لەرۆژی 15ی شوباتی ساڵی 1934 لەگوندی تەکیەی سەر بەناحیەی قەرەداغ لەدایکبووە، هەر لەوێ لەگەڵ منداڵانی گوندەکە لای یەکەم مامۆستای کە ناوی شێخ کاکە حەمەی شێخ عەبدولکەریم بوو فێری ئەلفو بێو قورئان خوێندن بووە، پاشان لای شێخ عەبدوڵڵای شێخ حەسەن هەندێک کتێبی فارسیو عەرەبیو کوردی خوێندووە.
ساڵی 1940 لەدوای کۆچی دوایی زانای پایەبەرز، عەلامەی سەردەمی خۆی، شێخ باباعەلی کە باپیری خوالێخۆشبووە، هاتوونەتە سلێمانیو باوکی کە شێخ نوری شێخ باباعەلییەو ئەمیشیان بەهەمان شێوە عەلامەی سەردەمی خۆی بووە، لەجێگەی باوکی دانیشتووەو بووە بەئیمامو مودەرریسی مزگەوتی شێخ ئەبوبەکر (کە ئێستا ناوەکەی بووە بەمزگەوتی شێخ باباعەلی). ساڵی 1942 خوالێخۆشبوو چووەتە قوتابخانەی خالیدیەی سەرەتاییو پاش ماوەیەک خوێندن لەو قوتابخانەیە بەفەرمانی باوکی لەقوتابخانە دەرچووە بۆ ئەوەی خوێندنی ئاینی بخوێنێت لەمزگەوتەکانداو ساڵی 1947 بەبڕیارێکی مەجلیسی ئەو سەردەمە توانیوێتی بچێتە تاقیکردنەوەی پۆلی حەوتەمو لەو تاقیکردنەوەیەدا دەربچێتو دواتر بڕوانامەی دبلۆمو دواتریش بڕوانامەی دبلۆمی باڵا بەدەست بهێنێت.
دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دبلۆم گەڕاوەتەوە بۆ گوندی تەکیەو لەوێ لای مامۆستای خوالێخۆشبوو شێخ محەمەدی شێخ عەبدوڵڵای شێخ ئەحمەد کتێبی (سویگی) خوێندووەو هەر لەوێ بووە بە(مستعید). پاشتر گەڕاوەتەوە بۆ خزمەتی حاجی شێخ نوری باوکی بۆ سلێمانی، دواتر چووەتە خزمەتی خاڵی، شێخ مستەفای شێخ نەجیبی قەرەداغ، لەشارۆچکەی قەرەداغو لەوێ لەخزمەتی ئەودا خوێندوویەتیو دواتر چووەتە گوندی مەسۆییو لەخزمەتی مامۆستا مەلا حسێنی مەسۆییدا درێژەی بەخوێندن داوەو جارێکی تر گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانیو لای سەید غەفوری حاجی مامەندی لەمزگەوتی سەید حەسەن (گەلەنبەوی)و (ئاداب)ی خوێندووە. لەدوای ئەوەش چووەتە مزگەوتی مەلا حەکیم بۆ وەرگرتنی زانستی زیاترو لەوێوە ملی ڕێی گرتووەتەبەر بەرەو بیارەو لەوێشەوە چووەتە گوندی پریس لای مامۆستا مەلا عوسمانی پریس خوێندنی زانستە ئاینییەکانی تەواوکردووەو دواجار گەڕاوەتەوە بۆ خزمەتی باوکی ئیجازەی مەلایەتی لەخزمەتیدا وەرگرتووە، هەروەک چۆن ئیجازەی لەخزمەتی شێخ مستەفای شێخ نەجیبی خاڵیشیدا وەرگرتووە.
دوای کۆچی دوایی حاجی شێخ نوری کرا بەجێنشینی لەهەمان مزگەوتداو بەئیمامو خەتیبو مودەرریس لەمزگەوتەکەیدا دامەزرێنراو هەر لەوێ دەستی کرد بەتەدریس هەتا ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی پێشوو. لەو سەردەمەدا لەگەڵ چەند هاوەڵێکی خۆی گۆڤارێکیان دەرکرد بەناوی دەنگی فەقێ کە سکاڵای فەقێکانی ئەو سەردەمەی تیادا بەیان دەکرا، لەوانەش (حەمەی مەلا کەریمی مودەرریس)و (مەلا عەلی توتەقاجی)و (مەحمودی مەلا عەزیز)و..تاد. چەند جارێک لەشەستەکاندا مامۆستا لەسەر هەڵوێستی سیاسیو نیشتمانیو نەتەوایەتی لەگەڵ گۆرانی شاعیرو مامۆستا حەمە ساڵح دیلانی شاعیر تووشی زیندانیکردن هاتووە. هەتا دواجار دوورخراوەتەوە بۆ شارۆچکەی ئەسکەندەرییە لەباشووری بەغداو لەوێ بووە بەئیمامو خەتیبی مزگەوتی گەورەی ئەو شارەو درێژەی بەکاری خۆی داوە وەک مودەرریسێکی ئاینیو چەندین کەس وانەی ئاینییان لەخزمەتیدا خوێندووە.
ساڵی 1973 جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانیو بۆ ماوەیەکی کەم بوو بەئیمامو خەتیبی مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی. بەڵام هێندەی نەبرد لەساڵی 1974دا جارێکی تر دوورخرایەوە بۆ شاری ڕانیەو لەوێ کرا بەئیمامو خەتیبی مزگەوتی گەورەی ڕانیەو بۆ ماوەی دە ساڵ تیایدا مایەوە کە ئەو ماوەیە ماوەی زێڕینی مامۆستا بوو لەرووی چوستو چالاکیو توانای بەخشینی زۆرترین زانست بەژمارەیەکی زۆری فەقێو مامۆستایانو بەخشینی ئیجازەی مەلایەتی پێیان.
ساڵی 1979 بۆ یەکەمین فەرزی حەجی بەجێهێناو لەمەدینەی منەوەرە لەخزمەتی فەخری عالەمدا بەسیفەتی باوکو کوڕ دەستی نزای بەرزکردەوە تا شەفیع بێت بۆی لەرۆژی حەشردا. هەر لەشاری ڕانیە بوو کە مامۆستای پایەبەرز بووە پێشەنگی خەڵک بۆ سازدانی خۆپیشاندانە مەزنەکەی ساڵی 1982ی ئەو شارە کە دەستپێکی زنجیرەیەک خۆپیشاندانو ڕاپەڕین بوو لەسەر ئاستی کوردستان، بۆیە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕانیە وەک مەرجەعێکی شۆڕشگێڕی دەهاتنەلایو پرسو ڕاوێژیان پێدەکرد.
ساڵی 1983 جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانیو لەمزگەوتە کۆنەکەی خۆیدا (مزگەوتی شێخ باباعەلی) درێژەی بەکاری تەدریسو خوداپەرستی داو ژمارەیەکی زۆر فەقێ لەسەر دەستی فێربوونو زانستەکانیان وەرگرت. دوای ساڵێک بەسەر گەڕانەوەیداو لەساڵی 1984دا کوڕە گەورەکەی مامۆستا کە پێشمەرگەیەکی ئازاو ناسراوی دەڤەری بیتوێن بوو، لەگرتووخانەکانی ڕژێمی بەعسی فاشی لەسێدارەدرا، خەڵکی دەڤەری بیتوێن بەگشتی شاهیدی ئازایەتیو چاونەترسیو لێهاتویی شەهید مەلا شۆڕشی کوڕەگەورەی مامۆستای کۆچکردوون.
لەکاتی ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستاندا مامۆستا هانی خەڵکی دەدا بۆ بەفیڕۆنەدانی کاتو دەرامەتو وازهێنان لەتەقەی خۆشیو لەو کاتەدا دەستەواژەیەکی ئەو هەبوو کە زۆر جێگەی خۆی گرتبوو لەئێزگەو کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا زۆر دووبارەدەکرایەوە، کە دەیفەرموو: "لەبری ئەو بەفیڕۆدانە با بەردێک بخرێتە سەر بەردێک تا گوندەکانی کوردستان زووتر ئاوەدان بکرێنەوە".
دواتر ئەم زاتە لەگەڵ هاوەڵانی کەوتە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانو دوای هەوڵو ماندووبوون دواجار لەکارەکەیاندا سەرکەوتوو بوونو ئەو ڕێکخراوەیان زیندووکردەوە کە هەتا ئێستا لەچالاکیدایە. لەهەمان کاتدا دەستی دایە دروستکردنەوەی مزگەوتی تەکیەی قەرەداغ کە وەک هەموو مزگەوتە دێرینەکانی کوردستان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتبوو، ئەوەش وەک وەفایەک بۆ پیرۆزیی ئەو شوێنەوارەو زیندووکردنەوەیەکی ئەو جێگەی عیلمو زانستە کە خۆیو باووباپیرانی هەر لەوێ دەستیان کردبوو بەوەرگرتنی زانستە ئاینییەکانو لەوێش زانستیان بڵاوکردبووەوەو سەردەمانێک لەهەموو لایەکی کوردستانەوە ئاشقانی فێربوونو زانست ڕوویان تێدەکرد. هەر لەو ماوەیەیدا مامۆستا بێجگە لەکارەکەی خۆی وەک ئیمامو مودەرریسی مزگەوتی شێخ باباعەلی، لەمزگەوتی شێخ نەجیبی قەرەداغیشدا لەشارۆچکەی قەرەداغ کاری وتاربێژیی پێ سپێردرابوو.
ساڵی 1993 بوو بەئیمامو خەتیبی مزگەوتی خانەقای مەولانا خالید هەتا ساڵی 1996و دوای ئەوە بوو بەئیمامو خەتیبو مودەرریسی مزگەوتی گەورەی سلێمانی (مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ)و سەرۆکی لیژنەی زانستی سەر بەوەزارەتی ئەوقافو کاروباری ئاینی، کە هەتا ساڵی 2006 لەو پۆستەدا مایەوە، لەهەمان کاتدا هەڵبژێردرا بەسەرۆکی لیژنەی باڵای یەکێتیی زاانایانی ئاینی کوردستان.
لەکۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا مامۆستا وەک نوێنەری زانایانی ئاینی کوردستان لەدوو کۆنگرەی جیهانی لەتارانی پایتەختی ئێران بەشداریکرد بەناوی (مۆتمر التقریب بین المژاهب).
شایانی باسە لەماوەی مانەوەیدا لەمزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ، ژمارەیەکی زۆر فەقێو مەلا لای مامۆستا وانەیان خوێندووەو زانستە ئاینییەکانیان وەرگرتووە.
مامۆستا دامەزرێنەرو ڕاگرو بەڕێوەبەری (پەیمانگای کوردستان بۆ پێگەیاندنی پێشنوێژو وتاربێژ) بوو کە ئێستا بووە بەکۆلێژ. هەروەک ئەندامی لیژنەی ڕاستکردنەوەی ماددە ئاینییەکانی مەنهەجی خوێندن بوو کە دوو لیژنەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی ئەوقافو کاروباری ئاینی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنرابوونو بەرێوەبەری خولی زانستی بوو کە لەمزگەوتی کانێسکان ئەنجامدراو کۆمەڵێکی زۆر مامۆستای ئاینی لەو خولەدا خوێندیانو کۆمەڵێکیان بڕوانامەیان تیادا بەدەستهێنا.
ساڵی 2004 بۆ جاری دووەم چووەتە حەج ئەو فەرزەی بەجێهێناوەتەوەو ساڵی 2006 خانەنشینکرا.
مامۆستا شێخ کەمالی حاجی شێخ نوری کەسێکی لەراددەبەدەر زاناو بەتوانا بوو لەبوارەکەی خۆیداو لەهەموو زانستە ئەقڵیو نەقڵییەکاندا شارەزایی تەواوو دەستێکی باڵای هەبوو، بەتایبەت لەزمانی عەرەبیدا کە توانایەکی لەراددەبەدەرو بێوێنەی هەبوو و وەک مەرجەعێکی بوارەکە پرسی پێدەکراو پەنای بۆ دەهێنرا. لەهەمان کاتدا کەسێکی زۆر سەربەرز بوو کە لەهەموو ژیانیدا سەری بۆ دوژمنانی نە دین نە وڵات شۆڕنەکردووەو مێژوو شاهیدی ئەو ڕاستییەیە، بێجگە لەوەش کەسێک زۆر سادەو ساکارو بێ تەکەببورو هەواو خۆنەویست بوو و گرتەی ڕێبازی فەخری عالەمو دواکەوتەی پەیامە پیرۆزەکەی بوو. مامۆستا دەستێکی باڵای هەبوو لەنووسینو داڕشتنو ئەدەب بەشێوەیەکی گشتیو شیعر بەتایبەتیو چەندین نووسینی هەیە لەبوارەکانی شەرع، نەسەب، مێژوو، ئەدەب، وتاری دینیو سیاسیو کۆمەڵایەتیو.. تاد، کە بەشێکی ئەو نووسینانەی چاپو بڵاو کراونەتەوەو بەشێکی تریان لەچاپکردندان، لەوانە دیوانێکی شیعر بەناوی (دیوانی گێلە).
ئەم شێخە زاناو خواپەرستە پاش ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشیداو سەفەرکردن بۆ وڵاتی ئوردون بەمەبەستی چارەسەرو دوای گەڕانەوەی لەو سەفەرە کە دواسەفەری بوو لەژیاندا، ڕۆژی 13-01-2009 کاتژمێر شەشو نیوی سەرلەبەیانی بەفەرمانی خودا دڵی گەورەی لەلێدان کەوتو ئەو چرایە کوژایەوەو بەرەو ژینی نەبڕاوەو بێکۆتایی سەفەری کردو مەزارەکەی لەگردی سەیوانە لەنزیک مەزاری باووباپیری خودا بەهەشت بکاتەجێیانو لەوێ کۆیان بکاتەوە.
بەرهەمەکانی شاعیر
چاپکراوەکان :
1 پەراوێز و لەسەر نوسینی سەرچاوەی بێگەرد بۆ ناسینی مەرد.
2 ئەم دیوانەی بەردەستت.
دەستنوسەکان :
1 وتاری ڕۆژانی هەینی.
2 بیرەوەریەکان بەزمانی عەرەبی.
3 کلیلەو دمنە بەشیعر.(وەرگێڕان)
4 چەند نامیلکەیەک لە بوارەکانی شەریعەتی ئیسلامدا.
5ـ چەندین وتاری هەمەچەشنە بە کوردی و عەرەبی.
6 الحب ینتصر علی الجشع والدجل فی النهایە. شانۆنامە بە زمانی عەرەبی.
7 دروس المحبە والوفاو کی لا تتحول السعادە الی الشقاو.
8 الحسین سید الشهداو و امام المجاهدین.
9 خوێندنگەی تەکێی قەرەداغ لە مێژووی کورددا.
10 ژیاننامەی زانایانی کورد.
11 حقیقە الإسلام.(الصوم، الصلاە، الإستقامە، التوبە، الصدقە، الحسد، التربیە، حقیقە الدین)
هەندێک لەوانەی ئیجازەیان لە خزمەت مامۆستا وەرگرتوە:
1ـ مامۆستا مەلا عوسمان صۆفی عەبدوڵڵا.
2 مامۆستا مەلا مەغدید.(ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بوو شەهید کرا.
3 مامۆستا مەلا حەمید مەلا محەمەدامین.
هەندێک لەوانەی لە خزمەت مامۆستا خوێندویانە:
1 مەلا ڕزگار
2 مەلا محسن تاوگۆزی.
3 مەلا محسن حسێن.
4 مەلا تەها مەلا محەمەد.
5 مەلا ڤاهر عەبدولڕەزاق.
6 مەلا عمر نزامی.
7 ئیسماعیل حەسەن عبێد.
8 عەبدولڕەحمان ابوبکر وەجاخی.
9 ماجد الشمری.
10 مەلا حەمە ئەمین ئاشوری.
11 مەلا هاوکاری مەڵکەندی.
12 مەلا هیوا.
13 مەلا شێخ عمر پیسکەندی.
14 مەلا حەسەنی پێنجوێنی.
15 مەلا قادری وڵوبە.
16 مەلا عەبدولقادری پیر مەمکی.
17 مەلا عبدالهادی فەتحوڵڵااللە.
18 مەلا تەهای بەردانگەیی.
19 مەلا عوسمانی حاجی داروی.
20 مەلا شێخ خدری وەرتێ.
21 مەلا عەبدوڵڵا عبدالعزیز هەرتەلی.
22 مەلا هیوا پێنجوێنی.