لە ڕۆژی #22-12-1951# لە بنەماڵەیەکی هونەری لە شاری سنە لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی موزیک لە ژێر چاوەدێری هونەرمەندی موزیکزانی کورد حەسەن کامکار فێربووە. ساڵی 1972 لە لقی موزیک لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران وەرگیرا. پاشان لەگەڵ هونەرمەندانی ناسراوی ئێرانی محەمەد ڕەزا لوتفی، حوسێن عەلیزادە و پەرویز موشکاتیان گروپەکانی موزیکی شەیدا و عارفیان دامەزراند. ئەم دوو گروپە هەندێک کۆنسێرتی سەرکەوتوویان بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێران محەمەد ڕەزا شەجەریان و گۆرانیبێژی بەئەزموونی کورد شەهرام نازری بەڕێوەبرد و هەروەها چەندین ئەلبوومیان تۆمار کرد کە بێ شک لەو بەرهەمە بەهێزانەن کە لە موزیکی ڕەسەنی ئێرانیدا جێی ئاماژە پێکردنە.
پەشەنگ کامکار لە گەڵ گروپی موزیکی کامکاران کۆمەڵێک بەرهەمی بەپێزی تۆمار کردووە و لە زۆربەی هۆڵە گەورەکانی وڵاتانی دنیا کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکەش کردووە، هەروەها لە گەڵ بنەماڵەکەی لە زۆربەی فیستیڤاڵە گرینگەکانی موزیکی جیهان بەسەرکەوتووییەوە بەشداری کردووە، لەوانە: فیستیڤاڵی WOMAD بە سەرپەڕشتی پیتێر گابریێل و سامێر ئێستیچ لە نیۆیۆرک، فیستیڤاڵی موزیکی لۆچیانۆ بریۆ ئاوازدانەری مۆدێرنی ئیتاڵی لە وڵاتی بەریتانیا لە ساڵی 2004، فیستیڤاڵی تیمی تار لە شاری ئاگادیر لە وڵاتی مەراکیش لە ساڵی 2006 و هەروەها فیستیڤاڵی باربیکەن سەنتێر Barican Canter لە وڵاتی بەریتانیا لە ساڵی 2008.
هونەرمەندی موزیکزانی کورد پەشەنگ کامکار کتێبەکانی شیوە سنتورنوازی، موج، یادگاران، گل نیاز و ردیفی میرزا عەبدوڵڵای بۆ ئامێری سەنتوور نووسیوە و ئێستاکە لە زانکۆی هونەر وبیناسازی تاران ئامێری پسپۆڕانەی سەنتوور بە خوێندکاران دەڵێتەوە و هەروەها لە فێرگەی موزیکی کامکاران لە شاری تاران خەریکی وانە گوتنەوەی ئەم ئامێرەیە بە قوتابیانی موزیک.