شارۆچکەیەکە لە ئیدارەی #گەرمیان#ی پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان.[1]
#کفری# شارێکی دێرینی کوردستانە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیانەوە، لەم شارەدا نەتەوەی کورد و تورکمان و عەرەب تێیدا دەژین کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن، کفری لە ڕووی ئاو و ھەواوە کەشێکی مامناوەندی ھەیە بەڵام لە وەرزی ھاویندا ھەندێک گەرمە.
$مێژوو$
کفری شارێکی دێرینە و پێگەیەکی گرنگ و پڕبایەخی لە مێژووی گەرمیاندا ھەیە، کفری مەڵبەندێکی دێرینی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بووە بەڵام وەکوو پێویست ئاوڕ لە مێژووەکەی نەدراوەتەوە، کەمترین پەرتووک بە شێوەی تێروتەسەل لەسەر شاری کفری و مێژووەکەی نووسراوەتەوە ئەوەی کە ھەبووە خۆی لە باسی کورت و بابەتە پەیوەستەکانی بە ناوچەکانی ترەوە دەنواند، تاکوو کۆتای سەدەی بیست تەنیا دوو پەرتووک تەرخان کراوە کە باس لە تێکڕای بوارەکانی ژیان دەکات لە شاری کفریدا ئەویش پەرتووکەکانی (ابراھیم خان ثائر من کردستان-مکرم الطالبانی) و (شۆڕشی ئیبراھیم خانی دەلۆ 1920-مستەفا نەریمان). کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژووی دیکە ھە یە کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی نووسراونەتەوە کە گرنگترینیان پەرتووکەکانی (د. کەمال مەزھەر ئەحمەد -گەشتی ڕیچ) کە لە ساڵی 1820 بەشاری کفریدا تێپەڕیووە. (طە باقر) و (فواد سفر) کە دوو مێژوونووسی دیاری عەرەبن سەردانی ناوچەکەیان کردووە و لە سەریان نووسیووە. باسی دانیشتووانی دەوروبەر و ناو شاری کفری و باسی تورکمانەکانی کفری و بەشێک لە ھۆزە کوردییەکانی ناوچەکە کە باس لە سێ ھۆزی سەرەکی لە ھۆزە کوردییەکانی کوردی ناوچەکە وەک (ھۆزی داودە -دەلۆ-زەنگەنە) ھەروەھا کفری (158) گوندی ھەبووە بە گوێرەی قاموس ئیعلامی عوسمانی چاپی ساڵی 1898 لە لاپەڕەی 296 باس لە سەرژمێری کفری دەکات کە 4000 کەس بووە.
$کفری و گەشتیاران$
نیبوری گەشتیار کە ھاتووەتە کوردستان لە ساڵی (1766ز) دا بە شاری کفریدا تێپەری کردووە ناوی (کفری) بە شێوەی (کرفە) ھێناوە.
جیمس بکنغھام لە 12-07-1816 ز بەکفریدا گوزەر بووە بابەتی لەسەر نووسیوە و وێنەیەکیشی بۆ کێشاوە.
کلودیوس ڕیچ لە گەشتەکەیدا بەرەو سلێمانی لە ڕۆژی 26-04-1820 ز دا بۆ کفری ھاتووە و 3 ڕۆژ تێدا ماوەتەوە و زۆر بەوردی ناوچەکەی پشکنیوەو گوتویەتی کە شاری کفری دێرین لە باوەشی بەرزایییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوچەکەدا بووە.
جیمس بیلی لە ساڵی 1834ز وەک گەشتیارانی تر بەم ناوچەیەدا تێپەڕیووە و باسی ناوچەکەی کردووە.
$شوێنەوار$
ئەو شوێنەوارانەی کە تاکوو ئێستا ماون کە لە شێوەی دەست کردن لە چاخ و سەردەمە جیاوازەکاندا درووستکراون وەک ئاسکی کفری و ئاشتۆکان و (تلیشان) و (دوازدە ئیمام) و (سەرقەڵا) و (گردەگۆزینە) و چەندان شوێنی تر لە ناوچەی کفری. لە نزیک شاری کفری ژمارەیەک کەلاوەی شوێنەواری فراوان ھەیە وەک (قەرە ئۆغڵان) کە پاشماوەی خانووەکان لە بەرد و گەچ و نەخش و نیگاری گەچ کاری دەبینرێت و بە دووری (5)کم لە باکووری کفرییەوە گردێکی شوێنەوار ھەیە کە پێی دەگوترێت قەڵای کچان (قز قلعەسی). شارەکە لای خۆرھەڵاتییەوە، لەژێر ئەو زۆرگانەدا کە لەرۆخی چەمەکە بوون (دیوی لای خۆراوایان ھەڵوەریبوو) گردێکی بەرز و تەخت و زۆریان ھەیە، کە شێوەی چوارگۆشەی ھەبوو دیوی ناوەوەیان کوت و مت لەو ڕەنگە ڕەشە دەچوو کە لە (سلوقییە و بابل) دۆزرابوونەوە.
$ناو و واتای شاری کفری$
تاکوو ئێستا بەتەواوی نەزانراوە ناوی شاری کفری لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەو ناوەی بەباڵادا بڕاوە، وشەی کفری لە عەرەبیدا گەلێک مانا دەبەخشێت وەک (کفر کفرا) داپۆشینی شتێک، (کفر کفرانا) دژی ئیمان ھێنان بە خوا، (کفر) ئەرزیکی دوور لە خەڵکە، (الکفر) شەوەزەنگ، (کفر) لادێ. سەبارەت بە ناوی (کفری) ھەندێک بیروبوجون ھە یە:
لە وشەی (کفر)ی عەرەبییەوە ھاتووە کە بە کوردی مانای دار (گەز) دەبەخشێت، چونکە کاتی خۆی ئەم جۆرە دارانە لە ناوچەکەدا زۆر بوون.
کفر بەمانای قیر یان بەردە خەڵوز دێت کە لەدێرزەمانەوە کانزاکانیان لەدەور و پشتی کفریی ئێستادا دۆزراوەتەوە.
و ڕایەک ھەیە کە وشەی کفری لە (قار -قیر -کار)ی سۆمەرییەوە وەرگیراوە، بەتێپەڕ بوونی کات لە سەردەمە جیاوازەکاندا ئاڵوگۆڕ بە سەر ئەو وشەدا ھاتووە.
لە دەقە بزمارییە ئەکەدییەکان و پاشتر بابلییەکان و ئاشورییەکاندا پێی وتراوە (کبرو) لە ئارامییەکاندا بە (کبرا) ھاتووە و لە عبرانییەکاندا بە (کوبیر)یان کوفیر ھاتووە. لە سەردەمی (سوڵتان عەبدولحەمید) حوکمراِنییەتی عوسمانیشدا ناوی کفری گۆڕی بۆ (سەڵاحییە). ڕایەک ھەیە سەبارەت بەناوی کفری کە دەگەڕیتەوە بۆ وشەی (کفر) کە وشەیەکە لە زمانی تۆرانییەدا کە بەرانبەر بە (تەروو) لە زاروەی #سۆران#ی کوردیدا دێت. ئەوا ھەموو ئەو ناوو دەسنیشانکردنە مێژوویانەی لە ھەر سەردەمێکدا بەسەر ناوەکەیدا بڕاوە و تا ئێستاش ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا بۆخۆیان دەلالەت لەو یادەوەریانە دەکەن کەبەسەر شار و ناوچەکەدا ھاتوون وەک ناوە دێرینەکانی (کیماش، لاخیرۆ، کیرۆ، فرجیا).
$ڕەسەنایەتی کورد بوونی شاری کفری$
یەکێک لەو بەڵگە کۆنانەی کە ڕەسەنایەتی کوردبوونی شاری کفری دەسەلمێنێ شێوەی بینا کردنی چوار تاقی سەر گۆڕستانەکەی باوەشاسوارە کە بەشێوەی چوار تاقی پەرستگاکانی ئایینی یارسان/کاکەیی درووستکراون، زۆربەی بینا و خانووەکانی کفری کۆن بەشێوەی کەمەر (کەوانە)ی درووستکراون ئەم جۆرە بیناسازییە لە دێرزەمانەوە لە ناوچە کوردییەکاندا باو بووە.
$جوگرافیا$
کفری شارێکی بچووکە دەکەوێتە لای ڕۆژاوای لووتکەی باوەشاسواروە، درێژبوونەوەی ئەو زنجیرە چیایەیە کە لە #کەرکووک#ەوە دەست پێ دەکات. کفری دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (34 -35) پلەو ھێڵی درێژی (45) پلە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی کەرکووک و 120 کم دوورە لێیەوە، باشوورەکەی جیا دەبێتەوە لە پارێزگای دیالە بەھۆی زنجیرە چیای حەمرین و شارەدێی قەرەتەپە دەکەوێتە ناو سنوورەکەیەوە کە بەکشتوکاڵ دەوڵەمەندە، لە باکوورەوە تاکوو شارەدێی سەنگاو دەڕوات، لە باشوورەوە چیای حەمرینە، لە ڕۆژاواوە شارەدێی قادر کەرەم و ئاوە سپی جیای دەکاتەوە لە شارۆچکەی دووز#خورماتوو#. لە ڕۆژھەڵاتەوە زێی سیروان ڕووبەرەکەی (5275) کم2 کفری کۆن لە شوێنی ئێستایدا نەبووە شوێنی یەکەمی شارەکە (ئاسکی کفری) گردێکی گەورە بوو کە (10-12)م لەسەر ڕووی زەوییەکەوە بەرز بوو؛ و (8)کم لە شوێنی ئیستای کفری دوورە. تاکوو ئێستا ئەو گردە ماوە و وەکوو شوێن و شوێنەوارێکی مێژووی تەماشا دەکرێت، دوای خاپور بوونی کبرو یان کیماش شوێنی دووەمی شارەکە لە قەرە ئۆغڵان بنیات نرا کە کەوتووتە ڕۆژاوای شوێنە کۆنەکەیەوە. بوونی شاری کفری لە شوێنی ئێستایدا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو سەد ساڵێک لەمەوپێش.