ساڵی 1963 لە شاری #کرماشان# لە دایک بووە. لە تەمەنی 5 ساڵییەوە بە شێوەی ئاماتۆڕ دەستی بە فێربوونی موزیک کردووە و پاشان لە تەمەنی 13 ساڵییەوە لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان هاوکاری هونەری خۆی دەست پێکرد و لەگەڵ هونەرمەندانی ئەم شارە موزیکی کوردی پێشکەش کرد.
موزیکزانی کرماشانی لە درێژەدا سەردانی شاری تارانی کرد و لەگەڵ گرووپی موزیکی شەیدا بە سەرپەڕشتی هونەرمەندی ناوداری موزیکی ئێران محەمەد ڕەزا لوتفی، کۆمەڵێک ئەلبومی موزیکی سەرکەوتووی بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی محەمەد ڕەزا شەجەریان بڵاوکردەوە.
کەیهان کەڵهور لە تەمەنی 17 ساڵییەوە سەردانی وڵاتی ئیتاڵیای کرد و هەر لەم شارەش نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ خوێندنی لقی موزیک ڕووی لە وڵاتی کەنەدا کرد و لە زانکۆی کارڵتۆن ئۆتاوا لە بەشی ئاوازدانەری وەرگیرا و پڕۆژەی کۆتایی زانکۆشی ئەلبومی شب سکوت کویر بە دەنگی محەمەد ڕەزا شەجەریان، سەبارەت بە موزیکی کوردەکانی کرمانجی باکووری خوراسان بوو کە یەکێکە لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی ئەم هونەرمەندە و لە ناو گوێگرانی موزیکی ئێرانیدا جێگایەکی تایبەتی هەیە. لە ئاکامدا بەم بەرهەمە بەنرخە کەڵهور بە پلەیەکی باش لە زانکۆی کارڵتۆن ئۆتاوا دەرچوو.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/976/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=کەیهان کەڵهوڕ=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/976/0001.JPG=KTML_Photo_End=
موزیکزان لەم زانکۆیە لەگەڵ تەکنیکەکانی موزیکی ڕۆژاوایی ئاشنا بوو، ئاشنایی لەگەڵ تەکنیکەکانی موزیکی ڕۆژاوایی بووە هۆی ئەوەی کە دواتر چەندین بەرهەمی بەپێز لەگەڵ هونەرمەندانی ناوداری موزیکی جیهان تۆمار بکات و بە گۆی خەڵکی بگەیەنێت، لەوانە: ئەلبوم و CDکانی غەزەلی 3، 2، 1 و4، تا بیکران دور دست لەگەڵ ئامێرژەنی بەتوانای کرماشانی عەلی ئەکبەر مورادی، شبهای فەیروزەای نیشابور و چەندین بەرهەمی دیکە.
کەیهان کەڵهور بە ئەلبومی شب سکوت کویر بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێران محەمەد ڕەزا شەجەریان وەکوو ئاوازدانەر و ئامێرژەنێکی بەتوانا لە ئێران ناسێندرا.
ئاوازدانەری بەئەزموونی کورد لە درێژەی کارەکانییدا لە وڵاتی ئێران، لەگەڵ موزیکزانی ئێرانی حسێن عەلیزادە و هومایوون شەجەریان، بە دەنگی محەمەد ڕەزا شەجەریان کاری هونەری خۆی درێژە پێدا.
ئاکامی ئەم هاوکارییە کۆنسێرت گەلی ڕێکوپێک لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی کیشوەرەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و هەروەها لە تەواوی شوێنەکانی جیهان بوو.
موزیکزانی کرماشانی دوای ساڵانێکی زۆر چاوەڕوانی هۆگرانی موزیک، بە هاوڕێیەتی محەمەد ڕەزا شەجەریان و گرووپەکەی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی بەم و لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئەو شارە، لە سەرەتای مانگی ژانوییە واتە سەرماوەزی ساڵی 2003 کۆنسێرتێکیان بە ناوی همنوا با بم واتە هەمنەوا لەگەڵ بەم پێشکەش کرد. لە درێژەدا بە دەنگی شەجەریان چەندین ئەلبومی دیکەی بڵاوکردەوە کە هەموویان لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی موزیکی سونەتی ئێرانییە، لەوانە: زمستان است، بی تو بە سر نمی شود و فریاد.
کەیهان کەڵهور لە درێژەی کارەکانییدا لەگەڵ گرووپی موزیکی ڕێگای هەورێشم بە سەرپەڕشتی یۆیۆما YoYoMa ئەلبومێکی نوێی بە ناوی نامومکینە نوێیەکان بە هاوکاری ئۆرکسترای فیلارمۆنیکی شیکاگۆ بڵاوکردەوە کە لەلایەن هۆگرانی موزیک لە ئەمەریکا و هەروەها لە ئاستی دنیادا پێشوازییەکی یەگجار زۆری لێکرا.
هەروەها ساڵی 2006 لە ساز کردنی موزیکی فیلمی سینەمایی لاوەتی بێ لاوییەتی لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری دنیا فرانسیس فۆرد کاپوولا هاوکاری کرد، موزیکی ئەم فیلمە لەلایەن ئاوازدانەری ناوداری ئەرژەنتینی ئیزواڵدۆ گۆلیف ئامادەکراوە کە تیایدا کەیهان کەڵهور بە ئامێری کەمانچە تاکژەنی کردووە.
چەندین بەشی موزیکی فیلمی سینەمایی لاوەتی بێ لاوییەتی لەلایەن کەیهان کەڵهور بە ئامێری کەمانچە لە وڵاتی ڕۆمانیا تۆمار کراوە.
موزیکزانی کورد پێشتریش لە ئامادەکردنی چەندین بەشی موزیکی فیلمی دیکۆمێنتی ڕێگای هەریشم بە ئاوازدانەری ژائۆ ژیپینگ ئاوازدانەری چینی هاوکاری کردووە، ئەم فیلمە دیکۆمێنتییە لەلایەن تەلەفیزیۆنی NHKی وڵاتی ژاپۆن بەرهەم هاتووە.
کەیهان کەڵهور ساڵانی پێشوو بە 4 ئەلبومی موزیک لە بەرهەمەکانی خۆی بۆ 4 جار لە خەڵاتی بەناوبانگی موزیکی دنیا گرامی کاندید کرابوو.[1]