کاک خەلیلی سەددیقی هونەروەری دەنگخۆشی کورد، کوڕی (حاجی محەمەد سەددیق)، لە ساڵی 1309 (1930) لە شاری #مەهاباد#، لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لە دایک بوو. کاک خەلیل لە کاتێکدا لە خوێندنگەی سەرەتایی لە مەهاباد دەرسی دەخوێند، زۆربەی کات و ساتەکانی وەختی پشوودان و حەسانەوەی لە گوندی (تازەقەڵا)ی نزیک نەغەده، کە موڵکی خۆیان بوو، دەگوزەراند.
کاک خەلیل تازە پێی نابوە تەمەنی شازدە ساڵییەوە کە بارودۆخی سیاسی وڵات بە تەواوی گۆڕا و کۆمار لە مەهاباد پێکهات. دیارە ئەو تەمەنی لەوە کەمتر بوو کە بتوانێ نەخشی زۆر بەرچاو و گرینگ لە کۆمار دا بگێرێ. بەڵام لە دەستەی لاوانی حیزبی دێمۆکراتدا، ئەندامێکی چالاک و خۆێنگەرم بوو. هەر لەو کاتەدا بوو کە یەکێتی سۆڤیەت پەیمانی نیزامی و ئابووری بە ڕێگەی (کۆماری ئازەربایجان)ەوە لە گەڵ مەهاباد بەستبوو و داخوازییەکانی ئەوانی دابین دەکرد. کاک خەلیل یەکێک لەو لاوانە بوو کە دوایی هەڵبژێردرا تا بۆ درێژەدان بە خوێندن بچێت بۆ باکۆ. لە دوایین ڕۆژەکانی بانەمەڕی 1325 (ئاوریلی 1943) لە گەڵ دەستەیەک لە هەواڵانی گەیشتنە باکۆ و لە زانکۆی ئەفسەری (سالیانسکی) کە فەرماندەکەی (مالچانۆڤ) بوو دەستیان بە خۆێندن و ڕاهێنان کرد. بەڵام تەمەنی کورتی کۆمار، ماوەی ئەوەی نەدا کە ئەم خۆێندکارانە زیاتر لە حەوت مانگ بتوانن لە باکۆ بمێننەوە و ناچار بوون بەرەو مەهاباد بگەڕێنەوه.
دیارە بارودۆخ و دەستڕۆیشتوویی بنەماڵەی کاک خەلیل، توانیان ئەو لە مەترسی گیران و دوورخستنەوە بپارێزن، تا بە چەشنێکی ئاسایی درێژە بە ژیان بدات. بەڵام هەر وەک زۆربەی ئاواڵانی، هەموو دەم لە ژێر چاوەدێری پۆلیس و دەزگا جاسووسییەکانی ئێران دابوو. سەردەمی پاش گەڕانەوەی لە باکۆ، دەرفەتی ئەوەی ڕەخساند کە دیسان لەگەڵ ئاواڵان لە دەوری یەک ڕابوێرن و لە ئاوات و بیر و باوەڕ و ئەزموونەکانیان بدوێن. هەنێک لە ئاواڵانی ئەو سەردەمی کاک خەلیل بریتی بوون لە ڕەحمانی قازی، فەتاحی کاویان، هاشمی نانەوازادەگان، عەزیزی نانەوازادەگان، سولەیمانی موعینی، جەلیلی گادانی، هاشمی فیدایی و محەمەدی ماملێ.
لە ساڵی 1331 (1962) ژیانی هاوبەشی کاک خەلیل و فاتمە خانم، هەر ئەو کچە کوردە ڕووسوورەی کە کاک خەلیل لە چەپکە گوڵێک بۆ سیت فاتمە لەگەڵی دەدوێ، دەست پێ دەکات و ئەم ئەوینە پاک و بێگەرده، هەم لەلایەن کاک خەلیلی تا سەر کام لە ژیان نەبردوو تا دوا هەناسەی ژیان و، هەم لە لایەن فاتمە خانمی تێر لەگەڵ هاوسەر ڕانەبردوو تا ئێستا کە پیر و بەساڵا چوویه، هەر بە وەفاداری مایەوە (فاتمە خانمی خێزانی کاک خەلیل، کە لە کاتی نووسینی ئەو وتارەدا زیندووبوو، چەند ساڵ لەوەبەر کۆچی دوایی کردووە چیا).
کاک خەلیلی سەدیقی لە ساڵی 1332 (1953) لە ئیزگەی ڕادیۆ مەهاباد کە تەنیا دەنگی ئەم ڕادیۆیە لە شاری مەهاباد و ئاواییەکانی دەوروبەری دەبیسرا، دامەزرا و تا ساڵی 1342 (1963) بەردەوام بوو. دەستەیەک لە هونەرمەندانی کورد، وەک سەید ڕەحیمی قوڕەیشی، برایمی ئەفخەمی و بیوک خانباغی کاروباری ئەم ڕادیۆیەیان هەڵدەسووڕاند و بەرنامەکانیان ڕێک و پێک دەکرد. کاک خەلیل چەند گۆرانییەکی بە ئۆرکێستێکی ساکار، لە سەر ئەم ڕادیۆیە پێشکەش کرد، وەک: خۆشە گەرمێن، دەمێک ساقی، شیرەکەم لێ دەڕژێ و لانکۆڵێ...
ماوەی دوو ساڵ سەربازیی کاک خەلیل لە شاری #سنە#، لە ساڵەکانی 1333 و 1334 (1954 و 1955) دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆرکێستری ڕادیۆ کوردی سنە کە هەمان ساڵ دامەزرابوو، هاوکاری بکا و دەرگای ئاشنایی لە گەڵ هونەرمەندانی لێهاتووی ئەو مەڵبەنده، وەک بەهائەدین نەورۆزی، عوبەید خالقی، حیکمەت نەبەوی، محەمەد لوتفی، ئەوسەت ئیبراهیمی ڕەنگڕێژ و برایمی زیاپۆش و پاشان لە ساڵەکانی دواتر لەگەڵ هونەرمەندی گەورە مەزهەری خالقی بە ڕوودا بکرێتەوه. ئەم گۆرانیانەی کاک خەلیل لە ڕادیۆ سنە تۆماری کردن بریتین له: بووک مریەم، فاتمه، بەرهەڵبێنە و لانکۆڵی و، دەگوترێ ئەم گۆرانیانەش بوون کە ناوبانگی کاک خەلیلیان گەیاندە دەرەوەی موکریان.
لە کارەکانی تری کاک خەلیل کە زۆربەیان لە مەجلیساندا لەسەر شریت تۆمارکراون، ئەژدەهاک، قەتار، دەمەگری مەگری، ئەو چاوانەی وا خوماری نازن و ئایشیلێ نازەنینێ و هەندێک مقام و بەستەی فۆلکلۆری تر ماون.
کاک خەلیلی سەدیقی لە تەمەنی 39 ساڵیدا لە 4ی ڕێبەندانی 1348 (24 ژانویە 1970)، لە نەخۆشخانەی شێروخورشیدی مەهاباد دڵە پڕ لە ئەوینەکەی لە کوتان کەوت و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی مەهاباد نزیک گڵکۆی سولەیمانی موعینی کە سالێک بەر لە کاک خەلیل شەهید کرابوو و هەروەها لە ئاواڵانی نزیکی ئەویش بوو، بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.