یەکێکە لە هاوینەهەوارە بەناوبانگەکانی کوردستان، کە دەکەوێتە دامێنی چیای سەفین بەلای باکوورییەوە و (966) م لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەهۆی نزیکییەوە لە دامێنی چیای سەفین کەشوهەوایەکی تایبەتیی بەخشیوە بەم هاوینەهەوارە، لە کۆنەوە مایەی سەردانی گەشتەوەرانی بووە و بە جۆرێک گەشتوگوزار بەشێکی زۆری داهاتی ناوەندەکەی داگیرکردووە.
شەقڵاوا (51) کم لە شاری
هەولێرهەولێرەوە دوورە و ڕێگاکەی ڕێگایەکی زۆر چاکە، پلەی گەرمای ئەو هاوینەهەوارە بەهاوینان (30 تا 35) پلەی سەدیە و زستانیش (10) پلەی ژێر سفری سەدیە دارستانی چر و پر لەو دەڤەرەدا هەیە و بەزۆری (خۆخ، گوێز، ترێ، هەنجیر، هەنار) .
شایەنی باسە بەرهەمی تووەکی زۆر لە شەقڵاوە هەیە کە ناوبانگێکی زۆری لە کوردستان هەیە، لە بازاڕی ئەو هاوینەهەوارە کەلوپەلی پێویست بۆ گەشتەوەران بەئاسانی دەست دەکەوێت لە ئوتێل و چێشتخانە و چەندین دووکان لە وناوەندە کەلوپەلی پێویست و کەلوپەلی فۆلکلۆری کوردەواری و دەستکردی پیشەیی کوردی و خواردن و بەرهەمەکانی نێو خۆی زۆرن بەتایبەتیی بەرهەمی میوەجات و پەروەردەکردن.
لە شەقڵاوا دا چەند ئوتێلێک هەن و لە پلە باشەکانی ئوتێلی گەشتیارین، سەرەڕای ئەوانە چەندان خان هەیە لە ماڵەکاندا کەوا پێشوازی لە میوانان دەکەن.