ئەم میرنشینە لە بنەڕەتدا بە ناوی فەقێ ئەحمەدی بابانەوە دامەزراوە. لە ساڵەکانی 1686 بەدواوە بەهێز بووە و دواییش دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەیەمدا میرنشینی بابان لە ڕووی سیاسییەوە و دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆڵێکی زۆر گرینگی بینیوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەسەڵات و هێزی سەربازیی میرنشینی بابان. دەسەڵاتی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە بۆ 300 ساڵێک لەمەوبەر. ئەم میرنشینە دەکەوێتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باشووری میرنشینی سۆرانەوە و تاکوو بەشێکیش لە ڕۆژەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. لە ڕۆژئاواشەوە تەواوی ناوچەی کەرکووکی دەگرتەوە. بەشێکی ناوچەی شارەزوور لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی باباندا بوو. پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو. دوای ئەوەی دادوەری گوندی مەڵکەندی، ئیبراهیم پاشا، بە ناوی سلێمان پاشاوە، لە ساڵی 1784دا دەستی بە درووستکردنی شارێک کرد و ناوی سلێمانیی لێ نا و دواییش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان.
لە سەردەمی میرنشینی باباندا گیروگرفتی ناوخۆیی زۆر بوو، ئەمە زۆر کاری کردە سەر بێهێزی و لاوازکردنی ئەم میرنشینە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە عوسمانی و فارس بە پێی ڕێککەوتنی پەیمانی قەسری شیرین میرنشینی بابانیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد. ئیتر لە دوای ئەوەیش میرنشینی بابان جارێ دەکەوتە ژێر دەستی عوسمانی و جارێکی تریش ژێر دەستی فارس.
لە سەردەمی میرعەبدولڕەحمان پاشادا جارێکی تریش میرنشینی بابان بەهێز بووەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. عوسمانییەکان لە ساڵی 1822دا بە لەشکرێکی زۆر بەهێز و لەژێر سەرکردایەتیی مامەد پاشا خۆیدا، هێرشی بردە سەر سلێمانی کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو.
نزیکەی 500 کەس لە لەشکری عوسمانی کوژرا، بەڵام لە دواییدا عوسمانییەکان توانییان شاری سلێمانی بگرن. مەحمود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی 1834 دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو و دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکوو ساڵی 1851 بە دەستی سلێمان پاشا بوو.
ئەوەی شایانی باسە، لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینەدا زمان و ئەدەبی کوردی زۆر پەرەی سەند، بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی شانزەوە تاکوو نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدە.
دروستبوونی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بە ڕێبەرایەتیی نالی 1797 1855 و هاوڕێکانی، سالم و کوردی و مەحوی کە شەقـڵشکێنی شیعری کوردی بوون لە دیالێکتی کرمانجیی خواروودا و دواییش بوو بە زمانی ئەدەب و نووسین و زۆر لە شاعیرانی تریش هەر لەسە ئەو ڕێچکەیە ڕۆیشتن و پەیڕەوییان کرد و پەرەیان بەو زمانە ئەدەبییە دا.