ناوی تەواوی زانا نەسرەت عەبدلکریم بەرزنجییە، لەدایکبووی 1970ەو خەڵکی شاری هەولێرە. کۆلیژی ئەندازیاری بەشی میکانیکی تەواو کردووە و خێزاندارە و کچێکی تەمەن چوار ساڵ و کوڕێکی تەمەن دوو ساڵی هەیە، شێخ زانا دامەزرێنەری ئەو گروپە بوو سەرپەرشتیکردنی کارەکانی کوشتن و سەربڕین و تەقاندنەوە کردووە. جگە لەوە بەدەستی خۆی چەند کەسێکی سەربڕیوە. ماڵەکەی شێخ زانا ناوەندی سەرەکی ئەنجامدانی ئەو کردەوانە بووە بە پارەی خۆی ئەو گروپەی بردووە بەڕێوە.
شێخ زاناو گروپەکەی لەساڵی 1995وە لەشاری هەولێرو دەوروبەری چەندین کردەوەی کوشتن و سەربڕینیان ئەنجامداوە و لەنیوەی دووەمی ساڵی 2005 لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەو گروپە ئاشکرا کران و پاشان لە پرۆسەیەکی دەستگیرکردندا لەماوەی 10 ڕۆژدا سەرجەم گروپەکە لەنێو زینداندا خۆیان بینییەوە. دوابەدوای ئەو دەستگیرکردنە پاش مانگێک دانپێنانەکانیان لەسەر شاشەی کوردستان تیڤی بڵاوکرایەوە.
پاش دادگاییکردنی لە بەندیخانەی محتەی شاری هەولێر شێخ زاناو 10 کەس لەگروپەکەی لەسێدارەدانیان جێبەجێکرا. جێبەجێکردنی ئەو لە سێدارەدانە لەکاتێکدایە کە لەسەرەتای مانگی چواری 2006 بەبڕیاری لە سێدارەدانی 10 کەس لەو گروپە و بەهەتا هەتایی حوکمدانی کە سێکی تریان بەناوی کارزان ئیسماعیل عەلی دۆسییەکەیان لەدادگاوە چوو بۆ دادگای تەمیز و پاشان بەهەمان بڕیار دۆسییەکەیان لەماوەی 15 ڕۆژدا گەرایەوە.