکهاتووە.
116583 سەد و شازدە هەزار و پێنج سەد و سێ دۆنمی بەسوودە بۆ نیشتەجێ بوون و کشتوکاڵ، هەروەها 5577 پێنج هەزار و پێنج سەد و حەفتا و حەفت دۆنمی بێسوودە.
کۆی گشتی دانیشتووان لەم شارەدێیە (32710) سی و دوو هەزار و حەفت سەد و دە کەسە.
کۆی گشتی سەرۆک خێزان (7020) حەفت هەزار و بیست خێزان.
کۆی گشی خانوو کە ماڵیان تێدایە (6561) شەش هەزار و پێنج سەد و شەسەد و یەک ماڵ.
کۆی گشی خانوو کە ماڵیان تێدانییە و بەتاڵن 1173 هەزار و سەد و حەفتا و سێ خانوو.[1]