ئێوارەی #13-01-2009# پاش (حەفتا و سێ ساڵ) لە بەڕێکردنی تەمەن، دواجار نووسەر و ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆیی (عومەر عەلی ئەمین) دڵی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد، سەیرکردنی بیبلۆگرافیای ژیانی هونەریی ئەم هونەرمەندە، دەوڵەمەندییەکی زۆری پێوە دیارە کە ڕەنگە بەشی هەرە زۆری هونەرمەندانی ئەم نەوەیەی هونەری کوردی لێی بێئاگابن، ئەو لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە کارکردنی هونەریی لە زۆر بواری هونەرییدا کاریکردووە و لە هەموو ئەو بوارانەشدا بە بەراورد بەو قۆناغەی ڕیتمی هونەریی (عومەر عەلی ئەمین) یەکێکە لە پێشەنگەکانی هونەریی ئەم وڵاتە، بەڵام بە داخەوە نێوەندەکەی ئێمە ئەم هونەرمەندە و زۆری تریش، بێ منەتانە بەرێدەکات، لە مردنەکەیدا ئەو تیپ و گرووپە شانۆییانەی کە لافیتەی ڕەشیان بۆ هەڵدەواسی و برووسکەی لاوازییان بۆ پرسەکەی لێدەدا، لە ژیانی ئەودا ئامادەنەبوون گوڵێک بکەن بە یەخەیەوە، ڕەنگە (بنکەی ئەدەبی و هونەریی گەلاوێژ) لە هەموو ئەو تیپە شانۆییانەی #سلێمانی# بە وەفاتر بوو بۆ ئەو شانۆکارە، کە پار ساڵ لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا ڕێزیان لەو نا.
پاش ئەو هەموو ساڵە لە کاری هونەریی ئەم هونەرمەندە، ئەرشیفێکی بەرفراوانی لە نواندن و نووسین و دەرهێنانی لە دوای خۆی جێهێڵاوە، بە جۆرێک کەم شانۆکاری نەوەی ئێمە هەیە ئاگای لەو ئەرشیفە بێت.
لە بواری نواندندا بە دەر لەو کارە شانۆییانەی کە ئۆپەرێت و کاری منداڵان بوون، تەنیا لە کاری شانۆیی لە ساڵی 1970 تا ساڵی 1986 وەک ئەکتەر بە شداری چەندین نمایشی شانۆیی کردووە، کە هەریەک لەو شانۆییانە لە مێژووی شانۆی کوردیدا پێگەی تایبەتییان هەیە، گرنگترینی ئەو کارانەش (گۆڕهەڵکەن-1970) (بازرگانی ڤینسیا-1972) (پژمین-1973) (پەیکەر -1974) (کوپە -1978) (پردی ئارتا -1978) (بەرەو خۆر-1986) ئەمە جگە لە نووسینی زیاتر لە 30 درامای تەلەفزوێنی و 60 بەرهەمی ڕادێویی کە زۆربەیان خۆی کاری نواندن و دەرهێنانی بۆ کردوون.لە بواری شانۆگەری و ئۆپەرێتی منداڵانیشدا بەرهەمێکی زۆری هەیە، چ وەک نووسین چ وەک دەرهێنان و نواندن، لەوانە... (بازنی زێڕ-1973) (مامۆستا شێر-1973) (ئەنۆفێلس-1976) (بێخەمی ناوی بەرمیل-1973) (دارقەیسی-1976) (بوکە بە بارانێ) (کانییەکە سەمای نەکرد) (بولبولە گۆرانیبێژەکە) ....هتد
خاوەنی بیرۆکەی دەرکردنی یەکەمین گۆڤاری هونەریی کوردییە، بەناوی (تیشکی هونەر) کە دواتر لەگەڵ (ئەحمەد دەنگ گەورە و فەتاح کاوە) چەند ژمارەیەکیان لێدەرکردووە.
ئەمە جگە لە بواری شێوەکاری و وێنەکێشاندا بەشداری چەندین پێشانگەی تایبەتیی کردووە، هەرچەندە ئەو لای ئێمە وەک شێوەکار نە ناسراوە، بەڵام بەردەوام ئاگای لە جموجووڵ و مێژووی شێوەکاری کوردی بووە و چەندین وتار و بابەتی لەو بوارەدا نووسیوە، ئەمە جگە لە وێنەکێشانی بەردەوام و بەشداریکردن لە چەندین پێشانگی شێوەکاریدا.
دیارترین خاڵی ژیانی ئەم هونەرمەندە بەردەوام حەزی بە گوێگرتن و کەم قسەکردن بوو، پێچەوانەی بەشێکی زۆری نەوەی خۆی لە کاری هونەرییدا، ئەو زۆر ڕێزی لە ئەزموونی هونەرمەندە لاوەکان دەگرت و بەردەوام لە نمایش و بەرهەمەکانیاندا ئامادە بوو، بۆ بەشێکیان قسە وسەرنجی تایبەتیی خۆی هەبوو، بە تایبەتیش قسە لەسەر (بوون و نەبوونی دەقی شانۆی کوردی، فۆلکلۆر لە دەقی کوردیدا، ئەزمووونگەری لە شانۆی کوردیدا) چەندین بابەت و تەوەری تر، تا دواڕۆژەکانی تەمەنی بەشداری نمایشەکان و کۆڕی ڕەخنەیی و فێستیڤاڵە شانۆییەکانی دەکرد، بە پێی ئەو هەموو ئەزموون و توانا هونەرییەی لە بواری نواندن و دەرهێنان و نووسیندا هتەیبوو، بەڵام ئەو بە بێدەنگی ژیا و بە بێدەنگی کاری هونەریی دەکرد و بە بێدەنگی مرد![1]